گۆڕان و هەدەپە: بەیەکڕیزیی مافەکانمان بەدەستدەهێنین
بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی گەلان جەخت لەسەر یەکڕیزیی گەلی کورد دەکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و بەپێویستی دەزانن بەزوترین کات کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەنجامبدرێت.

دوابەدوای کۆبونەوەی وەفدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، کە دوانیوەڕۆی رۆژی دوشەممە لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبونەوە و گفتوگۆکانیان خستەڕو.

بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و ئەندامی وەفدەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دوای کۆبونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی سیاسی، ئەمڕۆ سەردانی شاری سلێمانیان کردوە و ئامانجی کۆبونەوەکانیان بۆ یەکگرتنی گەلی کوردە تاپێکەوە بتوانن خەبات و مافی رەوای گەلی کورد بەرەو پێش ببەین.

ئاماژەی بەوەکرد؛ بۆ ئەوەی کورد لەو قۆناغە دەربچێت پێویستی بەتەباییە و بۆ ئەوەش پێویستە کۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجامبدرێت.

نوێنەرەکەی هەدەپە رایگەیاند: بۆ یەکنەبونی گەلی کورد، دوژمنان هێرشی دەکەنە سەر و گەلی کورد لە هێرشی سەر کەرکوک و عەفرین ئەوەی بینی کە چۆن بۆ بەدەستنەهێنانی مافی گەلی کورد هێرش دەکەنە سەری و لەبەرامبەر ئەوانەشدا هەمومان بەرپرسیارین.

ئۆزتورک، بەپێویستی زانی؛ سەرجەم حیزب و لایەنە کوردییەکان پێکەوە خەبات بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد، بۆ یەکبونی گەلی کوردیش ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لە کۆبونەوەکاندا لەگەڵ وەفدی هەدەپە هاوڕاین لەسەر ئەوەی سەرکەوتن و شکتی کورد کاریگەریی لەسەر دۆزی رەوای کورد هەیە لەهەمو پارچەکان، ئەگەرچی هەر پارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە لە پارچەکانی دیکە، بۆ ئەوەش دەکرێت هەر پارچەیە و شێوازی خەبات تەبەنی بکات.

ئاماژەی بەوەکرد؛ هەردولا هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان پشت بە خەباتی پەرلەمانی و گفتوگۆ و دیالۆگ و رێگەی مەدەنی ببەستین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەهەمو پارچەکان.

شۆڕش حاجی وتیشی :"بۆ ئەوەی بتوانین بە تەوژمێکی بەهێزە قسە بکەین، پێویستمان بەیەکڕیزی ناوماڵی کورد هەیە لە هەمو پارچەکان، بۆ ئەوەی کورد بە مافی خۆی شاد بێت کە بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنوسینە".
10/04/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .