عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: ‌له‌ ئێستاوه‌ سه‌ركه‌وتنی لیستی گۆڕان دیاره
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی، هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت؛ ‌له‌ ئێستاوه‌ سه‌ركه‌وتنی لیستی گۆڕان دیاره‌ و داواش له‌ خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌كات ده‌نگ به‌ لیستی (142)ی گۆڕان بده‌ن و تۆڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی نادادی و گه‌نده‌ڵی له‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌نه‌وه‌.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی، هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وی گۆڕان به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند؛ له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جۆش و خرۆشی هه‌ڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان بەردەوامە و حه‌ماسێكی زۆریان هه‌یه‌، ئەوەش نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی لیستی گۆڕانه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌دا هه‌ڵسوراونی گۆڕان كارنامه‌ی لیستی (142)ی گۆڕان به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دا‌به‌ش ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی پیشوازی گه‌رم له كارنامه‌كانی‌ گۆڕان ده‌كه‌ن.

وتیشی: له‌ خولی چواری پارله‌مانی كوردستان كه‌ ساڵێك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رۆكایه‌تی كردوه‌‌، پێش داخستنی ده‌رگای په‌رله‌مان، زیاتر له‌ (220) پرسیاریان ئاڕاستەی‌ حكومه‌ت کردوە، له‌گه‌ڵ پێشكه‌ش كردنی شه‌ست پرۆژه‌ یاسا له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌شێكیان بونه‌ته‌ یاسا و به‌شێكیشی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه.

راشیگه‌یاند؛ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی گۆڕان له ‌به‌غدا له‌ رێی نوێنه‌ره‌كانیه‌وه‌‌، جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌ ‌ده‌ستوریانه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستانه كه‌ له‌ماوه‌ی رابردودا به‌رپرسانی یه‌كێتی و پارتی له‌پێناو به‌ده‌ست خستنی پۆست و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كاریان بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستور نه‌كردوه‌‌، هه‌وره‌ها دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراوه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندیدا كه‌ ئێستا په‌یوه‌ندیه‌كان حیزبیه و سه‌ركه‌وتو نه‌بون‌.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی وتیشی؛ گۆڕان باشترین كاندیدی دەستنیشانکردوە بۆ نوێنه‌رایه‌تی كردنی خه‌ڵكی هه‌رێم له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و شه‌ڕی مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌كه‌ن، داواشی له‌ خه‌ڵكی كوردستان کرد به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌‌ن و ده‌نگ له‌ لیستی (142)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بده‌ن ئه‌و رۆژه‌ بكه‌نه‌ كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌ركه‌وتن و تۆڵه‌ی بیست و حه‌وت ساڵی فه‌رمانڕه‌وایی نادادی و گه‌نده‌ڵی له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بكه‌نه‌وه‌.

05/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .