سکرتێرى جڤاتى نيشتيمانى: ئەم دەسەڵاتە کۆتایى هاتوە
سکرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ دوپاتی‌ دەکاتەوە کە بزوتنەوەی‌ گۆڕان تەنها پشتگیری‌ خۆپیشاندانەکان ناکات، بەڵکو بەشدارە لە خۆپیشاندانەکان و داواش دەکات خەڵک لە هەولێر و دهۆک و سەرجەم ناوچەکان بەشداری‌ خۆپیشاندانەکان بکەن و بێ ترس و دڵەڕاوکێ داکۆکی‌ لە مافەکانیان بکەن و دەڵێت: "ئەم دەسەڵاتە لەرزۆک بوە و نەماوە".

رۆژی سێشەممە جەمال حاجی‌ محەمەد سکرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە ناو خۆپیشاندەرانەوە رایگەیاند؛ ئێمە وەک بزوتنەوەی‌ گۆڕان نەک هەر پشتیوانین، بەڵکو بەشدارین لە خۆپیشاندانەکان و لێرەوە دەتوانین داوای‌ مافی‌ خۆمان بکەین کە ئەمانە هەموی‌ داواکاری‌ و مافی‌ سەرەتایین، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە دەست بەسەر مافەکانیاندا گیراوە.

لەبارەی‌ خۆپیشاندان و شکاندنی‌ بەربەست و رێگرییەکان لەلایەن مامۆستایان و چین و توێژەکان لە شاری‌ هەولێر کە سێ رۆژە بەردەوامی‌ هەیە، سکرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ وتی‌: "دەستخۆشییان لێدەکەم و کە ئەو بەربەستانەیان شکاند، داوا دەکەم بەردەوام بن و نەترسن، چونکە ئەم دەسەڵاتە لەرزۆک بوە و نەماوە و تەنها بۆ دزی‌ ماوە".

هەروەک ستایشی‌ بەشداریی‌ فراوانی‌ ژنانی‌ کرد لە خۆپیشاندانەکاندا و وتی‌: "خۆشحاڵم بەو بەشدارییەی‌ ژنان و خانمان لە خۆپیشاندان و دەربڕینی‌ ناڕەزایەتییەکانیان، چونکە ئەوان لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە ستەمیان لێکراوە، بۆیە داواشیان لێدەکەم بەردەوام بن".

جەمال حاجی‌ محەمەد، داواشی‌ لە هێزە ئەمنیەکان کرد خۆپیشاندەران بپارێزن نەک ببنە هۆی‌ مەترسی‌ و ئازاردانیان و وتی‌:"ئەم خۆپیشاندەرانە کەسوکاری‌ خۆتانن و لەپێناو ئێوەشدا لەسەر شەقامن، داوا لە پێشمەرگە دێرینەکانیش دەکەم پشتیوانی‌ خەڵک بکەن، چونکە ئێمە کاتی‌ خۆی لە پێناو گەلی‌ کورد و خەڵکی‌ خۆماندا کە ستەمیان لێکرابو چەکمان کردە شان و چوینە شاخ، ئێستاش دەبێت بە هەمان گوڕو تینەوە بە شێوازی‌ مەدەنی‌ بەرگری‌ لەم خەڵکە و داواکارییەکانیان بکەین و پاڵپشتیان بین".

رەخنەی‌ توندیشی‌ لە رەفتاری‌ دژ بە مامۆستایانی‌ هەولێر گرت و وتی‌:"مژدە بە مامۆستا و خەڵک دەدەم ئەو شەقەی‌ لە مامۆستایانیان دا لە ئاغاکانیان دەدرێتەوە".
29/03/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .