مامۆستا كامه‌ران عەلى: گۆڕان لەپێناو خزمەتکردنى خەڵکدا مه‌له‌فی كورد‌ له‌ یه‌كێتی و پارتی ده‌سه‌نێته‌وه‌
كاندیدی ژماره‌ (15)ی لیستی (142)ى گۆڕان له‌ سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت؛ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌كانی گەلى کورد، گۆڕان مه‌له‌فی كورد‌ له‌ به‌غدا له‌ یه‌كێتی و پارتی ده‌سه‌نێته‌وه‌‌ و ده‌شڵێت: شەڕی قوت و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌روه‌ریی نیشتمانیی ده‌كه‌ین.

مامۆستا كامه‌ران عه‌لی، كاندیدی ژماره‌ (15)ی لیستی (142) گۆڕان له‌ پارێزگاى سلێمانی به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند؛ به‌پێی ده‌ستور مافه‌كانی خەڵکى کوردستان دیاریكراوه‌‌ لە ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییەکان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو هێزێكی كارای نیشتیمانی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به‌و هێزه‌ی كه ‌له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، مه‌له‌فی كورد‌ له‌ به‌غدا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌كانی خەڵکى کوردستان له‌ یه‌كێتی و پارتی ده‌سه‌نێته‌وه‌‌.

كاندیدی ژماره‌ (15)ی لیستی (142) گۆڕان وتی؛ "هه‌ردو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ له‌ هه‌رێم، میلـله‌تی كوردیان توشی ئازار كردوه، له‌به‌غداش‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ و حیزب و تاكه‌ كه‌سه‌كانی خۆیان به‌كاریان هێناوه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خاوه‌ن كا‌رنامه‌یه‌كی سیاسی گشتگیری نیشتمانییه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رجه‌م مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم و داكۆكی له به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانیه‌‌كان ده‌كات، جیاوازی نوێنه‌ره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕان بۆ پله‌ و پۆست به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت ناچێته‌‌ به‌غدا، به‌ڵكو كار بۆ دابین كردنی ئاسایش و سه‌روه‌ری و قوت و موچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

مامۆستا كامه‌ران عه‌لی، وتیشی: "له‌ماوه‌ی رابردودا په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نادروست بنیادنراون و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و تاكه‌كه‌سی به‌كار هێنراون، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌كارنامه‌ی خۆیدا هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندیه‌كان به‌ دامه‌زراوه‌یی و نیشتمانی بكرێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا به‌كاربهێنرێت به‌بێ جیاوازی كردن له‌نێوان‌ بیروبۆچونی حیزبی و سیاسی و ئایدۆلۆژی".

كاندیدی ژماره‌ (15)ی لیستی (142) گۆڕان ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد؛ له‌كاتی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و كا‌رنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ جێبه‌جێكردنی له‌به‌غدا دایڕشتوه‌‌، "ئێمه‌ شەڕی مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كه‌ین چ ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ قوت و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و چ ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ سه‌روه‌رییه‌ نیشتیمانیه‌كانەوە".
04/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .