گۆڕان لە چیدا و بۆچی عینادە؟
ئەگەر عینادی، سوربون و پێداگریی بزوتنەوەی گۆڕان بێت لەسەر سەروەری یاسای و گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکان و سازش نەکردن لەسەر ماف و داواکاریی خەڵک، بەڵێ بەشانازییەوە دەڵێین ئێمە عینادین، ئەمە وتەی ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانە.

لەسەرتای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان و بەشداریی لە خەباتی پەرلەمانی و حکومی و چونە ناو دانوستانەکانەوە، هەمیشە پارتی و یەکێتی و هاوئاوازەکانیان گۆڕان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بزوتنەوەی گۆڕان عینادە و سازش لەسەر هیچ داواکاریی و پێشنیازێکی خۆی دانوستان و کۆبونەوەکاندا ناکات و هەمیشە پێداگرە.

د.شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەگەر عینادی لای ئەوان سوربون و پێداگریی بزوتنەوەی گۆڕانە لەسەر سەروەریی یاسا و گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان، گوێگرتن لە داواکاریی هاوڵاتیان و چارەسەری قەیرانی دارایی کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت، بەڵێ بەشانازییەوە دەڵێین ئێمە ئەوەین.

گۆڕان عینادی لەسەر چی کردوە و بۆچی عینادە و لەچی شوێن و کاتێکدا عینادی کردوە، ئایا پێداگرییەکانی لەسەر بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکانە، یان لەسەر سەروەری یاسا و ماف و داواکاریی خەڵکە.

سەروەریی یاسا

هەر لەسەرەتای بەشداریی کردنی لە خەباتی پەرلەمانی، هەمیشە فراکسیۆنی گۆڕان پێداگریی و بەرگریان کردوە لەسەر سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی خودی بڕیارەکانی پەرلەمان، تا ئەو دامەزراوە شەرعییە گەورەترین مەرجەعی سیاسی و یاسایی خەڵکی کوردستان بێت.

دوای تەواوکردنی دو خولی چوار ساڵی، ماوەی یاسایی ویلایەتی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم کۆتایی هات و یەکێتی و پارتی لەچەند سەعاتێکدا و پێچەوانەی رێکارە یاساییەکان لە (30)ی حوزەیرانی ساڵی (2013)دا کودەتایان بەسەر پەرلەماندا کرد و دو ساڵی دیکەیان بۆ ویلایەتەکەی درێژکردەوە، گۆڕان دژایەتی کرد و هەمو رێکارە یاسایی و پەرلەمانییەکانی گرتەبەر بۆ رێگریی لەو کودەتایە.

دو ساڵە درێژکراوەکەی ویلایەتی مەسعود بارزانیی کۆتایی هات و دەبو لە (19/8/2015) بارزانی کورسی سەرۆکایەتی بەجێبەهێڵێت، پێش ئەو وادەیە یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەستی بە ئامادەکارییەکان و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکانی کرد تا بۆشای یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست نەبێت،  کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان دەستپێکرد، بۆ ئەوەی سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان بچێتە سەر رێگەیەکی دروست و سیستمێکی پەرلەمانی بێت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی تیادابێت، ئەوەش دژی خواستەکانی پارتی و هاوئاوازەکانی بو، کە پارتی دەیخواست سیستمی سەرۆکایەتی هەتاهەتایی جێبەجێ بکات.


کۆتایی سیستمی حکومی تاکڕەوی هەتاهەتایی

رۆژی (9)ی نیسانی (2015) سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان لەشاری سلێمانی کردو دوای کۆبونەوەکە، نەوشیروان مستەفا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی پەرلەمانی بێت.

رۆژی (23)ی حوزەیران، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی د.یوسف محەمەد و بەبەشداریی (58) پەرلەمانتار کۆبونەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرا و سەرۆكی پەرلەمان وتی: هیچ ئیرادەیەك ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەكبخات‌و پەرلەمان شەرعیەتی‌ لەگەلەوە وەرگرتوە، پەرلەمان خاوەنی‌ شەرعیەتی‌ راستەقینەی‌ خەڵكی‌ كوردستانەو هەمو دەسەڵاتەكان شەرعیەت لەپەرلەمانەوە وەردەگرن.

دواتر بڕیاردرا پەرلەمانی کوردستان لە (19)ی ئابدا لەکۆبونەوەیەکی نائاساییدا خوێندنەوەی دوەم بۆ راپۆرتی لیژنەی یاسایی بکرێت و پڕۆژە یاساکە بکرێتە یاسا، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی ریژەی یاسایی نەتوانرا دانیشتنە نائاساییەکە ئەنجام بدرێت بۆ بەیاساکردنی پڕۆژەیاساکان .

ئەوە یەکەم شکستی پارتی و خاوەن خواستی سەرۆکایەتی هەتاهەتایی بو بەرامبەر ئیرادەی پەرلەمان و بۆ یەکەمجار لەمێژوی خۆیدا بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد.

د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لە تەلەفزیۆنی (الحرة) رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە سەرۆکایەتی هەرێم هەیە، بەڵام بەڕێز مەسعود بارزانی دو خولی خۆی تەواو کردوە و دو ساڵیشی بۆ درێژکراوەتەوە، بۆیە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم رێگرە جارێکی تر ماوەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە، یاسا رێگریی لێدەکات نەک هیچ لایەن و کەسێک، هەربۆیە فراکسیۆنەکان هەوڵیاندا یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەجۆرێک هەموار بکەنەوە کە سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، بەڵام پارتی ئەوەی رەتکردەوە و کێشەکەی گەیاندە پەکخستنی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەکانی تری هەرێمی کوردستان".

سوربونی گۆڕان لەسەر ئەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی کۆتایی هاتوە و ئەنجامدانی سەرکیشی ریفراندۆم و روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر بارزانی ناچار کرد واز لە کورسییەکەی بهێنێت و دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەی دیکەدا (پەرلەمان، حکومەت، دادوەری) دابەشکرا.


ئیفلیجکردنی پەرلەمان و عینادی گۆڕان

بەهۆی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم درێژەکێشانی کۆبونەوە پێنج قۆڵییەکانی سوربونی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە و چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی، رۆژی (12)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (2015) پارتی لە بازگەی پردێ رێگریی کرد لە سەرۆکی پەرلەمان تابچێتە هەولێر و تیمی گۆڕان لە حکومەت دورخرانەوە.
دواتر پارتی چەندین هەوڵیدا بۆ گەڕاندنەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سەر پۆستەکەی و کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەتایبەتی دوای ئەوەی کەڵکەڵەی ریفراندۆم کەوتە سەر مەسعود بارزانی و هاوئاوازەکانی و دروستکردنی لیژنەی بەناو ریفراندۆم.

رۆژی (14/6/2017) بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە دوای (12)ی ئۆکتۆبەری (2015)ەوە جەختمان لەوە کردوەتەوە کە بۆ چارەسەری کێشە یاسایی‌و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان‌و چارەسەری قەیرانی دارایی‌و باشکردنی بژێوی‌و گوزەرانی هاوڵاتیان پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەو دەستە سەرۆکایەتییە هەڵبژێردراوەی ئێستایەوە دەست بە کارەکانی بکاتەوە. پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین مەرجەعی یاسایی‌و شەرعی هاوڵاتیانی کوردستان ئەرکی تاوتوێکردنی هەمو ئەو بابەتانەیە کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵک‌و ئایندەی گەلەکەمانەوە هەیە.

هەر شێوازێکی تری ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بە دەستبەکاربونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبوڵکراو نیە. چونکە هۆکاری سەرەکی ئیفلیجکردنی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتییەکەی نیە، بەڵکو کۆتایی هاتنی وادەی سەرۆکایەتی هەرێم‌و هەوڵی پەرلەمان بو بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم. بۆیە هەر هەنگاوێک بەبێ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی‌و چاکسازی ریشەیی لە بوارەکانی دارایی‌و کارگێڕی‌و چاودێری وردی کارەکانی حکومەت نەک چارەسەر نین، بەڵکو پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەباو گەلەکەمان پتر نائومێدو ئەزمونەکەمان‌و ئاییندەشمان دەخاتە بەردەم ئەگەرو مەترسی گەورەترەوە.

بەڵام بێگوێدانە پێداگرییەکانی گۆڕان لەسەر سەروەریی یاسا و دوای دو ساڵ لە پەکخستنی، رۆژی (15)ی ئەیلول و (10) رۆژ پێش ریفراندۆم بەنایاسایی و بەبێ ئامادەبونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان کاراکرایەوە و  کاراکەشیان ئەوەبو کە بە کۆی دەنگ ئەنجامدانی راپرسی لە (25)ی ئەیلول پەسەند کرد.

لە کۆبونەوەکەدا هەریەک لە فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان (24 پەرلەمانتار) کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان (6 پەرلەمانتار) و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

ریفراندۆم

دوای ئەوەی مەسعود بارزانی بڕیاریدا ریفراندۆم ئەنجامبدات، رۆژی هەشتی حوزەیرانی (2017) لیژنەیەک بەناوی ریفراندۆم پێکهێنرا و یەکەم کۆبونەوەیان بەبێ گۆڕان و کۆمەڵ ئەنجامدا و بڕیارەکەی بارزانیان پەسەندکرد و بڕیاردرا کە (25)ی ئەیلول ریفراندۆم بکرێت.

سێ رۆژ دوای ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کۆبونەوە و رۆژی (11)ی حوزەیران داوایانکرد ریفراندۆم دوابخرێت و جەختیان کردەوە کە بەشداریی هیچ کۆبونەوەیەکی لیژنەی ریفراندۆم ناکەن، چونکە بڕیارەکە نە لەپەرلەمان دراوە و نەهیچ پشتیوانییەکی یاسایی هەیە.

ریفراندۆم ئەنجامدرا و گۆڕان سوربو لەسەر ئەوەی کە بەبێ زەمینەسازیی ناوخۆیی و دەرەکی هیچ ئەنجامێکی نابێت، دەرەنجامی ریفراندۆمەکەی بارزانی و پارتی و یەکێتی و هاوئاوازەکانی روداوی (16)ی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە و زیاتر لە (51%)ی خاکی هەرێمی کوردستان لەدەستدرا و فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان بەڕوی هەرێمدا داخران .

د.یوسف محەمەد سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ لەسەروبەندی ریفراندۆمدا بزوتنەوەی گۆڕان بایکۆتی هەمو پرۆسەکەی کرد، هەر لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و بایکۆتکردنی داینشتنی پەرلەمان بۆ بەیاساییکردنی پرۆسەکە و لە هەمو بەیاننامەکانیدا جەختی کردەوە لەوەی ئەنجامدانی لەوکاتەدا بە زیان دەشکێتەوە، وە بەیاننامەی کۆتایی جڤاتی نیشتیمانی لە رۆژێک پێش ریفراندۆم باسی لەوەکردبو کە ئۆباڵی هەر مەترسی و شکستێک دەکەوێتە سەر ریفراندۆمچییەکان، جگە لەوەش بەشداری رێکخەری گشتی لە ریفراندۆمەکەدا بابەتێکی شەخسی بوە، چونکە زۆرینەی ئێمە بایکۆتمان کردوە و منیش وەکو شەخس کە سەرۆکی پەرلەمان بوم بایکۆتم کردوە، هەروەها تاکە هێز بوین کە کەمپەینمان بۆ پرۆسەیەکی ناشەرعی نەکردوە نە بەبەڵێ نە بەنەخێر.


عینادی لە حکومەتدا

ساماڵ سەردار، وەزیری دەستلەکارکێشاوەی بازرگانی و پیشەسازی لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: تا لە حکومەت بوین لە هیچ شتێک سازشمان نەکردوە کە دژى بەرژەوەندى گشتى خەڵکی هەرێمى کوردستان بوە و رێگریمان لە زۆر بابەت کرد، لەگەڵئەوەی بەجۆرەها شێوە هەوڵدەدرا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ قایلکردن و سازشکرنمان.
وتیشی :"تا تیمی گۆڕان لە حکومەت بون رێگرییان لە سەپاندنی پاشەکەوتی موچەکرد، تا ئەوکاتە نە موچە دواکەوت، چونکە کە چونە حکومەتەوە تەنها دو موچە دواکەوتبو لە (12)ى ئۆکتۆبەریش کە تیمەکە چونە دەرەوە تەنها دو موچە دواکەوتبو، بۆیە نە دۆخى موچە بەم شێوەیە بو لەو کاتەى ئێمە لە حکومەت بوین نە سیستمى پاشەکەوت سەپێندرابو بەسەر موچە خۆراندا".

ساماڵ سەردار جەختی کردەوە؛ ئەگەر لەسەر یەکێک لەو دۆسیەیانە سازشمان بکردایە گۆڕان هەرچى بوتایە بۆى دەکرا و دەیان پۆستى دیکەى وەردەگرت کە پێشتریش هەر مستەحەقاتى خۆى بو بەڵام نەدرابون، بەڵام ئامادەنەبوین سازش لەسەر هیچ کام لەو پرەنسیپانەى بکەین.

پۆستی پارێزگاری سلێمانی

یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی بزوتنەوەی گۆڕانی پێ تۆمەتبار دەکرا، وەرنەگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بو بە مەرسومی سەرۆکایەتی، لەکاتێکدا گۆڕان پێشتر لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پارێزگای سلێمانی، رازی بو رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکات و لە ساڵ و نیوێکی مافی خۆی خۆش بێت و پۆستەکە بدرێتە یەکێتی.

لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی (30/4/2014) رێککەوتن لەسەر ئەوەی، بەپێی بەركەوتی هەڵبژاردن بەشدار و هاوبەشن لە بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی، لەو هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆران (359600) دەنگ و رێژەی (40.55%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناو بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنی دەبو بزوتنەوەی گۆران بۆ هەر چوار ساڵ پۆستی پارێزگاری سلیمانی لای ئەو بوایە، بەڵام بەپێی ئەو رێكەوتنەی  کە لەنێوان گۆڕان و یەکێتی ئەنجامدرا، دو ساڵی یەكەمی پۆستی پارێزگای سلێمانی لە بەرواری (11/12/2014)ەوە تا (9/8/2016) لای یەکێتی بێت و كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دو ساڵی دوەم پۆستی پارێزگای سلێمانی وەردەگرێت و (د.هەڤاڵ ئەبوبەكر) لە بەرواری (10/8/2016) دەست بەكار دەبێت تا کۆتایی خولی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

بەپێی بڕگەی سێی ماددەی (18) لە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009)ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆ دەستبەكاربونی پارێزگار پێویستە مەرسومێكی هەرێمی لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە دەربچێت، بەڵام پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان چەندینجار رایانگەیاند كە ویلایەتی بارزانی كۆتایی هاتوە، بۆیەش ئامادە نین دان بە مەرموسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا بنێن بۆ دەستبەكاربونی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا زیاتر لە (250) هەزار دەنگی و نزیکەی (70%)ی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی بەربەستە سیاسى و یاساییەکان ئەو پۆستەی وەرنەگرت، تا ئەو کاتەی مەسعود بارزانی لە پۆستەکەیدا مایەوە و ئیمزای مەرسومی سەرۆکایەتی دەکرد، دوای چۆڵکردنی کورسییەکەی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، رۆژی دوشەممە (4/12/2017) د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، وەک پارێزگاری یاسایی و هەڵبژێردراوی خەڵک و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەکاربو.


گۆڕینی سیستمی سیاسی و حكومڕانی و نوسینەوەی دەستور

بزوتنەوەی گۆڕان هەر زو دركی بەوەكردبو كە كەڵكەڵەیەك هەیە بۆ بەلاڕیدابردنی سیستمی سیاسی و حكومڕانی بەرەو سیستمێكی سەرۆكایەتی هەتا هەتایی و مەترسیدار، ئەم مەترسییەش لە (30) حوزەیرانی (2013) بەتەواوی هەستی پێكرا كاتێك یەكێتی چوە ژێر باڵی پارتی و بە نایاسایی ماوەی ویلایەتەكەی بارزانی درێژكردەوە، ئەگەر ئەوە روی نەدایە، هەرگیز ئەم رۆژە رەشەمان نەدبینی كە ئێستا هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە.

بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رێگریی كردن لە مەترسی سەرهەڵدانی سیستمێكی دیكتاتۆری سەرۆكی هەتا هەتایی پەنای برد بۆ:

-  گێڕانەوەی رەشنوسی پرۆژەی دەستور بۆ پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی لیژنەی نوسینەوەی دەستور و دەستبەكاربونی ئەو لیژنەیە بۆ نوسینەوەی دەستورێكی نوێی، كە لەسەر بنەمای سیستمێكی پەرلەمانی دابڕیژرێت، ئەگەر چی ئەم لیژنەیە كارەكانیان تەواو نەكرد و لیژنەكەیان پەكخرا، بەڵام یەكێك لەو سەروەریانەی گۆڕان شانازی پێوە دەكات، گێڕانەوەی ئەو رەشنوسی دەستورە بو كە بە پەسەند كردنی هەرێمی كوردستان دەبوە مۆدێلێك لە مۆدێلە حوکمڕانەكانی سوریا و یەمەن و میسر و تونسی رابردو، هاوشێوەی حوكمەكانی موبارەك و ئەسەد و قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵح.

- پێشكەش كردنی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە لە (18) ماددە پێكهاتبو، بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لەسەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، ئەگەرچی یەكێتی و یەكگرتو بەهانشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژە یاسان هەبو بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی نەبێت ئەو دو لایەنەی دیكە رێزیان لە پرۆژەكانی خۆیان نەگرت و پەشیمان بونەوە لە پرۆژەكانی خۆیان، هەر ئەم ئیرادە سەرسەختەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بو وای لە پارتی كرد پەرلەمانی كوردستان پەكبخات بۆ ماوەی دو ساڵ نەهێشت سەرۆكی پەرلەمان بچێتەوە سەر كارەكەی خۆی، تا یەكێتی و یەكگرتو چونەوە پەرلەمان و بەهاوكاری پارتی پەرلەمانیان بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمە شكستخواردوەكەیان كارا كردەوە.


بەدامەزراوەییكردنی دۆسیەی نەوت

لەگەڵئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام لەڕێگەی بەیاننامە و پرۆژەكانییەوە پێداگری لەسەر بەدامەزراوەیی و شەفافكردنی پرۆسەی نەوت و دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتەكەی كردوەتەوە لە پەرلەمانی كوردستانیشدا كاری كردوە لە رێگەی:

- پێشكەشكردنی پرۆژە یاسا بۆ (سندوقی داهاتە نەوتییەكان، بەبازاڕكردنی نەوت، دۆزینەوەی بیرە نەوتەكان، پاڵاوتنی نەوت) بەو شێوەیەی لەیاسای نەوت و گازدا هاتوە، بەڵام تەنها یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەكان پەسەندكرا و ئەوانی دیکە تەنها خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.

بەگژداچونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی

 رەنگە كەم هێزی سیاسی هەرێمی كوردستان هەبێت هێندەی بزوتنەوەی گۆڕان بەگژ دیاردەی گەندەڵیدا چوبێتەوەو بەرەنگاری كردبێت، لەم بوارەشدا هەوڵەكانی تەنها لەسەر ئاستی وتار نەبوە، بەڵكو هەوڵی بەیاسایی كردنی ڕێگاكانی بەگژداچونەوەشی داوە لەڕێگەی:
- هەمواركردنەوەی یاسای دەستەی گشتی دەستپاكی بەجۆرێك رونترو شەفافانەتر كارەكانی ئەنجام بدات، بەم پێیەش یاسای ژمارە (7) ساڵی (2014)ی لێ بەرهەم هات.
- دەركردنی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی و پێكهێنانی كۆمسیۆنەكە بۆ رێگریی كردن لە ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن. یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)ی لێ بەرهەم هات.
- پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای بە گژداچونەوەی گەندەڵی (تەنها خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا)
- پێشكەشكردنی پرۆژەی چاكسازی بەشێوەی بەردەوام.

07/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .