ڕاگه‌یاندراوی‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ په‌خش
بینه‌ران و هاوڵاتیانی به‌رێز؛ 

ده‌زانین ئه‌مڕۆ به‌ ده‌یان و سه‌دان هه‌زار له‌ئێوه‌ی به‌رێز چاوه‌رێی كردنه‌وه‌ی په‌خشی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێنن.

 ئه‌م چاوه‌ڕوانیه‌تان هانیداین قوڵترو گرنگتر بڕوانینه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌رشانمانه‌ و ئه‌مڕۆ مژده‌ی كردنه‌وه‌ی په‌خش و گۆڕانكاریه‌كانتان پێڕاده‌گه‌یه‌نین.

كه‌ی ئێن ئێن وه‌ك چۆن له‌ رابردودا كه‌ناڵی خه‌ڵك بوه‌ و به‌رگری له‌ ماف و داواكاریه‌كانیان كردوه‌ و ده‌نگی راسته‌قینه‌ی هاونیشتیمانیان بوه‌، به‌هه‌مان رۆحیه‌ت و شێوازی كاركردن له‌وه‌رزی نوێدا به‌ده‌وام ده‌بێت و له‌م وه‌رزه‌ نوێیه‌دا هه‌وڵمانداوه‌ به‌ گۆڕانكاریه‌كی  باش له‌ڕووی‌ چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تیه‌وه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ لاتان.

كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن 10 ساڵ له‌مه‌و به‌ر و له‌چوارچێوه‌ی كۆمپانیا وشه‌دا له‌ 2008 دا له‌لایه‌ن ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ دامه‌زرا، كه‌ گۆڕانكارییه‌كی چۆنایه‌تی گه‌وره‌ بوو له‌ ژیانی رۆژنامه‌گه‌ری و سیاسی و كوردیدا، كه‌تا ئه‌مرۆ ئه‌م كه‌ناڵه‌ رۆڵی گه‌وره‌و گرنگی بۆ خه‌ڵكی كوردستان بینیووه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك جارێكی تر ئه‌ركی میدیای به‌ مانا راسته‌قینه‌كه‌ی دارشته‌وه‌ ، كه‌ نزیكبونه‌ له‌ خه‌ڵك و به‌رجه‌سته‌كردنی خه‌م و داواكاریه‌كانیان و نیشادانی دیوی شاراوه‌و راسته‌قینه‌ی شێوازی حكومڕانیه‌ له‌ كوردستاندا. 

له‌ وه‌رزی نوێشدا دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ بینه‌رو هاونیشتیمانیانمان، كه‌ناڵه‌كه‌ مكوڕتر له‌پێشو و به‌ ئه‌ركی میدیایی خۆی هه‌ڵده‌ستێ‌و له‌سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن له‌مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌مێنێته‌وه‌.
له‌كۆتایدا به‌پێویستی ده‌زانین سوپاسی هه‌مو ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌پشتیوان و هاوكارمان بون و داوای لێبوردنیش له‌و كارمه‌ندان ئه‌كه‌ین كه‌ به‌هۆی قه‌یرانێ داراییه‌وه‌، ناچاربوین گرێبه‌ستیان بۆ نوێ‌نه‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ نمونه‌ی راگه‌یه‌ندنكاری دڵسۆزو به‌توانا بون. 

د. ئاكۆ حه‌مه‌كه‌ریم
به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن
 15_3_2018
16/03/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .