د.یوسف محەمەد: ئێوارەی (12)ی مانگ ئاهەنگی سەرکەوتنی گۆڕان دەگێڕین
د.یوسف محەمه‌د سه‌رۆكی لیستی (142)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت؛ گۆڕان به‌به‌رنامه‌ی رون له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستاندا دەچێتە بەغدا، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژگارێكی تازه‌ سه‌رهه‌ڵبدات پێویستە (12)ی مانگ بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، ده‌نگ به‌ لیستی (142)ی گۆڕان بده‌ن.

د.یوسف محه‌مه‌د سادق، کاندیدی ژمارە (1) و سه‌رۆكی لیستی (142)ی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، لە وتەیەکدا کە لە كه‌رنه‌ڤاڵی بانگه‌شه‌ی لیسته‌كه‌ی گۆڕان لە بازیان پێشکەشی کرد، رایگه‌یاند؛ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقی فیدراڵ، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ‌به‌رنامه‌ی رون و ئاشكرا و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی بۆ بواره‌كانی ئابور‌ی و نه‌وت و غاز پێیه‌ و له‌ به‌غدا كار بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌كات، كه‌ هه‌وڵی ئیداره‌دانی نه‌وت و غازی خۆی به‌مه‌رجی شه‌فاف بونی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و عێراقی و ناوه‌نده‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كان.

سه‌رۆكی لیستی (142)ی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی وتی؛ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕیگەی كۆمپانیای نه‌وتی عێراق (سۆمۆ)وه‌ چه‌ند جارێك بۆ گه‌لی كورد به‌سوده‌، به نرخی‌ نیوه‌ی بازاڕ نافرۆشرێت، ده‌وڵه‌تی عێراق به‌نرخی رۆژ نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشرێت، مانگانه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڕی هه‌نارده‌ و نرخی فرۆشتن بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش شه‌فافیه‌ت ده‌هێنێته ‌بون له‌ مه‌له‌فی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستاندا و بیانوی حكومه‌تی عێراقیش بۆ بڕینی بودجه‌ نامێنێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌غدا و له سه‌روبه‌ندی دروستبونی حكومه‌تی نوێ له‌ عێراق، پێداگریی له‌سه‌ر دابین كردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ناردنی موچه‌ و بودجه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌ناردنی سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌كات.

رونی كرده‌وه‌؛ به‌هۆی خولقاندنی ململانێی درۆینه‌كان له‌نێوان هه‌رێمی و به‌غدا له‌ ساڵی (2015)ەوە جوتیارانی هه‌رێمی کوردستان گیرۆده‌ی ململانێیەكانن و بونه‌ته‌ قوربانی له‌و نێوه‌نده‌دا، ‌به‌ر له‌ دروستكردنی ململانێیەكان، له‌كاتی دروێنه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان جوتیاران به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ حكومه‌تی عێراق ده‌فرۆشته‌وه‌ لەبەرئەوە له‌بواری ئابوریدا، كورد ده‌توانێت سود له تواناكانی عێراق بۆ پێشخستنتی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتوگوزار و ئاودێری له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگیرێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێداگری له‌سه‌ر پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌مو بواره‌كاندا ده‌كات.

د.یوسف محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، له‌ كارنامه‌ی لیستی (142)ی گۆڕاندا گرنگی تایبه‌ت به‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕێندراوەکان دراوه‌ و داهاتی سامانه‌ سروشتییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ ‌خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌یدا بێت نه‌ك داهات و نه‌وتی ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن مافیاكانی نه‌وتەوە له‌ هه‌رێمی كوردستان بدۆشرێت. 

سەرۆکی لیستی گۆڕان جەختی کردەوە کە لە (12)ی ئەم مانگە و به‌ پشتیوانی خودا و هه‌وڵ و هیمه‌تی گۆڕانخوازان لیستی (142)ی گۆڕان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ تۆمار ده‌كات و بۆ كۆتایی هێنان به‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌غدا پرۆژه‌ و نه‌خشه‌ رێگای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ئامادە دەکات.

د.یوسف محەمەد سادق، داوای لە دەنگدەرانی كوردستان ‌کرد بچن كارته‌كانیان لە کۆمیسیۆن وه‌ربگرنه‌وه‌ و بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، تا رێژه‌ی به‌شداریی كردن زۆر بێت كه‌متر فێڵ و ته‌زویر تیادا ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژگارێكی تازه‌ له‌ كوردستان سه‌رهه‌ڵبدات، له‌ رۆژی ده‌نگداندا و سه‌رله‌به‌یانی (12)ی مانگ بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، ده‌نگ به‌ لیستی (142)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بده‌ن و بۆ ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ، مژده‌ی خۆش به‌ خه‌ڵكی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین.
07/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .