كوێستان محه‌مه‌د: گۆڕان‌‌ سازشی له‌سه‌ر داواكاریه‌كانی خه‌ڵك نه‌كردوه‌
ئەندامێکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت؛ گۆڕانخوازان به‌ گه‌رمی بانگه‌شه‌ی بۆ لیستی (142)ی گۆڕان ده‌كه‌ن و وه‌ڵام دانه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ داواكاری هه‌ڵسوڕاوان بۆ ده‌نگدان به‌ لیستی (142)ی گۆڕان له‌ ئاستێكی زۆر به‌رزدایه.


كوێستان محه‌مه‌د، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبه‌ی) راگه‌یاند؛ له‌ هه‌ڵمه‌تی ماڵ به‌ ماڵ هاوڵاتیان به‌ڵێنیانداوە ده‌نگ به‌ لیستی (142)ی گۆڕان و كاندیده‌كانی بده‌ن و گەرموگوڕی هاوڵاتیانیش لەم بانگەشەیەدا ئاماژه‌یه‌ بۆ تێگه‌شتنی‌ خه‌ڵك كه‌ گۆڕان ئه‌و لایه‌نه‌یه‌‌ سازشی له‌سه‌ر داواكاریه‌كانی خه‌ڵك و پره‌نسیپه‌كانی خۆی نه‌كردوه‌.

وتیشی: گۆڕانخوازان و هه‌ڵسوڕاوان به ‌خۆبه‌خشی و له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان بانگه‌شه‌ بۆ لیستی (142)ی گۆڕان ده‌كه‌ن، ئەوەش به‌ڵگه‌یه‌ بۆ خۆڕسك بونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كاركردن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێچه‌وانه‌ی لایه‌نه‌كانی تر كه بودجه‌ی گشتی بۆ بانگه‌شه‌ به‌كارده‌هێنن و‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان كارده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حیزبیه‌كانیان له‌‌ سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل داناوه‌.


ئاماژەی بەوەشکرد، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌بوه‌، نوێنه‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌سه‌ر ماف و داخوازیه‌كانی خه‌ڵك و ‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان دەکەن.


کوێستان محەمەد رونیکردەوە، كارنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وله‌ویه‌تی نوێنه‌ركانی له‌ به‌غدا دیاری كردوه، كه‌ داكۆكی سەرسەخت له‌ ماف و داخوازیه‌كانی كو‌رد ده‌كه‌ن، جێبه‌جێكردنی مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ له‌ داهاتی گشتی عێراق و كۆتایی هێنان به‌‌ قه‌یرانی سیاسی و دارایی و‌ سزای ئابوری و سته‌مه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه،‌ له‌ رێێ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه.‌

ئاماژه‌ی بەوەشکرد، بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن یان ده‌نگ نه‌دان به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌سه‌ڵا‌ته گه‌نده‌ڵه‌یه‌ كه‌ بیست و حه‌وت ساڵه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌چه‌وسێنێته‌وه،‌ بۆیه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم بیانه‌وێت كۆتایی به‌ حوکمی كه‌سێتی و بنه‌ماڵه‌یی‌ و حیزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان بهێنن، له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردندا بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ به‌ لیستی (142)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بده‌ن.

06/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .