عومەر سەید عەلی: دەسەڵات وای دەزانی گۆڕان بۆ پلە و پۆست سەر نەوی دەکات
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دەسەڵاتداران، هەمو دەسەڵاتەکانی هەرێمیان قۆرخکردەوە، دەشڵێت: گۆڕان لەپێناو خەڵکدا چوینە دەسەڵات.

عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە میانی سەردانێکیدا بۆ بادینان و کۆبونەوەی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەو سنورە رایگەیاند؛ هەردو حیزبی دەسەڵاتدار ماوەی چارەکە سەدەیەکە حوکمی هەرێم دەکەن و ئەو دو دەسەڵاتە سەرچاوەی هەمو گەندەڵی و نادادییەکانی هەرێمن.

وتیشی: لە سیاسەتدا یان ئەوەتا دەبێت بۆ بەرژەوەندی کار بکەی یان بۆ بنەما و بیروباوەڕ، بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆیە بەشداری حکومەتی کرد بۆ ئەوەی بیر و باوەڕەکانی جێبەجێ بکات و دید و بۆچونەکانی لە حکومەتدا جێگیر بکات، وە داوای کرد ئەم سیستمە حکومڕانییە کۆتایی بێت و بکرێت بە سیستمی پەرلەمانی، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو بیروباوەڕەکانیدا توشی سزا بو و بەو هۆیەشەوە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی دەرکران.

ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵاتداران زۆریان هەوڵدا گۆڕان بهێننەوە حکومەت و ئێمەش جەختمان کردەوە کە دەبێت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، دواتر وتیان بزوتنەوەی گۆڕان عینادە و نایەتە ژێر باری داواکارییەکانیانەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبو مل بۆ فشارەکان بدات و بچێتە ژێر داواکارییەکانی ئەوانەوەو جەختیکردەوە لەوەی گۆڕان ئامادە نییە سەری خۆی بۆ پلە و پۆست نەوی بکات.

رونیکردەوە، بەشێك لەلایەنەکان لە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم تاوەکو نیوەی رێگەکە لەگەڵمان هاتن.

باسی لەوەشکرد، ریفراندۆم و سەربەخۆیی لای بزوتنەوەی گۆڕان بەشێکە لە خواست و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەکە.

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان داوای لە لایەنگران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد کە بەشداری کارا لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و کار بکەن بە سەرخستنی بزوتنەوەکە.

AddThis Sharing ButtonsShare to Google+ G
08/04/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .