د.یوسف محەمەد: هاوكێشەی نوێنەرایەتی كردنی كورد لە بەغدا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت
د.یوسف محەمەد، رایگەیاند: هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی نەخشەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان دەگۆڕێت و سەنگی لایەنەکان دەردەخات، بەتایبەت هاوكێشەی نوێنەرایەتی كردنی كورد لە بەغدا تاڕادەیەكی زۆر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی لیستی گۆڕان ژمارە (142) بۆ هەڵبژاردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەپارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا، هاوكێشەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا تاڕادەیەكی زۆر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەتایبەت هاوكێشەی نوێنەرایەتی كردنی كورد لە بەغدا و قورسایی لایەنە سیاسییەكان دەردەكەوێت، رێگاش خۆش دەكات بۆ ئەوەی بەزوترین كات هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت.

لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ سایتی (رۆژ نیوز)، سەرۆکی لیستی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەوكاتە هەڵەیەدا و رادەستكردنی زیاتر لە (50%)ی خاكی هەرێمی كوردستان لە (16)یی ئۆكتۆبەردا بە هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی، كاریگەریی گەورە لەسەر دەنگی كورد لەو ناوچانە بەجێدەهێڵێت، بەدڵنیاییەوە دەنگی كورد لەو ناوچانە کەمدەکات، بەتایبەت رێژەی كورسییەكانی یەكێتی و پارتی.

وتیشی :"ئێمە پڕۆژەیەكی جێگرەوە و هاوپەیمانیەكی جێگرەوەمان لە ناوچە جێناكۆكەكان پێشكەش كردوە، بەو شێوەیە هەوڵدەدەین كە دەنگدەری كورد ئاشت بكەینەوە، بۆ ئەوەی دەنگەكانی كورد پەرت نەبێت، داوادەكەین دەنگدەری ناڕازی لە یەكێتی و پارتی دەنگ بە لیستەكەی ئێمە بدەن، بۆ ئەوەی كورد هەڵبستێتەوە لەو ناوچانە پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە لەگەڵ نەتەوەكانی دیکەدا دروست بكەین".

سەرۆکی لیستی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی جەختی کردەوە کە؛ دەڕۆنە بەغدا شەڕی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن، لە بەغداشەوە كار بۆ چەسپاندنی مافەكانی هاوڵاتیان دەكەن لە هەرێمی کوردستان و دژی گەندەڵی دەوەستنەوە،  لە دۆسیەی نەوتدا كار بۆ ئەوە دەكەن كە خەڵك سود لە نەوت وەربگرێت، وتیشی :"پڕۆژەی ئێمە لە بەغدا پڕۆژەیەكی نیشتمانییانە دەبێت، لە بەغداشەوە كار بۆ چەسپاندنی مافەكان دەكەین لە هەرێمی كوردستان، کار بۆ چەسپاندنی مافەكانی هاوڵاتیان و هێنانەكایەی دادوەریی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دەكەین لە هەرێمی كوردستان".
08/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .