وێنە؛ دەرچوانى زانکۆ چەپکە گوڵى وەفا لەسەر ئارامگەى نەوشیروان مستەفا دادەنێن
ئێوارەى دوشەممە، خوێندکارانى قۆناغى چوارەمى کۆلێژى بازرگانى زانکۆى سلێمانى بە دانانى تاجە گۆڵینەى وەفا لەسەر ئارامگەى نەوشیروان مستەفا سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد بەڵێنى بەردەوامییان بە رێبازەکەى و کارکردن بۆ سەرخستنى لیستى (142)ى گۆڕان دوپاتکردەوە.

وەک رێزێک بۆ هەڵوێستى ئەو خوێندکارانە ژمارەیەکى بەرچاو لە هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەى گۆڕان و کاندیدانى لیستى (142)ى گۆڕان پێشوازیان لێکردن و لە وتەیەکدا، دلێر عەبدولخالق بەناوى بزوتنەوەى گۆڕانەوە سوپاسى ماندوبونى کردن و وتى: "سەرکردەى نیشتیمانى نەوشیروان مستەفا، بۆ ئەوە ژیا خزمەتى گەل و نیشتیمانەکەى بکات، وایکرد کارى سیاسى تەنها نوخبەیەک قۆرخى نەکەن، ئەو گرنگى زۆرى دا بە خوێندکارانى زانکۆ و سەربەخۆبونى زانکۆکان و پاڵپشتى خوێندکاران و گەنجانى کرد، ئەوەى ئێوەش ئەمڕۆ کردتان بەهایەکى زۆرى هەیە و نیشانەى خەباتى پاک و بێگەردى کاک نەوشیروانە کە لە رۆحى گەنجان و هەمو چین و توێژەکاندایە".

لاى خۆیەوە، د. ئاسۆ مەحمود باژێروانى سلێمانى بزوتنەوەى گۆڕان وتى:"هاتنى ئێوە لەم رۆژەدا کە ئاهەنگى دەرچونتانە هەڵوێستێکى گرنگە و بەرز دەینرخێنین، لەسەرەتاى دروستبونى گۆڕانەوە ئەرکێکى گەورە لەسەر شانى خوێنندکارانى زانکۆ و گەنج بوە، هەر بۆیە بەشێکى گەورە لە ئۆرگانەکان و نوێنەرایەتى بزوتنەوەى گۆڕان گەنجان قیادەیان کردوە، بزوتنەوەى گۆڕان رێچکەى ئەوەى شکاند کە گەنجان و ئەو کەسانە بنێرێتە پەرلەمان و پۆستى ئیدارى باڵایان بداتێ کە خۆیان کەسانى لێهاتون و خۆیان خۆیان پێگەیاندوە و ئەوەى لەبەرچاو نەگرتوە کێ کوڕى کێیە".

هەروەک، بەپێویستى زانى خەڵک بەتایبەت گەنجان بەپەرۆشەوە بەرەو دەنگدان بڕۆن و بەشدارى هەڵبژاردن بکەن و داواشى کرد هەموان بەتایبەت گەنجان بەشدارى کارا بکەن بۆ سەرخستنى لیستى (142)ى گۆڕان بۆئەوەى لیستى گۆڕان بکرێتە لیستى زۆرینە لە پەرلەمانى عێراق لەپێناو جێبەجێکردنى دەستور و شەڕى بەدەستهێنانى ئەو ناوچانەى حکومڕانانى ئێستا لەدەستیاندا، نوێنەرانى گۆڕان شەڕى گەڕاندنەوەى قوتى خەڵکى کوردستان دەکەن.

وێنە: لاوک ئەمجەد
ڤیدیۆ: گۆران عەبدوڵا

 

 

01/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .