قادر حاجی عەلی: ئەم دەسەڵاتە شەرمی نەماوە
قادر حاجی عەلی رایدەگەیەنێت؛ ئەوان بەهەمو شێوەیەک پشتیوانی لە داوا رەواکانی خۆپیشاندەران و سەرجەم چین و توێژەکان دەکەن، دەشڵێت: هەمو کۆمەڵگەی کوردی برسیکراوە و بەرپرسانیش بانکەکانی دەرەوەیان لەپارە پڕکردوە.

قادر حاجی عەلی هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا لەناو خۆپیشاندەرانی سلێمانییەوە رایگەیاند؛ ئەو برسیکردنەی دەسەڵاتداران لەبەرامبەر خەڵکدا بەکاری هێناوە تائێستا تەحەمولکراوە، بەڵام چیتر ئەوە تەحەمول ناکرێت.

وتیشی: ئەوان نەک تەنها پشتیوانی داواکاری رەوایی مامۆستایان و فەرمانبەران و تەندروستکارانن، بەڵکو پشتیوانی لە هەمو داوا رەواکانی سەرجەم چین و توێژەکان دەکەن.

رونیکردەوە، ئازادی بەهۆی کەلتوری سلێمانییەوە زیاترە لەم سنورە نەک لەبەر خاتری حیزبەکان، جگە لەوەش پارتی هەولێری کردبو بە سەربازگە و رێگەی خەڵکیان نەدا، بەڵام کاتێک ئەو شارە جوڵا و هاوڵاتیانی هاتنە سەر شەقام، وەکو دوێنێ و ئەمڕۆ دەبێت و هیوادارم سەرکەوتوبن.

هەروەها پەیامێکی بۆ هێزە ئەمنییەکانیش نارد و وتی: ئەو خەڵکەی لەسەر شەقامەکانە تەنها بۆ مافی خۆیان نەهاتون، بەڵکو بۆ باشکردنی ژیانی ئەوانیش هاتون و دەبێت هێزە ئەمنییەکان پشتیوانی هاوڵاتیان بن و ئازاریان نەدەن و گوڵبارانیان بکەن.

سەبارەت بەهێرشکردنە سەر ئەو مامۆستایەی هەولێریش، وتی: ئەوکارە شکاندنی شکۆی هەمو کورد بو و بۆیە لێیان قبوڵ ناکرێت و دەبێت لەمەودوا دروشمەکان بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە وازبهێنێت و بڕوا هەروەها هاوڵاتیان بەردەوامبن لەو ناڕەزایەتییە مەدەنییانە، تاوەکو دەسەڵاتداران مل دەدەن و وەک بزوتنەوەی گۆڕانیش بەردەوام دەبن لە پشتیوانی خەڵک و لەرێزی پێشەوە دەبن بۆ داواکردنی مافی هاوڵاتیان.



.

26/03/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .