راگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی راپەڕیندا

بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی (27)ەمین ساڵڕۆژی راپەرینی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا رایدەگەیەنێت، خۆیان بە تەواوکاری هەوڵەکانی شۆڕشگێڕانی راپەڕین لەسەرو هەموشیانەوە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەزانین لە داڕشتنی بناغەکانی دەولەتی هاوڵاتی و دامەزراوەییبون.

لە راگەیەندراوەکەی گۆڕاندا هاتوە: لە یادی راپەڕیندا دیسانەوە دوپاتی دەكەینەوە هەر لەسەر شاڕێی چاكسازی و عەدالەت ‌و گۆڕانخوازی بەردەوام دەبین، رۆحی هەمیشە زیندوی ئەندازیاری راپەڕین ‌و هەمو شۆڕشگێڕە قارەمان ‌و دڵسۆزەكان ‌و كەسوكاری شەهیدان دەكەینە هەوێنی بەردەوامبون لەسەر رێگای بەئاكام گەیاندنی داخوازی‌ و ویست ‌و خەونەكانی راپەڕینی مەزنی گەلەكەمان.

دەقی راگەیەندراوەکە:

لەیادی راپەڕیندا، ئامانجەكانی بەردەوامە
پێش (27) ساڵ، خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان دژ بەستەم ‌و داگیركاری و نادادی و سیاسەتە دیكتاتۆرییەكانی بەعس لە سەرتاسەری كوردستان بەئیرادەیەكی یەكگرتوەوە هاتنە مەیدان ‌و بۆ یەكجاری كۆتاییان بەحكومی داگیركاریی بەعس هێنا لە هەرێمی كوردستان.

شۆڕشگێڕانی راپەڕین لەسەروشیانەوە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، هەر لەیەكەم ساتەوەختی راپەڕین ‌و دوای كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بەعس، سەرقاڵی داڕشتنی بناغەكانی دەوڵەتی هاوڵاتی ‌و دامەزراوەیی بون، هەنگاوی یەكەم هەوڵیاندا كەسە حیزبیەكان بە تەنها وڵات بەڕێوە نەبەن، بەڵكو كەسانی شارەزاو تەكنۆكرات بەشداری پێبكرێت بۆ بەگەڕخستنی دامودەزگاكان ‌و دواتریش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی حكومەتێكی بەرپرس كە لەئاستی داخوازی و چاوەڕوانی خەڵكدا بێت، هەروەك چۆن هەوڵدرا حكومەت و حیزب لەیەك جیابكرێتەوە و سەركردەكان ببنە بەشێك لەدامەزراوەكان، نەك لەدەرەوەی ئەو دەزگایانە خۆیان ‌و مەكتەب سیاسیەكانیان خاوەنی دەسەڵات بن. بەداخەوە ئەم هەنگاوە گرنگانە هەر لەسەرەتاوە شكستیان پێهێنرا ئەمانەش هۆكارێك بون بۆ نەهامەتیەكانی دوای راپەڕین، هەرلەشەڕی ناوخۆی ماڵوێرانكەرەوە تا داڕوخانی ژێرخانی ئابوری ‌و بڵاوبونەوەی گەندەڵی و زاڵبونی مەحسوبیەت ‌و مەنسوبیەت لەكوردستاندا.

ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان خۆمان بە تەواوكاری هەمو ئەو هەوڵە دڵسۆزانە و خەمخۆرانەیە دەزانین ‌و زادەی ئەو خەباتەین لە پێناو دروستكردنی دەوڵەتی هاوڵاتی ‌و خۆشگوزەرانی ‌و دامەزراوەكان. بۆیە لەم یادەدا دیسانەوە دوپاتی دەكەینەوە هەر لەسەر شاڕێی چاكسازی و عەدالەت ‌و گۆڕانخوازی بەردەوام دەبین، رۆحی هەمیشە زیندوی ئەندازیاری راپەڕین ‌و هەمو شۆڕشگێڕە قارەمان ‌و دڵسۆزەكان ‌و كەسوكاری شەهیدان دەكەینە هەوێنی بەردەوامبون لەسەر رێگای بەئاكام گەیاندنی داخوازی‌ و ویست ‌و خەونەكانی راپەڕینی مەزنی گەلەكەمان.

بزوتنەوەی گۆڕان

5/3/2018

06/03/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .