سلێمانی‌؛ هێزێكی‌ ئاسایش په‌لاماری‌ تیمی‌ رۆژنامه‌وانیی‌ (KNN)ی‌ دا
پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌)، له‌میانی‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕینی‌ مامۆستایان له‌دژی‌ نادادپه‌روه‌ری‌ له‌ سیسته‌می‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌، هێزێكی‌ ئاسایش په‌لاماری‌ تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵی‌ (KNN)دا.

بڕیار نامیق په‌یامنێری‌ (KNN) رایگه‌یاند، له‌ كاتژمێر (10:30) خوله‌ك پاش ئه‌وه‌ی‌ مامۆستایان بڕیاریاندا كه‌ كۆتایی‌ به‌ خۆپیشاندانه‌كه‌یان بهێنن له‌ به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی‌ رۆژئاوا، تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ (KNN) كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیان كۆكرده‌وه‌ و بڕیاریاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ باره‌گای‌ كه‌ناڵه‌كه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌دا دو كه‌سی‌ مه‌ده‌نی‌ كه‌ سه‌ر به‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش بون هاتنه‌ ناو ئوتومبیلی‌ تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ و سوكایه‌تییان به‌ ستافی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ كرد و هه‌روه‌ها ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی‌ رۆژنامه‌وانیی‌ وه‌كو كامێرا و ئامێری‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆ.

بڕیار نامیق وتیشی‌: جگه‌ له‌و په‌لاماره‌، ژماره‌یه‌كی‌ مامۆستای‌ به‌شداربوی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ش موبایله‌كانیان لێ سه‌ندراوه‌، تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ (KNN) داوایان له‌ به‌رپرسی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش كردوه‌ كه‌ ئامێره‌كانیان ته‌سلیم بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌و ئامێرانه‌ لای‌ ئه‌وان نیه‌.

ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا نزیكه‌ی‌ (40) ئوتومبیلی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ئاسایش بڵاوه‌یان پێكرابو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێنده‌ی‌ ژماره‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خه‌ڵكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌منییان به‌ جلی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ له‌ناو خۆپیشانده‌راندا بڵاوه‌ پێكردبو.
08/04/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .