د. یوسف محه‌مه‌د: پێشمه‌رگه و هێزە ئەمنییەکان ویژدانی خۆیان ئاسوده‌ ده‌كه‌ن و ده‌نگ به‌ لیستی (142) ده‌ده‌ن
د. یوسف محه‌مه‌د دەڵێت؛ به‌ درێژایی مێژو پێشمه‌رگه‌ هێزی پاراستنی گه‌لی كورد بوه‌ و ئاماژە بەوەش دەکات؛ دڵنیام لەوەی ‌رۆژی هه‌ڵبژاردن پێشمەرگە ده‌نگ به‌ لیستی (142)ی گۆران ده‌ده‌ن.

د. یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیستی ژماره‌ (142)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە سلێمانی لە میانی ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی لیستی (142)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ باوه‌نوری گه‌رمیان رایگەیاند؛ به‌ درێژایی مێژو پێشمه‌رگه‌ هێزی پاراستنی گه‌لی كورد بوه‌ له‌ هەر چوارپارچه‌ی كوردستان و هەمیشە لە مه‌یدانی روبه‌روبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داپڵۆسێنه‌ری به‌عس به‌رخودانی كردوه‌ تا راپه‌ڕینه‌ مه‌رزنه‌كه‌ی گه‌له‌كه‌مان و تا ئه‌م رۆژه‌ روناكه‌یان بۆ ئێمه‌ به‌دیهێناوه.

وتیشی: جگە لە هێزی پێشمەرگە‌ به‌هه‌مان شێوه‌ هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس قاره‌مانانه‌‌ له‌شه‌ڕی روبه‌رو بونه‌وه‌ی تیرۆرستی داعش تاكه‌ هێزی به‌رگری كردن بون له‌ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی.

سه‌رۆكی لیستی (142)ی گۆڕان وتی؛ به‌هۆی ئیفلاسی سیاسی ئه‌م دوحیزبه‌ و ریفراندۆمچیه‌كانه‌وه‌ فشاریان له‌سه‌ر خەڵک و پێشمەرگە دروستكردوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچیان نیه‌ به‌ خه‌ڵكی بڵێن وناتوانن بانگه‌شه‌ بۆ لیسته‌كانیان بكه‌ن.

وتیشی؛ چۆن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كارمان بۆ هاوتاكردنی موچەکانی هێزی پێشمەرگە كرد له‌گه‌ڵ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، به‌هه‌مان شێوه‌ كاندیده‌كانی لیستی (142)ی گۆڕان له‌به‌غدا كار بۆ هاوتاكردنی موچه‌كانیان له‌گه‌ل سوپای عێراق دەکەن.

باسی لەوەشکرد، ساڵی (2008) حكومه‌تی عێراق ئاماده‌بو موچه‌ی (90) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ پڕچه‌ككردنیان وه‌ك سوپای عێراق لێبكرێت، به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆسه‌پێنه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موچه‌ی بندیواره‌كانیان نه‌بڕیت ئاماده‌ نه‌بون رێكه‌وتنی له‌سه‌ر بکات و له‌وكاته‌وه‌ له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیه‌كانیان‌ سزای پێشمەرگەی پێدەدەن.

سه‌رۆكی لیستی (142)ی گۆڕان له‌ سلێمانی ئاماژه‌ی بەوەکرد؛ دڵنیام چۆن هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌عس چۆكیان نه‌دا، به‌و جۆره‌ش له‌به‌ره‌ده‌م ئه‌م فس فس پاڵه‌وانانه‌ چۆكناده‌ن، له‌رۆژی هه‌ڵبژاردن ویژدانی خۆیان ئاسوده‌ ده‌كه‌ن و ده‌نگ به‌ لیستی (142)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران ده‌ده‌ن کە له‌ ماوه‌ی رابردودا به‌رگریكاریان بوه‌ به‌بێ ‌بونی مه‌رام بۆ به‌كارهێنانی هێزی پێشمه‌رگه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی.‌

05/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .