ناوەڕۆکی کۆبونەوەی وەفدە هاوبەشەکە و سەرۆک کۆمار

وەفدی هاوبەشی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی لەکۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆک کۆمار، جەخت دەکەنەوە کە؛ ئامانجی سەردانەکەیان و کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، وەفدی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، لەگەڵ فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق کۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسیی و ئەمنییەکانی وڵات بە تایبەتیی کێشەی ئێستای نێوان حکومەتی فیدراڵیی و هەرێمی کوردستان و پێویستیی دۆزینەوەی رێگەچارەی سەرکەوتو بۆ کێشەکان لە پێناوی هەنگاونان بۆ قۆناغی ئۆقرەیی و هێمنیی.

لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆک کۆمار رایگەیاندوە؛ دیالۆگی راشکاوانەی پشت بەستو بە دەستور کرۆک و ناوەڕۆکی چارەسەری کێشەکەیە و هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی نییە، دەستخۆشی لە دەستپێشخەریی هاتنی وەفدی میوان بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ لێپرسراواندا کردوە و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەمو دەستپێشخەریی و بەشدارییەک دوپات کردوەتەوە بە مەبەستی رەواندنەوەی گرژییەکانی ئێستا.

ئەندامانی وەفدەکە رونیان کردوەتەوە کە ئامانجی سەردانەکەیان دیدارە لەگەڵ لێپرسراوانی بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکە و رێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی، لەو روەشەوە هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان بەرز نرخاند لە لێک نزیککردنەوەی تێڕوانینی هەردولا.

06/01/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .