عومەر سەید عەلی: تاکە هێزی گۆڕان خەڵک و جەماوەرەکەیەتی

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەی گۆڕان هەرگیز سازش لەسەر داوا و خواستی خەڵکی کوردستان ناکات و دەشڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان وەکو حیزبەکانی تر خاوەنی نەوت و کۆمپانیا نیە و ئەوەی هەیەتی تەنها جەماوەر و خەڵکەکەیەتی.


عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی مەکۆی سۆرانی بزوتنەوەکەی کرد و لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی رابردودا و لەرێگەی نوێنەرەکانییەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوە.


وتیشی: یەکێتی و پارتی لەرابردودا لەبری داکۆکیکردن لە مافەكانی خەڵک و دەستور و جێبەجێکردنی ماددەی (140)، بەدوای بەرژوەندی خۆیانەوە بون و تەنها خۆیان دەوڵەمەند کردوە.


وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان چەندین قۆناغی سەختی بڕیوە، لە کاتی ئۆپۆزسیۆنبوندا چەندین پڕؤژەی چاکسازی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتو پێشکەش کردوە، دواتریش کە چوە حکومەت، پارتی  وایدەزانی گۆڕان دەستەمۆ دەبێت، بەڵام سوربوین لەسەر چەکسازی و گۆڕینی سیستمی سیاسی هەرێم، هەربۆیە پارتی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕانی دەکرد.


رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە، کە گەنجەکان کۆڵەکەی سەرەکی بزوتنەوەکەن و دەبێت هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی بەشداری دەنگدان بکەن و هەروەها هانی خزم و کەسوکارەکانیان بدەن کە بەشداری دەنگدان بکەن.


لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا عومەر سەید عەلی باسی لەوەکرد، ناوچەی سۆران و باڵەکایەتی و رەواندوز و شەقڵاوە و ناوچەکانی دیکەی سنورەکە لانکەی شۆڕش و پێشمەرگایەتی بون، دەسەڵاتدارانی ئێستا بە خەباتی ئەو خەڵکە چونە حوکمەوە، بەڵام  


ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان جێگەی ستەمکارەکانی رابردویان گرتوەتەوە، هەربۆیە دەبێت سزای ئەم حیزبانە بدرێت.


باسی لەوەشکرد، بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوامە لەسەر رێبازی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بەهەمان نەفەسی جارانەوە کار دەکەن، وتیشی: گۆڕان بۆشایی نەوشیروان مستەفا بۆ هاوڵاتیانی خۆی و گۆڕانخوازان پڕدەکاتەوە، هەروەها جەختی کردەوە لەوەی بزوتنەوە گۆڕان خاوەنی کۆمپانیا و نەوت نیە و تاکە هێزی گۆڕان کە پشتئەستورە پێی، خەڵک و جەماوەرەکەیەتی.

04/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .