بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان؛ كۆڵه‌كه‌ی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نییه‌
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ نێوان خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌‌و لۆژیكی‌ هێزدا یه‌كه‌میانی‌ هه‌ڵبژاردو‌وه‌
یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌ به‌كارهێنانی‌ هێز‌و توندوتیژی‌ وه‌ڵامی‌ داواكاری‌ خه‌ڵك ده‌ده‌نه‌وه‌
نه‌وشیروان مسته‌فا: حزبه‌كانی‌ كوردستان له‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیدا مۆدێلی‌ به‌عسیان دووباره‌ كرده‌وه‌
نه‌وشیروان مسته‌فا: گۆڕانكاری‌ راسته‌قینه‌ به‌بێ‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ شارستانی‌ نابێت

له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، دووبه‌ره‌ هه‌ن، به‌ره‌یه‌كیان كه‌ بڕوای‌ به‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ هه‌یه‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ‌و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ره‌یه‌كی‌ دیكه‌ هه‌یه‌، كه‌ بڕوای‌ به‌ توندوتیژی‌‌و به‌كارهێنانی‌ هێز هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران‌و داخوازی‌ هاوڵاتیان، ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌لایه‌ن پارتی‌‌و هاوئاوازه‌كانییه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرێت.

كاتێك له‌ ساڵی‌ 2009دا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ دایكبوو، له‌گه‌ڵیشیدا مه‌شغه‌ڵی‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ سته‌م‌و ناعه‌داله‌تی‌ هه‌ڵكرد، به‌ده‌ستهێنانی‌ مافی‌ به‌ رێگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ كرده‌ سیاسه‌تی‌ ئیشكردنی‌، ئه‌و كاته‌ی‌ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، رێباز‌و رێگاكانی‌ خه‌باتی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ رۆشن ده‌كاته‌وه‌، گۆڕانكاری‌ راسته‌قینه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ سه‌رپێخستنی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌.

ساڵی‌ 2011، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوباتدا، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نه‌ك پشتیوانی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ كرد، به‌ڵكو بووه‌ داینه‌مۆی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیش، به‌رده‌وامیش پێداگری‌ له‌سه‌ر به‌هێمنی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیش په‌نای‌ بۆ زه‌برو زه‌نگ برد، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نه‌چووه‌ ژێر باری‌ یارییه‌كه‌یانه‌وه‌‌و په‌نای‌ بۆ توندوتیژی‌ نه‌برد.

هه‌ر هه‌مان ساڵ كاتێك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ حیزبیه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كرد، هێزی‌ به‌رامبه‌ر جوڵێنرا، به‌ڵام وه‌ڵامی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ تۆخكردنه‌وه‌ی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌‌و په‌رله‌مانی‌ بوو، كاتێك داخوازی‌ خۆپیشانده‌ران‌و پرسی‌ به‌كارهێنانی‌ هێزی‌ له‌ ململانێ‌ سیاسیه‌كاندا برده‌ په‌رله‌مان.

له‌ به‌رامبه‌ر خواستی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا، ته‌وژمێكی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیدا به‌رجه‌سته‌ بووه‌، ئه‌و هێزه‌ بڕوای‌ ته‌واویان به‌ توندوتیژی‌ هه‌یه‌، وه‌ڵامی‌ هه‌موو جوڵه‌یه‌كی‌ شه‌قام له‌ رێگه‌ی‌ هێزه‌ جۆراوجۆره‌كانیانه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، له‌ نمونه‌ی‌ هێزه‌ ره‌شه‌كه‌‌و هێزه‌كانی‌ سوات‌و زێره‌ڤانی‌‌و پاسه‌وانی‌ باره‌گا‌و به‌رپرسه‌كانیان‌و هێزی‌ فڵان به‌رپرس‌و فیسار به‌رپرس خستوه‌ته‌ وێزه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران.

 ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فاش، مامه‌ڵه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌گه‌ڵ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیدا به‌ مۆدێلی‌ به‌عس ده‌شوبهێنێت.

ترسی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ وایكرد، ساڵی‌ 2011 یاسایه‌ك به‌ناوی‌ رێكخستنی‌ خۆپیشاندان ده‌ربكه‌ن، كه‌ ئامانجه‌كه‌ی‌ رێگری‌ بوو له‌ خۆپیشاندان، فراكسیۆنی‌ گۆڕان، دژی‌ ئه‌م یاسایه‌ وه‌ستایه‌وه‌‌و به‌هۆی‌ فشاره‌كانه‌وه‌ ساڵی‌ 2014 ئه‌و ماده‌یه‌ی‌ تایبه‌ت بوو به‌ مۆڵه‌ت هه‌مواركرایه‌وه‌.

به‌درێژای‌ 9 ساڵی‌ رابرد‌وو، ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بو‌وبێت بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماده‌یی‌ هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر خوێندكار یان كاسبكار یاخود مامۆستا‌و كرێكار یان رۆژنامه‌نوس‌و یان هه‌ر چینێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕی‌ بێت بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ته‌نیشتیه‌وه‌ بووه‌.

زیاتر له‌ 3 ساڵیشه‌ كه‌ سته‌می‌ پاشه‌كه‌وت به‌سه‌ر موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا سه‌پێنراوه‌، له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌راندا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی‌ میدیایی‌‌و فراكسیۆنه‌كانی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ عێراق‌و كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌و كادیر‌و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی‌ تا ده‌گاته‌ رێكخه‌ره‌كه‌ی‌ له‌ ناو خۆپیشانده‌راندا بوون.

 له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ هه‌ن، كه‌ دیسان له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌‌و چاوسوركردنه‌وه‌‌و نان بڕین‌و سزادانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران بێده‌نگ بكه‌.





.
03/04/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .