عومەر سەید عەلی: گۆڕان ‌و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌دیلی‌ حكومڕانی ئه‌مڕۆی‌ هه‌رێمن

له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ باڵیۆز و كونسوڵی‌ گشتی‌ ئه‌مەریكا له‌عێراق‌و هه‌رێم رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند: ده‌ركه‌وت یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ دوای‌ (26) ساڵ حكمڕانی‌ شكستیانهێناوه‌ ئه‌مرۆ گۆڕان‌و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌دیلی‌ ئه‌و حكومڕانیه‌ن به‌ڵام جیاواز له‌وه‌ی‌ كه‌ئه‌وان كردویانه‌.

نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ پێنجشه‌مه‌ له‌مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سلێمانی‌، عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێشوازیكرد، له‌ وه‌فدێكی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مەریكا له‌ عێراق كه‌پێكهاتبون له‌ دۆگڵاس سیلیمان بالیۆزی‌ ئه‌مەركیا له‌عێراق ‌و كین گرۆس، كونسوڵی‌ گشتی‌ ئه‌مەریكا له‌ هه‌رێم، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ د.هۆشیار عومه‌ر عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندیه‌ دیپلۆماسییه‌كان ‌و شوناس شێركۆ جودی‌ ئه‌ندامی‌ ژوره‌كه‌ ئاماده‌ی‌ بون به‌وردی‌ گفتوگۆكرا له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ سیاسی هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و هه‌لومه‌رجی‌ سیاسی ئه‌مڕۆی‌ عێراق.

عومەر سەید عەلی، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، رایگه‌یاند: یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ دوای‌ (26) ساڵ حكمڕانی‌ له‌ روی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازییه‌وه‌ شكستیانهێنا، گۆڕان ‌و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌دیلی‌ ئه‌و حكومڕانییه‌ن.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا بۆ قۆناغی‌ ئێستا به‌ڕێوه‌چونی‌ هه‌ڵبژاردن گرنگه‌ به‌مه‌رجێك لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران خاوێن بكرێته‌وه‌ و سیستمی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ هاوشێوه‌ی‌ عێراق له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌چونی‌ پرۆسه‌كه‌ په‌یڕه‌وبكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی وه‌فدی هاوبه‌شی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی كه‌ئێستا له‌ به‌غدادن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دروستبونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ نیشتیمانی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رێکخەری گشتی رایگه‌یاند: ئێمه‌ لاریمان نیه‌ له‌وه‌ی‌ سنور و فرۆكه‌خانه‌كان به‌هاوبه‌شی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقدا به‌ڕێوه‌ ببرێن، به‌ڵام گرنگه‌ كه‌سانی‌ شاره‌زاو لێهاتوی‌ كورد به‌شداربن له‌ پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنه‌كه‌دا.

له‌باره‌ی‌ كێشه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ده‌بێت دۆخی‌ كه‌ركوك ‌و خورماتو ئاسایی بكرێنه‌وه‌ و پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك دابندرێت ‌و ئاواره‌كان بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ ‌و حاڵی‌ خۆیان، پێویستیشه‌ كه‌ركوك له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق بێ به‌ش نه‌كرێت.

له‌باره‌ی‌ بریاری‌ ناردنی‌ موچه‌ی‌ هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌ هه‌رێمه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ پێویستیزانی له‌سه‌ر عێراق موچه‌ی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێم بكات و ده‌بێت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخرێن‌ و بكرێنه‌ هێزیكی‌ نیشتیمانی‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و سیستمه‌ سیاسیه‌ی‌ ئه‌مڕۆ بگۆڕدرێت بۆ سیسیتمی‌ په‌رله‌مانی‌ كه‌ حكومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان به‌رپرسیارو وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بێت، چونكه‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌و دارایی هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌نده‌ڵی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئه‌م سیستمه‌ی‌ ئیستایه‌ كه‌ به‌ته‌واوی‌ شكستی‌ هێناوه‌.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سوپاسی‌ ئه‌مەریكای كرد بۆ پشتیوانی‌ به‌رده‌وامی بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ ساڵی‌ (1991) به‌رده‌ركردنی‌ بریاری‌ (688) له‌ (1998) به‌ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ واشنتن ‌و كۆتایی هێنان به‌شه‌ڕی‌ ناوخۆ و به‌و پشتیوانییه‌ی‌ له‌ (2005)له‌ خواستی‌ كوردی‌ گرت بۆ فیدڕاڵیزم له‌عێراقدا، له‌ (2014) دا بۆ پشتیوانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی‌ داعش به‌گرنگی‌ زانی‌ پشتوانی‌ سیاسی ‌و ئابوری‌ دیپلۆماسی ئه‌مەریكا بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌رده‌وام بێت.

06/01/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .