بەرەی‌ گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی‌ بۆچی‌؟

ئا: هەڵمەت محەمەد

رۆژی (3/1/2018 ) سەرەتای‌ کاری‌ مەیدانی‌ و هاوبەشی‌ بەرەیەکی‌ نوێ بو لە هەرێمی‌ کوردستان کە وەک بەدیلی‌ دەسەڵاتێکی‌ شکستخواردو وێنا دەکرێت، دەرکەوتنی ئەم بەرەیە سەرەتایەکی گرنگە بۆ گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەیە بۆ هێزە دەسەڵاتدارەکانی (پارتی و یەکێتی) کە چیتر ئێوە بە تەنها ناتوانن بڕیار لە چارەنوسی ئەم گەلە بدەن، لێرەدا پرسیاری ئەوە دەوروژێنین بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حکومەتی بنکە فراوندا کرد؟ بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە حکومەت کشانەوە؟ مەبەست لە دروستکردنی بەرەی گۆڕان کۆمەڵ و هاوپەیمانی چیە؟ دەیانەوێت چی بە حکومەت و هێزە دەسەڵاتدارەکان بڵێن؟ گرنگی ئەم بەرەیە لە ئێستادا چیە؟

چەمکی‌ بەرەی‌ هاوبەش لە زانستی‌ سیاسیدا  پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە و چەندین جۆر و شێوازی لێجیابوەتەوە لە کورترین پێناسەدا بۆ ئەم بەرەیەی ئێستا لە نێوان (گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی دروستبوە دەتوانین بڵێین بریتیە لە (دروستبونی بەرەیەکی هاوبەشی سیاسی سێ هێزی دەرەوەی دەسەڵات، کە لێکنزیکی دیدو تێڕوانینان بۆ شێوازی ئیدارەدانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و دەرکەوتنیان وەک بەدیلی دەسەڵات کۆی کردونەتەوە).

 

کارنامەی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

دوای (270) رۆژ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ (21)ی ئه‌یلولی (2013)، كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە (18/6/2014) پێكهات. بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو چاکسازیی سیاسی و چەسپاندنی سەروەری یاساو باشکردنی دۆخی خراپی ئابوری بەشداری لە كابینه‌ی هه‌شتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ سەلماندنی ئەو راستییە لەگەڵ لایەنەکانی بەشداربوی حکومەت لەسەر ئەم کارنامەیە رێککەوتبو:

  1. كابینه‌ی‌ هەشت خۆی‌ به‌ كابینه‌ی‌ كاراو شه‌فاف و به‌دامه‌زراوه ‌بو ده‌ناسێنێت و كار بۆ چه‌سپاندنی‌ هاوڵاتیبون و ئاشتی‌ و دادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و مافی‌ مرۆڤ ده‌كات.
  2. كابینه‌ی‌ هەشت سه‌روه‌ریی‌ یاساو یه‌كسانی‌ و چاكسازیی‌ راسته‌قینه‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ جێبه‌جێ ده‌كات و بنه‌مای‌ هاوڵاتیبون پێوه‌ری‌ یه‌كه‌مه‌ بۆ دابینكردنی‌ مافه‌كان ‌و دابه‌شكردنی‌ ئه‌ركه‌كان.
  3. كابینه‌ی هەشت به‌ یاساو دامه‌زراوه‌یی كردن، ده‌سه‌ڵاته‌كان و حكومه‌ت و حیزب له‌ یه‌ك جیاده‌كاته‌وه‌و هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شت به‌شدارده‌بن له‌ بڕیاردان و جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كان و به‌رپرسیارێتییه‌كاندا.
  4. لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی‌ حكومه‌ت كارده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ به‌ هاوڵاتییانیان داوه‌، هه‌روه‌ها كاركردنی‌ چه‌ند حیزبێكی‌ جیاواز له‌ حكومدا ده‌كرێته‌ بنه‌مای‌ به‌هێزكردنی‌ دیموكراسی‌.
  5. پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتییانه‌ و جیاوازیی‌ بیربۆچون‌ و ئازادیی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ هه‌رێم ده‌باته‌ ئاستێكی‌ نوێ له‌ مێژودا و ده‌بێت هه‌نگاو بنێین بۆ به‌دیهێنانی‌ خه‌ونی‌ نه‌وه‌ی‌ پێش خۆمان و كوردستانێكی‌ ئارام.
  6. ئه‌م كابینه‌یه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌ پرسی‌ ماده‌ی‌ (140)دا و به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم‌ و په‌رله‌مان‌ و كه‌سانی‌ شاره‌زا، ئه‌نجومه‌نی‌ دانوستان پێكده‌هێنێت.
  7. سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌كاته‌ هۆكاری‌ به‌هێزبون و گه‌شه‌پێدانی‌ ئابوریی‌ هاوڵاتییانی‌ هه‌رێم و كه‌رته‌كانی‌ كشتوكاڵ و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌و گه‌شتوگوزار و بازرگانی‌ و، خزمه‌تگوزاری‌ په‌ره‌پێده‌دات و جیاوازیی‌ گوندو شار كه‌م ده‌كاته‌وه‌.
  8. كابینه‌ی‌ هەشت كارده‌كات بۆ باشتركردنی‌ گوزه‌رانی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان‌و كیمیاباران‌و زیندانییانی‌ سیاسی‌ و رێكخستنه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ نیشته‌جێبون و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبون.
  9. كابینه‌ی‌ هەشت كارده‌كات بۆ باشكردنی‌ ژیان‌و گوزه‌رانی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هه‌رێم و به‌ڕێكاره‌ یاساییه‌كان دادپه‌وه‌رانه‌ چاو به‌ سیسته‌می‌ موچه‌و خانه‌نشینیدا ده‌خشێنێته‌وه‌.
  10. كابینه‌ی هەشت كارده‌كات بۆ به‌ نیشیتمانیكردنی‌ كه‌رتی‌ وزه‌و جێبه‌جێكردنی‌ یاسای‌ نه‌وت و گازی‌ هه‌رێم و دروستكردنی سندوقی كوردستان بۆ داهاته‌كانی‌ نه‌وت.
  11. كابینه‌ی هەشت كارده‌كات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بێكاری‌ و ره‌خساندنی‌ ده‌رفه‌تی‌ كار بۆ گه‌نجان‌و ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان و رێگریی‌ ده‌كات له‌ پاوانكاری‌ بازاڕو كۆمپانیاو پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان.

ئەگەر لە کارنامەی کاری ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم وردبینەوە هەمو ئەو بوارانەی بڕیاربو پەرەی پێبدرێت نەک هەر بەرەوپێش نەچون، بەڵکو سەرجەم سێکتەرەکان پاشەکشەیان کردوەو تەنانەت یەک خاڵیش لەو خاڵانەی حکومەت خستبویە بەرنامەی کاری خۆیەوە نەیتوانی جێبەجێی بکات.

چەند بیانویەکیان هەبو کە گوایە هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و شەپۆلی هاتنی ئاوارەکان بوەتەوە، ئەمەش تەنها هۆکار بو کە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە لە حکومەتی هەرێم نەکشێنەوە، ئەمە سەرباری‌ ئەوەی‌  بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر فشارێکی زۆر توندا بو، وەزیرەکانی بە بڕیارێکی شەخسی‌ و حیزبی‌ دیاریکراو لەحکومەت دەرکران و رێگە لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گیرا بچێتەوە سەر کارەکەی خۆی، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان دانی بەخۆیدا گرت تا شەڕی داعش بە کۆتا هات.

بزوتنەوەی گۆڕان تائەو کاتەی لە حکومەتدا بو، لە هەوڵی چاکسازیی و جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەی کاری حکومەت بوە، جا لەڕێگەی وەزیرەکانیەوە بوبێت لە ئەنجومەنی وەزیران یان لەڕێگای پەرلەمانتارەکانیەوە بوبێت لە پەرلەمانی کوردستان، کاتێکش لە حکومەت دورخرایەوە ئەگەر تاکلایەنە بوبێت یان لەگەڵ بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی دیکە بەتایبەتیش کۆمەڵی ئیسلامی، بەردەوام لەڕێگەی پڕۆژە و پێشنیاز و بەیاننامەوە هانی حکومەتی هەرێمیان داوە بۆ چاکسازیی ئابوری و سیاسی و یاسایی لە پێناو زاڵبون بەسەر قەیرانەکاندا، بەڵام هیچ کات حکومەتی هەرێم ملی بۆ هیچ چاکسازییەک نەداو هەنگاوی بەڕوی چارەسەری پێویستی قەیرانەکاندا هەڵنەگرت و لە بەرنامەی کاری حکومەت لایدا.

ئەمە بەردەوامی هەبو تا بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام تا دوا سات هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی هۆشدارییاندا بە سەرکردایەتی سیاسی هەرێم کە هەرێمی کوردستان نە لەڕوی کاتەوە نە لەڕوی زەمینەسازییەوە ئامادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆ م نییە، لە دوایین هەوڵی پێکەوییاندا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لە رۆژی (20)ی ئەیلولی (2017) بڵاوکردەوەو تێدا هاتوە:

بڕیاردان لە مافی چارەنوس ‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان‌ مافێکی سروشتی‌ گەلی کوردستانە. خەباتی رزگاریخوازانەی زیاتر لە سەد ساڵی رابردوی گەلەکەمان لە هەمو پارچەکانی کوردستان لە پێناوی سەربەخۆیی ‌و مافی چارەنوس بوە. ریفراندۆم یەکێکە لە ئامرازەکانی گەیشتن بەو ئامانجە نەتەوەییە. بەڵام ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم بارودۆخە ئاڵۆزو پڕ لە قەیران ‌و ئایندە نادیارەدا نەک تەنها خزمەتی ئەو ستراتیژە ناکات بەڵکو هەنگاوێکی مەترسیدارە لە سەر ئێستاو ئایندەی گەلەکەمان، چونکە:

یەکەم: ئەگەر ریفراندۆم، وەک ئەوەی بڕیاری لێدراوە، لە کەرکوک ‌و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ئەنجام بدرێت دەبێتە مایەی شەڕو پشێوی ‌و لەدەستدانی ئەو ناوچانە، کە بە هەزاران قوربانیمان لەپێناویان داوە. خۆ ئەگەر ریفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام نەدرێت ئەوا بەدەستی خۆمان دەسبەرداری نزیکەی نیوەی روبەری کوردستانی باشور دەبین!

دوەم: شەڕو روبەڕوبونەوەی نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی عیراق‌و گروپە چەکدارەکان دەبێتە مایەی تێکچونی باری ئاسایش لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان. ئەم هەنگاوە نەک نابێتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵک، بەڵکو ژیانیان سەختترو باری سەرشانیان قورستر دەکا.

سێیەم: درزێکی گەورەی تر دەکەوێتە ناو ریزەکانی گەلەکەمان بەهۆی هەڵوێستی جیاوازی ئێستای خەڵک سەبارەت بە ریفراندۆم. دواتر ساڕێژکردنی ئەو برینە کاتێکی زۆری دەوێت‌و دەرهاویشتەکانی ترسناکن.

لەم سۆنگەیەوەو بۆ دەربازبون لەم بارودۆخە ئاڵۆزو نادیارەی گەلەکەمان تێی کەوتوەو لە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی ئاینی‌و نیشتمانی‌و نەتەوەییەوە، داوا دەکەین پێشوازی لەو دەستپێشخەریەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکرێت.

گوێنەدان بە هەوڵ و داخوازییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و دۆستە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، هەرێمی کوردستانی گەیاند بەم دۆخەی تێی کەوتوە، لەسایەی ئەم حکومەتەدا لەدوای قۆناغی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش شکستی گەورەتر بەرۆکی بە هەرێمی کوردستان گرت، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان نیەتی پاکی خۆی خستەڕو، لە حکومەت نەکشایەوەو داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە ئەم دۆخە نالەبارەی ئەمڕۆ پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتی کاتی نیشتیمانی هەیە و لەم بارەوە پرۆژەیەکی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردو لە بەشێکی پرۆژەکەدا هاتوە؛

پاش روداوەکانی (16) ئۆکتۆبەری (2017)‌و لە دەستدانی کەرکوک‌و بەشی زۆری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان‌و بەهێزبونەوەی حکومەتی فیدراڵ، هەرێمی کوردستان لەقۆنا‌‌غێکی تەواو جیاوازدایە‌و هەستیارو پڕ مەترسییە بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورد. لەم سۆنگەیەوە بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت حکومەتێکی کاتی بەهێز و کارا‌و بچوککراوە بە بەشداری هەمو هێزە کاریگەرییەکان پێکبهێنرێت بەشێوەیەک بتوانێت هەرێمی کوردستان بگوێزێتەوە بۆ کەناری ئارام تا هەڵبژاردنەکانی داهاتوی کوردستان.

تەواوی وردەکاری چۆنیەتی حکومەتەکەو ئەرکی حکومەتە کاتییەکەی تێدا رونکرابوەیەوە، بەڵام دیسان هەوڵ و داواکانی بزوتنەوەی گۆڕان پشتگوێ خرا.

 

دەرکەوتنی بەرەیەکی‌ نوێ لەدەرەوەی دەسەڵات

دوای ئەو شکستە یەک لەدوای یەکانەی بەرۆکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی گرت و دواترین و گەورەترینیشیان شکستی (16)ی ئۆکتبەر بو، دەرگای بۆ بەرەیەکی سیاسی نوێ لە هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەوانیش هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکرسی و دادپەروەری بون.

لە (19/10/2017) کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان راگەیاند، لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتوە “داوا لە هەمو هێز‌و لایەن‌و کەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان دەکەین، کە هەمومان بەیەکەوە بەرنامەیەکی گشتگیر دابڕێژین بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان‌و دروستکردنی حکومەتێکی رزگاری نیشتیمانی بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەردی گشتی بەچاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان. هەروەها پشتیوانی خۆمان بۆ راپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رادەگەیەنین لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی‌ و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان‌و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی فیدڕاڵی لەرێگەی گفتوگۆ.

هاوکات هەمانڕۆژ و لە (19/10/2017) وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رایگەیاند “بارودۆخی ئەم دواییەی كەركوك و ناوچەكانی تری كوردستان شكستی سیاسی و حوكمڕانی دەسەڵاتدارانی كوردستان دەسەلمێنێت، ئەو حوكمڕانییە لای خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەی لەدەستداوە و ئیعتباری مەعنەوی و سیاسی نەماوە”، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەكرد “لەڕوانگەی هاوپەیمانیەوە چارەسەر دروستكردنی حكومەتێكی ئینتیقالیە، كە بتوانێت ئەركی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و چاكردنی بژێوی خەڵك و سازدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بگرێتە ئەستۆ”.

دەکرێت ئەم هەڵوێستانەی هەرسێ لایەنی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بکرێتە سەرەتایەکی گرنگ و وەرچەرخانێک بۆ دروستبونی بەرەیەکی نوێی نیشتیمانی لە دەرەوەی دەسەڵات بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لەسەرو هەمویانەوە پارتی و یەکێتی نەهاتن بە دەم پرۆژەکانی ئەم سێ لایەنەو بەردەوامبون لە نەچونە ژێرباری ئەو شکستە ئابوری و سیاسی یاسایی و سەربازی و جوگرافییەی بەسەر خەڵک و خاکی هەرێمدا هێنایان و بەردەوامبون لە خۆدزینەوە لەو بەرپرسیارییەی لە ئەستۆیان بو، هەر بۆیە مانایەکیان نەهێشتەوە بۆ مانەوەی هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە حکومەتێکی شکستخواردودا، بۆیە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە (20/12/2017)دا کشانەوەی خۆیان لە حکومەت راگەیاندو لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتوە :”دەسەڵاتداران بەهۆی عەقلییەت و شکستی فۆرمی حكومرانیان هەرێمیان توشی قەیرانیکی گەورەی ئابوری و دارایی کرد، دواجار بەهۆی سیاسەتی ناواقیعی و عینادی و هەڵەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم کوردستانیان توشی شکست و هەرەسێکی مێژویی، سیاسی، سەربازی، مەعنەوی، جەماوەری، ئابوری و دارایی کرد، لەدوای‌ روداوەکانی‌ پاش ریفراندۆم، ویستمان دەرفەتێک بدەین تاکو دەسەڵات بەدەم ئەرکی قۆناغەکەوە بێت و حکومەتێکی‌ کاتی‌ دابمەزرێنین بۆ ئەوەی ئیدارەی‌ گفتوگۆیەکی‌ سەرکەوتو لەگەڵ بەغدا بدات و کار بۆ چاککردنی‌ موچە و بژێوی‌ خەڵکی‌ بکات و ئامادەکاریی‌ بۆ هەڵبژاردنێکی‌ پاک و بێگەرد بکات، دوایی‌ پاککردنەوەی‌ لیستی‌ دەنگدەران لەسەدان هەزار دەنگی‌ ساختە، بەڵام پاش چەند مانگێک لە چاوەڕوانی‌، دەئەرنجام بێ ئومێدبوین لە مانەوه لەم حکومەتەدا… بۆیە کشانەوەی‌ بزوتنەوەی گۆران و کۆمەلی ئیسلامی لەکابینەی‌ هەشتەمی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان رادەگەیەنین.

لێرە بەدواوە دروستبونی بەرەی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێینایە قۆناغێکی نوێوە و لەگەڵ سەرەتای هاتنی ساڵی نوێدا وەفدێکی هاوبەشیان پێکهێناو بەرەر بەغداد بەڕێکەوتن، ئەمەش بوە سەرەتای ئاماژەیەکی گرنگ بۆ ‌هێزەکانی ناو حکومەت و دەسەڵات، پەیامی ئەوەی پێدان کە بەرەیەکی دیکە هاتوەتە ئاراوەو چیدی ئێوە بەتەنها نوێنەرایەتی ئەم گەلە ناکەن و رێگە نادرێت لەسەرجەم بوارەکاندا هەموشت هەر خۆتان بن، چیدیکە رێگەتان پێنادرێت بەناوی‌ پرسە نیشتمانییەکانەوە سەرقاڵی‌ چنینەوەی‌ پۆست و ئیمتیازاتی‌ شەخسی‌ و حیزبی‌ بن لە بەغدا، بەڵکو ئامانجی‌ سەرەکی‌ لەپێشینەی‌ ئەم بەرە نوێیە کۆتایی هێنانە بەو فۆڕمەی‌ دانوستان و گفتوگۆکردن لە بەغدا، سەرەتای‌ بونیادنانی‌ پەیوەندی‌ و گفتوگۆیەکی‌ راشکاوانەو شەفافە لەپێناو بەرژوەندییە باڵاکانی‌ خەڵکی‌ کوردستان.

گرنگی و دەرکەوتنی بەرەی دەرەوەی دەسەڵات

سەردانی سێ لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ بەغداد وەک یەکەم مانۆری سیاسی ھاوبەشی خۆیان گرنگی تایبەتی هەیە، چونکە ئەو سەردانە لە کاتێکدا بو نزیکەی چوار مانگە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چەقی بەستوە، ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق تا ئێستا ئامادە نییە پێشوازی لەشاندی حکومەتی ھەرێم بکات. لەڕویەکی دیکەشەوە ئەگەر ئەو سەردانە هیچ شتێكیشی لێ سەوز نەبێت لە بەغدا، دەتوانرێت سەلمێنەری ئەوە بێت لە هەرێمی كوردستان چیتر ئەوەی لەڕابردودا دەگوزەرا چ بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە چ بەناوی دو هێزی دیاریكراوەوە شاند دەنێردرانە بەغدا بونی نەماوە. بۆیە چونی ئەو شاندە ئاماژەیەكە بۆ نەمانی متمانە بەحكومەتی هەرێمی كوردستان و نەمانی متمانەیە بە  رابەرایەتیكردنی یەكێتی و پارتی بۆ پرسی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا.

ئەو بەرەیەی ئێستا دروست بوە ئامانجەکەی هەر ئەوەنیە کە کێشەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند چارەسەربکات، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە گۆڕانکاریی گەورە لە ناو ھەرێمی کوردستاندا دروست ببێت و خودی‌ بەرەکەش ببێتە بەدیلی یەکێتی و پارتی لە داھاتودا.

ئەو قۆناغە كۆتایی هات کە تەنها یەکێتی و پارتی بڕیار لەبارەی هەرشتێکەوە بدەن کە خۆیان دەیانەوێت و قۆناغی هاتنە پێشەوەی هێزی دیكەو لایەنی دیكەیە، ئەوانیش لەڕوانگەی بەرژەوەندییەكانی  خەڵكو خۆیانەوە هەوڵی ئەوەدەدەن كە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەغدا هەبێت، قسەلەسەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بكەن لە دەرەوەی  هەیمەنەی یەكێتی و پارتی، بۆیە ئەم بەرەیە کاردەکەن بۆ؛

1. فشار خستنە سەر دەسەڵات لەپێناو باشكردنی دۆخی خراپی دارایی و خزمەتگوزاریەكانی هاوڵاتیان.

2. فشار خستەنەسەر حكومەت بۆ شەفافكردنی داهات و خەرجییەكان و رێگریكردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی لە ڕێگەی پەرلەمان و شەقامەوە.

3. دروستكردنی فشار بۆ رێگریكردن لە پەكخستنی پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات.

4. گێڕانەوەی شكۆ بۆ حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان.

5. فشار دروستكردن لە ناوخۆو دەرەوە بۆ بەنیشتیمانی كردنی هێزەكانی پێشمەرگەو پەیوەندییەكانی دەرەوە بابەتە نیشتیمانییەكانی دیكە.

6. فشار دروستكردن بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ناوەنددا لەچوارچێوەی دەستورداو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم.

7. لێپرسینەوە لە هەمو ئەو بەرپرسانەی كە تێوەگلاون بە گەندەڵییەوە، لەڕێگەی پەرلەمان و جوڵاندنی كەیسەكانیان لە دواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم.

ئەوەی‌ لەسەروبەندی‌ چونی‌ شاندی‌ هاوبەشی‌ ئەو سێ لایەنەدا بۆ بەغدا بەدیکرا، خۆشحاڵی‌ و هیواو ئومێدێکی‌ گەورە بو لە لایەن زۆرینەی‌ خەڵکی‌ هەرێمی‌ کوردستانەوە، پێیانوابو ئامانجی‌ کۆبونەوەی‌ ئەم سێ لایەنە لە بۆتەی‌ بەرەیەکی‌ هاوبەشدا، پێچەوانەی‌ تەواوی‌ ئەو شاندو وەفدە دانوستکارانەی‌ یەکێتی‌ و پارتییە کە لە رابردودا رەوانەی‌ بەغدادیان کردون. چونکە موچەو قوت و بژێوی‌ هاوڵاتییانی‌ هەرێمی‌ کوردستان و کێشەی‌ ناوچە دابڕێنراوەکان کاری‌ لەپێشینەی‌ ئەم بەرە نوێیەیە لە دەرەوەی‌ بەرژوەندییە شەخسی‌ و حیزبییەکان.

14/01/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .