حه‌كیم عوبێد: گۆڕان‌ له ‌به‌غدا كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی هاوڵاتیانی كه‌ركوك ده‌كات
حه‌كیم عوبێد، باژێروانی مەکۆی كه‌ركوكی بزوتنەوەی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت؛ گۆڕانخوازان له‌ شاری كه‌ركوك به‌گه‌رمی بانگه‌شه‌ بۆ لیستی (183)ی نیشتمان و كاندیده‌كانی گۆڕان ده‌كه‌ن و ده‌شڵێت "گۆڕان‌ له ‌به‌غدا كار بۆ داكۆكیكردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هاوڵاتیانی شاری كه‌ركوك ده‌كات".


حه‌كیم عوبێد، باژێڕوانی کەرکوک و ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به ‌(سبه‌ی) را‌گه‌یاند؛ به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ تایبه‌ته‌ی شاری كه‌ركوكه‌وه‌ بانگه‌شه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان وه‌ك پێویست نیه‌، به‌ڵام گۆڕانخوازان له‌ ناوچه ‌كوردییه‌كانی شاری كه‌ركوك به‌گه‌رمی بانگه‌شه‌ بۆ لیستی (183)ی نیشتمان و كاندیده‌كانی گۆڕان ده‌كه‌ن و هه‌ڵمه‌تی ماڵ به‌ ماڵیان بۆ دابه‌شكردنی كارنامه‌ و لۆگۆی لیسته‌كه‌ ده‌كرێت و به‌هه‌مو توانایه‌كیانه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ سه‌رخستنی ده‌ده‌ن.

حه‌كیم عوبێد وتی؛ سه‌ره‌ڕای ئاگاداركردنه‌وه‌یان پارتی و هاوئاوازه‌كانی‌ له‌لایه‌ن گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و كۆمه‌لگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ ئه‌نجام نه‌‌دانی ریفراندۆم لەو کاتەدا، به‌ڵام (16)ی ئۆكتۆبه‌ری به‌دوادا هات و زیاتر له‌ نیوه‌ی خاكی كوردستانیان به‌ كه‌ركوكه‌وه‌ له‌ده‌ستدا.


وتیشی: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ڕێی نوێنه‌ره‌كانیه‌وه‌ له‌به‌غدا كار بۆ داكۆكیكردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هاوڵاتیانی شاری كه‌ركوك ده‌كات.


ئاماژەی بەوەشکرد، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كار له‌سه‌ر به‌ناشه‌رعی فرۆشتنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداری كوردیه‌وه ده‌كات‌ و هەوڵدەدات له‌ڕێی په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌وتی كه‌ركوك بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك بێت بەبێ جیاوازی، نه‌ك ته‌نها دوكه‌ڵه‌كه‌ی ئاسمانی شاره‌كه‌ بته‌نێ و زیانی بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی بێت.

رونیشیكردوه‌؛ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێ سیاسیه‌كان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باوه‌ڕی به‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌، بۆیه‌ داو له‌ هاوڵاتیانی كورد ده‌كه‌م، سه‌ره‌تا بڕۆن كارتی بایۆمێترییه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌، له‌رۆژی ده‌نگداندا به‌شداری كارایان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه ‌دابڕێنراوه‌كاندا هه‌بێت، له‌رۆژی (12/5) بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كان و ده‌نگ به‌‌ لیستی (183)ی نیشتمان و كاندیده‌كانی گۆڕان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و بارودۆخه‌ی توشی شاره‌كه‌ بوه له‌به‌غدا‌ بگۆڕین‌.

06/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .