قادر حاجى عەلى: کەس نیە بتوانێت موزایەدە بەسەر بزوتنەوەى گۆڕاندا بکات
قادر حاجی‌ عەلی‌ رایدەگەیەنێت؛ جێی‌ شانازیە بۆ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەیەکەم رۆژی‌ دامەزراندینەوە، بەقەدەر مسقاڵە زەڕەیەک پاشەکشەی‌ لە مەبادیئەکانی‌ نەکردوە کە هەموی‌ لەبەرژوەندی‌ گشتیدا بوە هەوڵی‌ دامەزراندنی‌ دەوڵەتی‌ هاوڵاتی‌ داوە، بەڵام  لایەنی‌ تر خیانەت و گەندەڵی‌ و کردوە و دەیەوێت سیستمی‌ میرنشینی‌ دروست بکات، گیرفانی‌ خۆی‌ پڕ کات و گیرفانی‌ خەڵک بەتاڵ، بۆیە کەس نیە بتوانێت موزایەدەمان بەسەردا بکات.

دوای‌ نیوەڕۆی‌ رۆژی پێنجشەممە، لیژنەی‌ هەڵبژاردنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە ئامادەبونی‌ بەشێک لە ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن و جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ و رێکخەری‌ ژورەکان لەگەڵ گۆڕانخوازانی‌ کەلار و کفری‌ و خانەقین کۆبونەوە و و تێیدا قادر حاجی‌ عەلی‌ سەرۆکی‌ لیژنەی‌ هەڵبژاردن لە وتەیەکدا ئاماژەی‌ بە رۆل و خەباتی‌ خەڵکی‌ ناوچەکە کرد لەو کاتەی‌ کوردستان پێویستی‌ بە پێشمەرگەکانی‌ بوە ئاماژەی‌ بەوەکرد؛ پێشمەرگەکانی‌ گەرمیان وەک ناوچەکانی‌ دیکە دڵسۆز و قارەمان بون و لەبەر هەڵمەت و ئازایەتیشیان رۆڵیان هەبوە لە پاراستن ئازادکردنی‌ تەواوی‌ ناوچەکانی‌ کوردستان و کۆڵەکەیەکی‌ سەرەکی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانیش بون کە ئەوەش جێی‌ شانازی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانە.

وتیشی‌: "ئەم کەسانەی‌ لێرەن، نمونەی‌ باڵای‌ خەڵکی‌ دڵسۆز و خاوەن بیرو باوەڕ و تەزحیەدانن لەپێناو چاکسازی‌ و وڵاتێکی‌ باشتر و یەکسانی‌ و عەدالەتدا".

رونیشکردەوە، بزوتنەوەی‌ گۆڕان نۆ ساڵ لەمەوبەر بە فیعلی‌ دروستبو، بەڵام بنەمکاکانی‌ زۆر لەوە کۆنترە، ئەو خەڵکانەی‌ کە لە حیزبەکانی‌ دیکە بون و ئێمە کە لە یەکێتی‌ بوین ئەو برادەرانەی‌ دیکەشمان پێشتر هەمان بیر و باوەڕ لەمێشکیاندا دەسوڕایەوە و بەتەمای‌ گۆڕین و چاکەی‌ ئەم وڵاتە بون، بەڵام رێکخراوێک نەبو کۆیان بکاتەوە و ئەم جورئەت و تاقەتەی‌ هەبێت بڵێت؛ بەڵێ بۆ چاکسازی‌ و نەخێر بۆ گەندەڵی‌ و سیستمی‌ خراپ و ناعەدالەتی‌ و زوڵم و زۆر.

وتیشی‌:"بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەسەر بنەمای‌ فکرێکی‌ تایبەت دانەمەزراوە، بەڵکو تێکەڵە لەمسەری‌ چەپ تا ئەوسەری‌ راست، بۆیە ئێمە شانازی‌ دەکەین بەوەی‌ کە کەس نیە بتوانێت موزایەدەمان بەسەردا بکات، نە خەڵکی‌ نەتەوەیی‌ دەتوانێت موزایەدەمان بەسەردا بکات، چونکە ئەگەر مێژوی‌ ئەم بزوتنەوەیە و خەڵکەکانی‌ بخوێنیتەوە لەهەمو کەس زیاتر بەشدارییان کردوە لە خەباتی‌ رزگاری‌ و نیشتمانیدا، لەروی‌ دینیەوە؛ هەمو بزوتنەوەکەمان تائێستا موسوڵمانە و رۆژێک لە رۆژان هیچ کەسێکی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە هەڵسوڕاوان تا رێکخەری‌ گشتی‌ خوانەخواستە سوکایەتی‌ بە دین کردبێت، هەروەها بزوتنەوەی‌ گۆڕان زیاتر لە چەپەکان تەعبیر و بەرگری‌ لە چەوساوەکان کردوە و دەیکات، بۆیە ئێمە فەخر بە بزوتنەوەی‌ گۆڕانەوە دەکەین کە لەسەر ئەو بنەمایانە دامەزرا".

قادر حاجی‌ عەلی‌ ئەوەی‌ رونکردەوە؛ ئەو خەڵکەی‌ لەبزوتنەوەی‌ گۆڕان بەشداریکرد لەژێر سەرپەرشتی‌ کاک نەوشیروان مستەفا-دا لەسەر کۆمەڵێک مەبادیئ رێککەوتین ئەوانیش؛ دەوڵەت دەوڵەتی‌ هاوڵاتی‌ بێت، هاوڵاتی‌ ماف و ماڵ و کەرامەتی‌ تێدا پارێزراوبێت.
وڵاتێک بێت دامەزراوەکانی‌ لەرێگەی‌ عەمەلیەی‌ دیموکراتیەوە دابمەزرێت، واتە وڵاتێکی‌ دیموکوراسی‌ بێت، وڵاتێک بێت دامەزراوە هەبێت، عەدالەت و یەکسانی‌ تێدابێت، لەروی‌ ئابوریەوە یەکسانی‌ دابەشکردن هەبێت لە داهات و موچەدا. کەسێک نەبێت گیرفانی‌ بەتاڵ و کەسێکیش لە بانکەکانی‌ دەرەوە سەفتە دۆلار بخەوێنێت و ئێمە لە بزوتنەوەی‌ گۆڕان داوای‌ ئەمانە و داوای‌ چاکسازیمان کردوە.

وتیشی‌:"لەسەرەتادا ئەم دو حیزبە دەسەڵاتە ئەوەندە دەسەڵاتیان بەسەر جومگەکان دا هەبو کەم کەس جورئەتی‌ ئەوەی‌ دەکرد بڵێت نەخێر یان رەخنەبگرێت بڵێ ئەمە دەسەڵاتێکی‌ گەندەڵە دەسەڵاتێکی‌ فاشیلە و ناتوانێت ئیدارەی‌ وڵات بکات، چونکە ئیدارەی‌ وڵات نە بەخەڵکی‌ نەشارەزا دەکرێت نە بەخەڵکی‌ گەندەڵ نە بەخەڵکێک کە ئینتیمای‌ نیشتمان و خاکەکەی‌ نەبێت، تەنها چاوی‌ لە بەرژەوەندی‌ و پارەی‌ بانکەکانی‌ بێت".

هەروەک جەختیکردەوە؛ ئەوەی‌ جێی‌ شانازیە بۆ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەیەکەم رۆژی‌ دامەزراندینەوە، بەقەدەر مسقاڵە زەرەیەک پاشەکشەی‌ لە مەبادیئەکانی‌ نەکردوە، ئەگەر هەموتان بگەڕێنەوە بۆ پەیامی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان و پەیامی‌ (سبەی‌) بە زەڕە لامان نەداوە لێی‌ و هیچ هەڵەیەکی‌ ستراتیژیمان نەکردوە لەسەرمان بکەوێت.

وتی‌:"بەڵام لایەنی‌ تر خیانەتی‌ کردوە، لایەنی‌ تر گەندەڵی‌ کردوە لایەنی‌ تر دەیەوێت سیستمی‌ میرنشینی‌ دروست بکات، لایەنی‌ تر دەیەوێت گیرفانی‌ خۆی‌ پڕ کات و خەڵک بەتاڵ، بزوتنەوەی‌ گۆڕان نەک ئەمەی‌ نەکردوە، بەڵکو دژی‌ بوە و کاری‌ کردوە و بەتەمای‌ دامەزراندنی‌ وڵاتێکی‌ هاوڵاتی‌، کە هاوڵاتی‌ دڵی‌ بە وڵات و خاک و نیشتیمانەکەی‌ خۆش بێت و دژی‌ دیکتاتۆرییە".
13/04/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .