رێككه‌وتنی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردنیدا بو

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كاركردن به‌ رێككه‌وتنی سیاسی خۆی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هه‌ڵپه‌سارد، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ كۆتایی وتاری مه‌راسیمی راگه‌یاندنیدا نه‌وشیروان مسته‌فا رایگه‌یاند كه‌ عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردنیدایه‌.

رێككه‌وتنه‌كه‌، له‌و رۆژگاره‌دا به‌ وه‌چه‌رخانێك له‌ مێژوی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرا، كه‌ بناغه‌كه‌ی له‌ ساڵی (2012)وه‌ دانرابو و له‌ ساڵی (2016)دا چوه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌ردو هێزی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌گه‌رچی به‌ قۆناغێكی پڕ له‌ ململانێدا گوزه‌ریان كرد، به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بوه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و یه‌ك ئاراسته‌ی كاری سیاسی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستاندا.

رێككه‌وتنی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كه‌ له‌ یانزه‌ به‌ش و بیست و پێنج مادده‌ پێكهاتبو، له‌ سه‌روبه‌ندی ئیمزاكردنیدا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌شدا ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وته‌وه‌، ده‌نگدانه‌وه‌ له‌سه‌ر دو ئاستدا، یه‌كێكیان كه‌ زۆرینه‌ بون و پێیان وابو كه‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ رزگاركردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و كۆتاییهێنان به‌ به‌شێك له‌ تاریكییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی و بو به‌ چرایه‌ك له‌ تاریكایی قه‌یرانه‌ قوڵه‌ سیاسی و ئابوری و داییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

ئاستی دوه‌می ده‌نگدانه‌وه‌ی ئیمزاكردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌، كه‌مینه‌یه‌ك بون كه‌ به‌هۆی ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌وت پێیان وابو ئیمزاكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دژی خواست و بون و بونی ئه‌وانه‌.

خاڵی به‌هێزی رێككه‌وتنی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینیه‌وه‌ كه‌ به‌ رێككه‌وتنی پێشوه‌ختی نێوان نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لال گه‌ڵاڵه‌ كرابو، پاشان به‌ ئاماده‌بونی هه‌ریه‌ك له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌ ئاماده‌بونی مام جه‌لال له‌ رۆژی (17)ی پێنجی (2016)دا ئیمزا كرابو، چونكه‌ ئه‌و دو كه‌سایه‌تییه‌ به‌ باشی له‌ بایه‌خ و ئه‌ركه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ گه‌یشتبون و وه‌ك پێویستییه‌ك گه‌ڵاڵه‌یان كردبو.

رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر چوار پره‌نسیپی سه‌ره‌كی كردبو، كه‌ بریتی بون له‌ یه‌كخستنی نێوماڵی كورد ، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان، چه‌سپاندنی دیموكراسی و سه‌روه‌ریی یاسا، گرنگیدان به‌ سێكته‌ری خزمه‌تگوزاری و كێشه‌كانی خه‌ڵك.

رێككه‌وتنی سیاسی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ كۆی هه‌ر یانزه‌ به‌ش و (25) مادده‌كه‌یدا ته‌نیا خاڵی دوه‌می مادده‌ی بیست و پێنجه‌می جێبه‌جێكراوه‌ كه‌ ئه‌ڵێ:
” ده‌قی ته‌واوی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ میدیاكاندا بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و رای گشتی لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌”.

21/12/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .