گۆڕان لە پەرلەمان چی کرد؟
ساڵی (2013) کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی گرتە دەست، ئامانج لێی ئەوەبو کە دەسەڵات لە خەڵكەوە بێت و بۆ خەڵك بێت، لەو ماوەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان لەرێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەروەها فراکسیۆنەکەشی، چەندین پرۆژە و بڕیاری گرنگیان دەرکردوە و دەستیان بۆ چەندین دۆسییەی "هەستیار" برد لەبەرژەوەندی گشتی و لە پێناو خەڵکدا، کە دواتر ئاستەنگ و رێگری بۆ کارەکانی دروستکراو دواجار پارتی دیموکراتی کوردستان بێگوێدانە هیچ بەهایەک لەرێگەی کودەتایەکەوە پەرلەمانی پەکخست و فرسەتی هێنا لەوەی بەهاوکاری هاوئاوازەکانی دەستکاری موچە و قوتی خەڵک بکەن و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بگەیەننە خراپترین ئاست.

دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی كاری پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان، قۆناغێك پڕ لە جموجوڵ و كێشمەكێش بو لەنێوان دو ئاڕاستەی جیاوازدا، ئاڕاستەیەك كە دەیەوێت پەرلەمان ئەو رۆڵەی خۆی ببینێت كە لە بنەڕەتەوە بۆی دامەزراوە، ئاڕاستەیەكی تر كە دەیەوێت درێژە بە دۆخی خولەكانی پێشتر بدات.

ئەو قۆناغە نوێیەی کە د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكایەتی كرد، نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگی خایاند، ئەوەش دواى ئەوەى پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر بە “کودەتا” پرسیارێكی گەورەی لەسەر مێژوی خۆی دروستكردەوە و شەرعیترین دامەزراوەی هەرێمی كوردستانی پەكخست.

پەکخستنى پەرلەمانى کوردستان وەک تاکە دامەزراوەى شەرعى و نوێنەرى خەڵکى کوردستان، بەرئەنجامی دەستبردن بو بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، یاسایەك كە لە بنەڕەتەوە هەر دەبو پەرلەمان بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات، ئەو لە تاقیكردنەوەكەدا سەركەوتو بو، جگە لە داخستنی دەرگای پەرلەمان هیچ رێگایەتی تری لەبەردەم نەیارە سیاسییەكانیدا نەهێشتەوە.

لەماوەی ساڵێك و نزیكەی حەوت مانگدا كە د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانى دەكرد، جگە لەوەى پەرلەمان نەچوە ژێر رکێفى بەرژەوەندیە حیزبی و کەسییەکان، ژمارەیەك یاسای گرنگ دەركران كە دواتر رۆڵی گرنگیان دەبێت لە گۆڕینی ژیانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا، گرنگترین ئەو یاسایانەی كە تەنیا لە ساڵی یەكەم دەستبەكاربونی ئەم سەرۆكەدا پەسەندكراون بریتین لەم یاسایانە:

*یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی
(ئەم یاسایە هەرێمی كوردستانی كرد بە خاوەنی كۆمسیۆنێكی خۆی و وایكرد چیتر هەرێم پێویستی بە كۆمسیۆنەكەی بەغدا نەبێت)

*یاسای پێدانی بودجەی حیزبەكان
لەرێگەی ئەم یاسایەوە بەپێی رێژەی كورسی و دەنگی حیزبە سیاسییەكان بودجەیەكی دیاریكراو بۆ هەر پارتێك دیاریكرا.

*یاسای خۆپیشاندان
لەماوەی سەرۆكایەتی یوسف محەمەددا پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بۆ زامنكردنی مافی خۆپیشاندان پەسەندكرد، ئەم یاسایە دڵخوازی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبو، بۆیە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم ڤیتۆی كرد و رێگەی نەدا یاساكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەماوەی حەوت مانگی ساڵی (2015)دا واتە بەر لە پەكخستنی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە، پەرلەمانی كوردستان چەند یاسایەكی گرنگی پەسەند كرد، لەوانە:

* یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان
ئەم یاسایەكی گرنگ بو بۆ پاراستنی داهاتی گشتی لە دزی و گەندەڵی و شەفافیكردنی لەبەردەم دامەزراوەی چاودێریكردندا كە پەرلەمانە.

* یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان
ئەمەش یەكێكی تر بو لەو یاسایانەی كە لە هەمان ساڵدا پەرلەمانی كوردستان پەسەندی كرد، یەكەمجار بو لە هەرێمی كوردستان بە یاسایەك زامنی مافی پێكهاتەكان بكات لە هەرێمی كوردستان.

جگە لە یاساكان، لەماوەی سەرۆكایەتی یوسف محەمەد-دا، پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك بڕیاری مێژویی دەركرد كە گرنگترینیان بریتین لە:
– بڕیاری ناونانی پارێزگای هەڵەبجە وەكو پایتەختی ئاشتی
- پەسەندکردنی یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە دانیشتنێکی تایبەتدا کە لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە بەڕێوەچو
– بڕیاری پاڵپشتیكردنی گەلی رۆژئاوای كوردستان
– رەزامەندی لەسەر بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ.

بە درێژایی ئەو کاتەی کە تیایدا بزوتنەوەی گۆڕان ئەرکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی لەدەستدابو، کڕۆک و ئامانجی بزوتنەوەکە سیستمی پەرلەمانیی تەندروست و پەرلەمانێکی چالاک بو.

بە پێچەوانەشەوە، پەرلەمانێکی لاواز و پاشکۆ و ناکاریگەر، دیاردەیەکی ترسناک دەبو بۆ ژیانی سیاسیی و نوێنەرایەتی کردنی خەڵك و پێگەی خەڵك لەناو کایەی سیاسیدا، هەر بۆیە پەرلەمانێکی پاشکۆ و بێ کاریگەری هیچ کاتێک بژاردەی بزوتنەوەی گۆڕان نەبوە.

لەسەر دۆسییەی بودجە و داهاتی وڵاتیش، عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند: یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کارکردنی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و کارکردن بو بۆ شەفافییەت لە دارایی گشتی.

ئەو دەڵێت: لەسەرەتای پێکهێنانی کابینەی حکومەتەوە، سەرۆکایەتی حکومەت ئامادە نەبو بودجە بنێرنە پەرلەمان، بەڵام فراکسیۆنی گۆڕان بە دەیان پرسیاری ئاڕاستەی حکومەت کرد، بەڵام نە وەڵامیان دایەوە، نە ئامادەشبون بێنە پەرلەمان، چونکە بڕوایان بە خەباتی پەرلەمانی نەبو.

100 دۆسییە براوەتە دادگا

عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوە دەکات، وەکو فراکسیۆنی گۆڕان (100) دۆسییەیان ئاڕاستەی دادگا کردوە کە پەیوەندی بە لوتکەی دەسەڵاتەوە هەیە و لەسەر دیارنەمانی پارەی نەوت و ئەو گەندەڵییانەی لەو بوارەدا هەیە.

وتیشی: فراکسیۆنی گۆڕان ژمارەیەک پڕۆژەی ئامادەکردبو بۆ ئەوەی کەرتی نەوت بە دامەزراوەیی بکرێت وەکو دۆزینەوەی نەوت و فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوت، ئەوەی توانیان بیکەن دروستکردنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان بو، بەڵام لەوەشدا حکومەت رێگری کرد و ئامادە نەبو یاساکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرباری ئەوە بە سەدان بەدواداچون کراوە بۆ داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و چۆنیەتی خەرجکردنیان، بەڵام حکومەت بۆ شاردنەوەی ئەو داهاتانە و گەندەڵیکردن تێیدا کە زانی هەوڵی جدی هەیە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ئەو بابەت و دۆسییەیانە، ئامادەنەبو هیچ ساڵێک بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات.

حکومەت باوەڕی بە خەباتی پەرلەمانی نەبو

لەم خولەی پەرلەماندا فراکسیۆنی گۆڕان چەندین جار بانگهێشتی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانیان کردبو بە مەبەستی لێپرسینەوە، بەڵام ئەوان ئامادە نەبون بێنە پەرلەمان، وەک عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: ئەوان بڕوایایان بە خەباتی پەرلەمانی نەبو.

كاتێك گۆڕان به‌شداری حکومەتی كرد، سه‌رباری‌ شه‌ڕی‌ داعش موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران له‌كاتی‌ خۆیدا دابه‌شده‌كرا

به‌ر له‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌شداری‌ كابینه‌ی‌ هه‌شت بكات، حكومه‌ت دو موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران قه‌رزار بو، كاتێك گۆڕان به‌شداری كرد، سه‌رباری‌ شه‌ڕی‌ داعش موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران له‌كاتی‌ خۆیدا دابه‌شده‌كرا و هیچ موچه‌یه‌ك دوانه‌كه‌وت، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بێت كه‌ پارتی‌ رێگری‌ له‌ وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان كرد، چونكه‌ دوای‌ دورخستنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی پاشه‌كه‌وتی‌ زۆره‌ملێی‌ موچه‌ی‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا سه‌پاند كه‌ گۆڕان پێشتر دژایه‌تی‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ ده‌كرد.

لەماوەی ئەو خولەی پەرلەمانیشدا سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنی گۆڕان دەستیبرد بۆ کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگ و هەستیار کە پیشتر دەستبردن بۆیان ئەستەم بو، بەڵام ئامادەنەبون بچنە ژێر باری هیچ فشار و ئیرادەیەکی نایاسایی بۆ بەلاڕێدابردنی کاری پەرلەمانی. هەر بۆیەش پەرلەمان پەکخرا.

لەو ماوەیەدا گۆڕان پەرلەمانی کرد کردە چەقی بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان

هەروەها دوای کودەتاکەی (12)ی ئۆکتۆبەریش، سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی گۆڕان هەوڵی سەرەکییان ئەبو کە کە چۆن پەرلەمان وەک دەزگایەک و وەک قەزیەیەکی هەرە گرنگ لە سیستمی دیموکراتیدا پەراوێزنەخرێت و بێ بەهاو بێ نرخ نەکرێت. لەو پێناوەشدا بەردەوام بون لە کاری پەیوەندی دروستکردن، لە کاری دیپلۆماسی و لە خەباتی دروستکردنی دۆست و تۆڕی بەرفراوان لە پێناو ناساندنی پرسی پەرلەمان و پرسی سیستمی دیمۆکراتی راستەقینە.

لەو ماوەیەدا گۆڕان پەرلەمانی کرد کردە چەقی بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام کە پەکیشخرا ئەو کاتە ئەم ئەو پەکخستنەی کردە پرسێکی هەرێمی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی. بە تایبەتی کە هەمو هەوڵێکدرا دا تا پەرلەمان بکەنە دەزگایەک کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بوون و ئامادەیی هەبێت، بەشێکیش لەو هەوڵە لە دیپلۆماسیی پەرلەمانی و دیپلۆماسیی خەلک دا خۆی دەبینییەوە. دەنگدانەوەی داخستنی پەرلەمانیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەڵگەی راستی کارکردنی بزوتنەوەی گۆڕان بو.

لەکۆتایشدا یەكێك لەو بابەتانەی كە سەرۆکی پەرلەمان و بزوتنەوەكەش شانازی پێوەدەكەن، دەستبردن بو بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی.

05/04/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .