KNN به‌وه‌رزێكی نوێوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كانتان بۆ گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان

دوای ڕاوه‌ستانی په‌خشی KNN بۆ ماوه‌ی 45 ڕۆژ، كه‌ناڵی KNN به‌وه‌رزێكی نوێوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كانتان بۆ گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان، كه‌ناڵی KNN وه‌ك به‌شێك له‌ كۆمپانیای وشه‌، له‌ماوه‌ی نزیكه‌ 10 ساڵی ته‌مه‌نی كاركردنیدا، به‌ گه‌واهی بینه‌ران و پسپۆڕانی ڕاگه‌یاندن توانیویه‌تی خزمه‌تی گه‌وره‌ و به‌رچاو به‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكات و سه‌رجه‌م ئه‌و زانیاریانه‌ ڕۆشن بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمدا له‌ ژووره‌ تاریكه‌كاندا به‌ نادیاری مابوونه‌وه‌.

كشانه‌وه‌ی ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی 2006 و وازهێنانی له‌ پۆستی جێگری سكرتێر و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بوه‌ هه‌وێنی بیرۆكه‌ی له‌ دایكبوونی كۆمپانیای وشه‌، كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا داڕێژه‌ر و سه‌رپه‌رشتیاری دامه‌زراندنی كۆمپانیای وشه‌بوو كه‌ ئامانج له‌ دامه‌زراندنی كۆمپانیاكه‌ دروستكردنی دامه‌زراوه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندنی تایبه‌تمه‌ندبوو له‌ هه‌رێم كه‌ هه‌موو بواره‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌ خۆبگرێت له‌وانه‌ ڕۆژنامه‌ و سایتی ئه‌لیكترۆنی و تیڤی و سه‌نته‌ری ڕاپرسی و چاپخانه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ستراتیجی.

دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كۆمپانیای وشه‌ كه‌ به‌هاوكاری سه‌دان كه‌سایه‌تی و كه‌سانی خۆبه‌خش ده‌ستی به‌كاركردن كرد،  هه‌ریه‌ك له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌، كه‌ناڵی ئاسمانی KNN ، سایتی سبه‌ی، ڕادیۆی ده‌نگی گۆڕان و سایتی  KNNC له‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌ك و ڕۆژێكی جیاوازدا ده‌ستیان به‌كاركردن كرد ئه‌وه‌ش به‌ هاوكاری چه‌ندین كه‌سایه‌تی و ڕۆژنامه‌نوس له‌ ناو ئه‌و ده‌زگایانه‌دا ڕۆڵیان بینیوه‌  له‌ سه‌رخستن و له‌به‌ره‌و پێشبردنی ئه‌و ده‌زگایانه‌ و ئێستاش كار بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

به‌ شه‌كانی كۆمپانیای وشه‌
- سایتی سبه‌ی له‌ 21 ئازاری 2007ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ په‌خش كردوه‌ و چه‌ند جارێك سایته‌كه‌ له‌ ڕووی ناوه‌رۆك و دیزاینه‌وه‌ نوێ كراوه‌ته‌وه‌.
- ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌،  له‌ 25ی حوزه‌یرانی 2007 یه‌كه‌م ژماره‌ی ده‌رچوو، هه‌فته‌ی پێنج ژماره‌ی لێده‌رده‌چوو چه‌ندین پاشكۆی هه‌بوو.
- سه‌نته‌ری ڕاپرسی كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌نته‌ری ڕاپرسی له‌ كوردستان له‌ یه‌كی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2007 دامه‌زرا، كاری ئه‌نجامدانی ڕاپرسییه‌ له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عێراق.
- له‌ یه‌كی ئایاری 2009 ڕادیۆی ده‌نگی گۆڕان وه‌كو به‌شێكی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌وه‌ ده‌ستی به‌ په‌خش كرد
- چاپخانه‌ی زه‌رگه‌ته‌ به‌شێكی‌ تری‌  كۆمپانیای وشه‌ بووه‌و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا چه‌ندین كتێب و ڕۆژنامه‌ی به‌ چاپ گه‌یاند.
- ماڵپه‌ڕی‌  KNNC هاوشانی‌ كه‌ناڵی KNN كراوه‌ته‌وه‌و  له‌ وه‌رزی نوێی KNNدا فراوانتر بوه‌وه‌ و بوه‌ته‌ دیجیتاڵ میدیای KNN.
- تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ كوردی‌ (KNN) وه‌ك یه‌كێكیتر له‌ به‌شه‌كانی كۆمپانیای وشه‌، له‌ 20ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی‌ 2008 وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵی‌ هه‌واڵی‌ كوردی‌ ره‌خنه‌گر ده‌ستی‌ به‌په‌خش كردوه‌


به‌ ڕای‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ چاودێران، ئه‌وه‌ی‌ KNN له‌ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نیدا كردویه‌تی‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ داهێنانێكی‌ گه‌وره‌بوو له‌بواری‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‌ كوری‌، كاریگه‌ری‌ ته‌واویشی‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتییان و ئاشناكردنیان به‌ ئه‌رك و مافه‌كانیان.

KNN له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ته‌مه‌نی كاركردنیدا جگه‌ له‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ و زه‌حمه‌تی بوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی جه‌ماوه‌ریبوونی كه‌ناڵه‌كه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتی چه‌ندین جار له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ (یه‌كێتی و پارتی) له‌ ڕووی مادیی و سیاسی ئاسته‌نگ و ڕێگری له‌ كاره‌كانی كراوه‌ و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار نوسینگه‌كانی له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێم په‌لامار بدرێن و دابخرێن و ئازاری ڕۆژنامه‌وانان و كارمه‌ندانی كه‌ناڵه‌كه‌ بدرێت به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی ڕێگری له‌ كاركردن و كاریگه‌رییه‌كانی KNN بكرێت.

كه‌ناڵی‌ KNN وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵی‌ تایبه‌تمه‌ند به‌ هه‌واڵ‌و سیاسه‌ت له‌ میدیای‌ بینراوی‌ كوردیدا، له‌ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی 10 ساڵ ته‌مه‌نیدا  به‌ كه‌ناڵی‌ خه‌م‌و ئازاره‌كانی‌ هاوڵاتییانی‌ كوردستان ده‌ناسرێت.

KNN له‌كاتێكدا ده‌ستی‌ به‌ په‌خش كرد، كه‌ گه‌یشتنی‌ زانیاری‌ و هه‌واڵی‌ دروست له‌ ژووره‌ تاریكه‌كانه‌وه‌ بۆ ناو هاوڵاتییان ئاسته‌م بوو،  به‌ڵام به‌ له‌دایكبونی‌ KNN، په‌رده‌كان لادران، ژووره‌ تاریكه‌كان ڕۆشن كرانه‌وه‌، هاوڵاتیان زیاتر و زیاتر ئاشنابون به‌ مافه‌كانیان له‌ناو بودجه‌دا و له‌م كه‌ناڵه‌وه‌ بینه‌ری‌ ڕووی‌ راسته‌قینه‌ی‌ سیاسیه‌كان‌و كێشه‌كانی هه‌رێم بوون.

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌گه‌رچی‌ له‌دایكبوونی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ مێوژویه‌كی‌ دوورتری‌ هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ی‌ KNN ده‌ستی‌ به‌ په‌خش كرد، كه‌ناڵێكی‌ ئاسمانیی‌ بینراو نه‌بو تایبه‌ت به‌ هه‌واڵ و سیاسه‌ت، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ وایكرد له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان پێشوازی‌ له‌م كه‌ناڵه‌ بكه‌ن.

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانیدا بۆ زیاتر پێشخستنی كاره‌كانی و گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان به‌ شێوازێكی باشترو نوێتر كه‌ناڵی KNN له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا چه‌ندین جار خۆی نوێكردوه‌ته‌وه‌ و به‌وه‌رزێكی نوێوه‌ و به‌ شێوازێكی باشتر هاتوه‌ته‌وه‌ به‌رده‌م بینه‌رانی و له‌ ئێستاشدا دوای مانگ و نیوێك له‌ ڕاگرتنی په‌خشی خۆی جارێكی تر له‌وه‌رزێكی نوێدا و به‌ شێوازێكی باشتر له‌جاران KNN ده‌ستی به‌كاركردن كردوه‌ته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی هه‌واڵ و زانیارییه‌ كانیوه‌ خزمه‌تێكی باشتر بكات به‌ هاوڵاتیانی كوردستان.




.

16/03/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .