محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم: مامۆستایان خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و توندوتیژی به‌رن
محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم، ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ڕایگه‌یاند، خۆپیشانده‌ران داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێت به‌ره‌وتوندوتیژی به‌رن.

محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی قسه‌كانی نه‌وزاد هادی، پارێزگاری هه‌ولێر كه‌ وتبوی گۆڕان و كۆمه‌ڵ له‌پشتی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ن وتی "ئه‌وانه‌ هه‌مووی تۆمه‌تن هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌ بڵێن ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ سه‌ر به‌گۆڕان یاخود كۆمه‌ڵی ئیسلامین، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ بژێوییان خراپ بووه‌ و موچه‌ وه‌رناگرن دۆخیان خراپه‌ هاتوون به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن."

هه‌روه‌ها وتیشی، مامۆستایان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی خۆیان لیژنه‌یان دروستكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌مه‌ده‌نیانه‌ به‌ڕێوه‌بچن، هه‌تا ئێستاش توندوتیژی له‌ سلێمانی و شوێنه‌كانی تر نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و له‌ بادینانیش له‌یه‌ك دوو شوێن توندوتیژی هه‌بووه‌.

له‌باره‌ی به‌شداری گۆڕان و كۆمه‌ڵ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا وتی، ڕه‌نگه‌ ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی داوای ماف و موچه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن له‌(٢٠% یا ٣٠%)ی سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بن، ئه‌وانی تر سه‌ر به‌هه‌موو حیزبه‌كانی ترن به‌حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موویان ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ به‌هۆی پێنه‌دانی موچه‌وه‌.

محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، پێشتر چاره‌سه‌ر له‌ ئارادابوو ده‌كرا له‌گه‌ڵ عیراق لێكتێگه‌یشتن بكرێت و كێشه‌ی موچه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت خه‌ڵك پێشتر بێ ئومێد بوو، به‌ڵام پاش هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌كی زۆر له‌به‌غدا‌وه‌  فشاری ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر به‌غداد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم و ناردنی بودجه‌ بۆ هه‌رێم به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌چووه‌ به‌ده‌م ئه‌و هه‌وڵه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو پێویست چاره‌سه‌ر بكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ خه‌ڵك زیاتر بێ ئومێد بووه‌.

له‌ كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وتی، ئیشه‌لا داواكاری خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌بێت خه‌ڵك ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ده‌وامی خۆی و هیوادارین حكومه‌ت هه‌نگاوی زۆر جدی بنێت.
29/03/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .