رونکردنەوەیەک لە مامۆستا محەمەد سادق، باوکی د.یوسف-ەوە
مامۆستا محەمەد سادق، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و باوکی د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی لیستی گۆڕان، بێبەری بونی لە یەکگرتوی ئیسلامی رادەگەیەنێت و دەڵێت: ئەو حیزبە کە بەو شێوەیە مامه‌ڵه‌ لەگەڵ ئەندامە سەرەکییەکانی خۆیاندا دەکەن ئیتر دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گەلە ستەمدیدەیە بكه‌ن.

مامۆستا محەمەد سادق، ئاماژەی بەوەکردوە کە؛ یەکگرتوی ئیسلامی دێن پرسیاری ئەوەمان لێدەکەن کە پاڵپشتی چ لایەنێک دەکەین و لە میدیاکان و فەیسبوک بۆ مەرامی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن لە دژی د. یوسفی كوڕم.

باوکی د.یوسف محەمەد رایگەیاندوە: کوڕی من ئەگەر بۆ پلەو پۆست و پارە ئامادە بوایە به‌ وازهێنان له‌ بیروباوه‌ڕه‌ سیاسیه‌كه‌ی، ئێستا بازاڕی ئێوە بەو شێوەیە نەدەبو هەر بۆیە متمانەی تەواوم پێیەتی و جێگای شانازی من و ئەندامانی خێزانەکەم و تەواوی خەڵکی بە ئەمەکی کوردستانە.

دەقی رونکردنەوەکە

 بسم الله الرحمن الرحيم

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ

پەیامێک بۆ خەڵک و دەنگدەرانی کوردستان.
دوای ئەوەی رۆژی ٢٦ ی ٤ی ٢٠١٨ بەدڵێکی ساف و پڕ جۆشی ئیمانی ئامادە بوین لە ئیحتیفالی بانگەشەی لیستی ١٧٥ی یەکگرتو، لە میانی لێدوانێکمان بۆ کەناڵی سپێدە بۆ دەڕبرینی پشتیوانیمان بۆ لیستی ١٧٥ بەڵام لەو رۆژەوە لەڕێگەی فەیسبوک و چەند ماڵپەڕێکەوە شیواندنی بۆ کراوە بە ئامانجی بەکارهێنانی بۆ بانگەشەی لیستی ١٧٥ لەسەر حسابی لێدان لە شەخسی کوڕەکەم دکتۆر یوسف.

پێمان سەیر بو کە تا ئێستا بڕوایان بە ئەندامەکانیان نییە بە تایبەت ئەندامانی دامەزرێنەری وەکو ئێمە. دێن پرسیاری ئەوەمان لێئەکەن کە پاڵپشتی چ لایەنێک ئەکەین و لە میدیاکان و فەیسبوک بۆ مەرامی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن لە دژی د. یوسفی كوڕم. من لە ئێستاوە بێبەری بونی خۆم لەو حیزبە رائەگەینم کە بەو شێوەیە مامه‌ڵه‌ لەگەڵ ئەندامە سەرەکییەکانی خۆیاندا دەکەن ئیتر ئەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گەلە ستەمدیدەیە بكه‌ن.

یوسف پەروەردەی خۆمەو خۆم پەروەردەم کردوە ئەزانم چەند پارێزكاره، تەنانەت نەزیهترە لە زۆر لەوانەی کە خۆیان بە پێشەوا ئەزانن. کوڕی من ئەگەر بۆ پلەو پۆست و پارە ئامادە بوایە به‌ وازهێنان له‌ بیروباوه‌ڕه‌ سیاسیه‌كه‌ی, ئێستا بازاڕی ئێوە بەو شێوەیە نەدەبو هەر بۆیە متمانەی تەواوم پێیەتی و جێگای شانازی من و ئەندامانی خێزانەکەم و تەواوی خەڵکی بە ئەمەکی کوردستانە.

خوایە تۆ خۆت ئاگاداری دڵی منیت، خۆت پشت و پەنای زوڵملێکراوانیت.

م. محمد صادق عبدالقادر
باوکی د. یوسف
٣٠/ ٤/ ٢٠١٨

01/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .