گۆڕان چی گۆڕی؟ ئه‌ی یه‌كێتی و پارتی و هاوئاوازه‌كانیان چییان گۆڕی؟
گۆڕان چی گۆڕی..؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ به‌شێك له‌هاوڵاتیانی كوردستان رەنگە تا ئێستا وه‌ڵامی ته‌واوه‌تیان ده‌ست نەکەوتبێت یاخود پێیان نه‌گه‌یشتوه‌ و زۆرجاریش هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری پارتی و یه‌كێتی وه‌ڵامه‌كانیان به‌لارێدا بردوه‌و، ویستویانه‌ خه‌ڵك بگه‌وجێنن و فریویان بده‌ن به‌وه‌ی گۆڕان نه‌ هیچی گۆڕیوه‌و نه‌ ده‌شتوانێت هیچ بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی راستیە ئەوەیە، ده‌نگده‌ری گۆڕان هەقە هەست بە شانازی بکات، چونکە ده‌نگی به‌هێزێك داوه‌ زۆر شتی هه‌رێمی گۆڕی كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ له‌گۆڕنانی خه‌ونی سه‌رۆكی هه‌تاهه‌تایی و به‌ میرنشینكردنی هه‌رێم بو.

له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ له‌ ساڵی (2009)ەوە بۆ یه‌كه‌مجار چوەتە په‌رله‌مانی كوردستان و له‌ ساڵی دوای ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نه‌ك هه‌ر روداوێكی گرنگی له‌ هه‌رێمدا دروستكردو بۆ یه‌كه‌مجار شێوازی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی په‌رله‌مانی داهێنا، به‌ڵكو بۆ یه‌كه‌مجار له‌ رێگای هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی هاوڵاتیانه‌وه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌دا سه‌دی ده‌نگه‌كانی پارتی و یه‌كێتی هه‌ر له‌ ساڵی (1992 تا ساڵی 2009) هێنایه‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی له‌سه‌دا په‌نجا.

گۆڕان چی گۆڕی..؟ گۆڕان بۆ یه‌كه‌مجار توانی بودجه‌ بهێنێته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكی زۆربو یه‌كێتی و پارتی نه‌ك هه‌ر حسابیان بۆ هه‌بونی بودجه‌و شێوازی دابه‌شكردن و چۆنیه‌تی خه‌رجكردنیان بۆ خه‌ڵكی رون نه‌كردبوه‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت یه‌ك كه‌سیش نه‌یده‌زانی بودجه‌ چیه‌و چه‌نده‌و چۆن چۆنیش خه‌رجده‌كرێت.

ئه‌وه‌ی گۆڕان گۆڕی كۆتایهێنان بو به‌ حوكمی یه‌ك سه‌رۆكی و بیركردنه‌وه‌ له‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی هه‌تا هه‌تایی له‌ هه‌رێمێكدا كه‌ ساڵانێكی زۆر خۆی له‌ دژی حوكمی دیكتاتۆرییه‌ت جه‌نگاوه‌و هه‌زاران هه‌زار قوربانی بۆ داوه‌، گۆڕان له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كۆتایی به‌ خه‌یاڵی سه‌رۆكی هه‌تا مردنی هێناو مه‌سعود بارزانی ناچاركرد دوای 12 ساڵ له‌ سه‌رۆكایه‌تی بڕواته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و به‌ میرنشینكردنی هه‌رێمی له‌ ناوبرد.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ چه‌ندین پرۆژه‌و پاكێجی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان خسته‌ڕو، لەوانەش شەش پاکێجی بۆ چاکسازی؛
 6 پاكێجه‌كه‌ی گۆڕان بۆ چاكسازی ریشه‌یی:
* پاكێجی چاكسازی له‌ بواری ئابوری و دارایی.
* پاكێجی چاكسازی له‌ بواری پێشمه‌رگه‌.
* پاكێجی چاكسازی له‌ بواری هێزه‌كانی ناوخۆ.
* پاكێجی چاكسازی له‌ بواری سیسته‌می سیاسی.
* پاكێجی چاكسازی له‌ بواری زانكۆكان.
* پاكێجی چاكسازی له‌بواری كارگێڕی و سیسته‌می لامه‌ركه‌زی.

هاوكات له‌ دوای (16)ی ئۆكتۆبه‌ری (2017) و لاوازبونی قه‌واره‌ی هه‌رێم له‌ به‌رامبه‌ر به‌غداو مه‌ترسی له‌ ده‌ستدانی ئه‌زمونی هه‌رێم، گۆڕان و دۆسته‌كانی پرۆژه‌ی‌ حكومه‌تی كاتییان پێشكه‌شكرد.
ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌ی گۆڕان و دۆسته‌كانی بۆ حكومه‌تی كاتی:
*حكومه‌تی كاتی ئاماده‌كاری بكات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێم.
*حكومه‌تی كاتی ده‌ست بكات به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
*حكومه‌تی كاتی موچه‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان دابین بكات.

گۆڕان زۆر شتی گۆڕی...به‌ڵام ئه‌ی ده‌سه‌ڵات و پارتی و یه‌كێتی چیانكرد كاتێك گۆڕان پرۆژه‌كانی خۆی بۆ چاكسازی خسته‌ڕو و خه‌باتی بۆ كرد.

یه‌كێتی و پارتی و هاوئاوازه‌كانیان نه‌ك هه‌ر گوێیان له‌ گۆڕان و دۆسته‌كانی نه‌گرت، به‌ڵكو هێنده‌ی تر هه‌رێمیان توشی ده‌رده‌سه‌ری و قه‌یرانی له‌بن نه‌هاتو كردو وه‌هایانكرد هه‌رێم بكه‌وێته‌ ژێر باری قه‌رزێكی زۆرو موچه‌و بودجه‌ی خه‌ڵكیان بڕی و پرۆژه‌كانیان وه‌ستاندو حكومه‌تیان خسته‌ خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌و حیزبه‌كانیانه‌وه‌و به‌م دۆخه‌یان گه‌یاند كه‌ ئێستا تێیكه‌وتوه‌.

ئێستا هه‌قی خۆیه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بزانن گۆڕان چی گۆڕی و یه‌كێتی و پارتی و ده‌سه‌ڵاتیش چیان گۆڕی.
05/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .