عومەر سەید عەلی: گۆڕان ژماره‌ی ده‌نگ و کورسیه‌کانی زیاتر ده‌کات
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ژماره‌ی ده‌نگ و کورسیه‌کانی زیاتر ده‌کات و چاودێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بە گرنگ دەزانێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد.

 

رۆژی یەکشەممە تیم ستاپڵتۆن، راوێژکار و جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و محەمەد تۆفیق رەحیم، سکرتێری کاروباری ژورەکان و هۆشیار عومەر عەلی رێکخه‌ری ژوری په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسیه‌کان پێشوازیی لێکرا.

 

لە کۆبونەوەکەدا عومه‌ر سه‌ید عه‌لی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ژماره‌ی ده‌نگ و کورسیه‌کانی زیاتر ده‌کات.

وتیشی: چاودێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گرنگه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد.

 

رێکخەری گشتی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، بزوتنەوەکەیان دەستپێشخەری نیشتیمانی ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد و به‌هێزکردنی پێگه‌ی کورد.

جەختی لەوەشکردەوە، هاوپه‌یمانی (نیشتیمان) له‌ که‌رکوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان ئومێدی به‌ کورد بەخشیوە و به‌رگریکاری مافی کورد دەبن.

 

لای خۆیشییەوە تیم ستاپڵتۆن، راوێژکار و جێگری باڵوێزی ئوسترالیا له‌ عێراق رایگەیاند؛ ئوسترالیا و باڵیۆزخانەی وڵاتانی دیکە هاوکاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کانن که‌ هه‌مه‌هه‌نگی دەکەن له‌گه‌ڵ کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد.

30/04/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .