كه‌لار؛ کەرنەڤاڵی سەرخستنی بۆ لیستى گۆڕان (142)
له‌ كه‌لار كه‌رنه‌ڤاڵ و ئاهه‌نگی سه‌رخستنی لیستی گۆڕان ژمارە(142) سازكرا گۆڕانخوازان رایانگەیاند: له‌رۆژی ده‌نگداندا سزای گه‌نده‌ڵكاران و وڵات فرۆشه‌كان دەده‌ن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، به‌ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌كی زۆر لە هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان و کاندیدانی لیستی گۆڕان، كه‌رنه‌ڤاڵ و ئاهه‌نگی سه‌رخستنی لیستی گۆڕان ژمارە (142) لە کەلار سازكرا و له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا خه‌ڵاتی برینداره‌كانی (17)ی شوبات و رۆژانی دوایی و باوكی شه‌هید بیلال و شۆفێری كه‌شتیه‌كه‌ی گۆڕان و ژمارەیەکی لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان له‌ گه‌رمیان كرا.

مام رۆسته‌م هه‌ڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەوتەیەکیدا رایگەیاند؛ گۆڕان دڕی شه‌وه ‌زه‌نگی تاریكی و خۆری ئازادی و یه‌كسانی بۆ‌ ئاسمانی كوردستان هێنا، خه‌ڵكی له‌ دز و تاڵانچی و خاك فرۆشان بێدار كرده‌وه،‌ گۆڕان له‌سه‌ر دروشم و ئامانجه سه‌ره‌كییه‌‌كانی خۆی سوره‌ و هیچ جۆره‌ سازش یان پاشگه‌زبونه‌وه‌یه‌ك به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا نه‌هاتوه‌‌، ئامانجیشی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌. ‌

وتیشی :"له‌رۆژی ده‌نگداندا بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و سزای گه‌نده‌ڵكاران و وڵات فرۆشه‌كان بده‌ن پێیان بڵێن ئه‌وه‌ یه‌كێتی و پارتی بو شكۆی هه‌رێمیان ‌شكاند و خه‌ڵكه‌كه‌شیان توشی قه‌یران و نه‌هامه‌تی كردوه‌".

لاى خۆیانەوە گۆڕانخوازان و خەڵکى سنورەکە دوپاتیان کردەوە کە لەپێناو بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتیماندا پاڵپشتى لیستى (142)ى گۆڕان دەکەن و درێژە بە رێباز و خەباتى رێبەرى نیوسەدە لە خەباتى گەلى کورد دەدەن.

لە کەرنەڤاڵەکەدا، ژمارەیەک لە کاندیدانی لیستی گۆڕان ژمارە (142) لە پارێزگای سلێمانی کارنامە و بەرنامەی خۆیان بە گۆڕانخوازان و هاوڵاتیان ناساند و داوایان کرد لە رۆژی دەنگداندا بەشداریی بکەن و دەنگ بە لیستی گۆڕان و کاندیدەکانی بدەن.

دواتر ژمارەیەک هونەرمەند بە گۆرانی بەشداریی کەرنەڤاڵەکەیان کرد و جۆش و خرۆشێکی زیاتریان پێبەخشی.

08/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .