قادر حاجی عەلی: هەولێر بڕیاری داوە بیگۆڕێت و ئەیگۆڕێت
قادر حاجی عەلی، سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتەیەکدا کە لە کەرنەڤالی سەرکەوتنی لیستی گۆڕان لەهەولێر پێشکەشی کرد؛ سڵاوی گەیاندە هەولێر و هەولێرییەکان و وتی: کورد دەڵێت، روناکی مانگەشەو سەر لەئێوارە دیارە، لە ئێستاوە دڵنیابوین سەرکەوتوین، سەرکەوتنی ئێمە لە ئێستاوە و لە یەکەم رۆژی هاتنمان بۆ هەولێر و دەستکردن بە بانگەشە لەم شارە بۆمان دەرکەوت هەولێر بڕیاری داوە بیگۆڕێت و ئەیگۆڕێت.

ئاماژەی بەوەکرد، وەکچۆن وتاری سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە هەولێرەوە پێشکەش کرد، هەر لەهەولێریش وتاری کۆتایی لیژنەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەخوێننەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە کە هەولێر جێگەی گۆڕانکاریی و یەکلایی کردنەوەی بابەتەکانە.

قادر حاجی عەلی، ئاماژەی بەوەکرد؛ دەسەڵات لە هەڵبژاردن و خەڵک و قسەی حەق و رەخنە دەترسێت، ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکە، ترسی لەهەڵبژاردن هەیە چونکە ئێوە ترستان خستوەتە دڵیانەوە بۆیە هەمو هەوڵ و تەقەلاییەک دەدەن و بەدوای درز و کەلێن دەگەڕێن بۆ ئەوەی تەزویر بکەن، بەڵام ئەو دەرفەتەیان زۆر کەم بۆ ماوە یان نەماوەتەوە، بۆیە دەسەڵات لە دەنگەکانی ئێوە دەترسێت.

ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵاتداران ترسیان لە خەڵکی کوردستاندا هەیە، لە وڵاتانی دنیادا چونکە دەسەڵاتداران بەشێوەی دیموکراتی هەڵدەبژێردرێن، ترسیان نییە چونکە هەڵبژێردراوی خەڵکن، بەڵام دەسەڵاتدارەکانی ئێرە پەیوەندیان لەگەڵ خەڵکدا نەماوە سەدان سەیارە و پاسەوانیان هەیە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە متمانەیان بەخەڵک نییە، وەکچۆن خەڵک متمانەیان پێیان نەماوە.

وتیشی :"ئێوە بینیتان  کە کاک نەوشیروان یەک تەنها کەسی لەگەڵدا بو بەتەنها دەگەڕا لەشارا چونکە لە خەڵک ناترسا و دەیزانی لەهەر شوێنێک روبەڕوی مەترسی ببێتەوە خەڵک بەرگریی لێدەکات".

قادر حاجی عەلی، رایگەیاند: دەسەڵاتدارانی هەرێم ترسیان لە وتەی حەقە، ئێمە رەخنە دەگرین ئەوان دەڵێن تیرۆری فیکری دەکەن، ئەوان هەڵەیان زۆرە، لە هەولێر و بادینان لە کاندید دەدەن و خەڵتانی خوێنی دەکەن، لە شەقڵاوە بەبەردی گەورە دوای کاندیدەکانی ئێمە دەکەون، ئەوە تیرۆری جەستەیی و فکرییە، نەک رەخنەکان.

دەقی وتارەکە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبانەوە
ھاونیشتمانیانی ئازیزی ھەرێمی کوردستان‌
کوردانی بەڕێزی تاراوگە
گۆڕانخوازانی خۆشەویست

ساڵانێکی زۆرە خەڵکی ئێمە نائومێدە بە دەست سیاسەتی بەد و حوکمڕانی گەندەڵ و سیاسەتمەداری نابەرپرس و بێ ویژدانەوە. ئێمە دەزانین خەڵکی ھەرێم چەندە شەکەتی دەرئەنجامی سیاسەتە شکستخواردوەکانی ئەم جووت خێزانە حیزبییەن کە جگە لە گیرفان پڕکردن و پۆست و پلە و پایە، ھیچ ئامانجێکی تریان لە نوێنەرایەتیکردنی ئەم ھەرێمە لە بەغدا نەبووە.

پارتی و یەکێتی سیاسەتیان لە وڵاتی ئێمەدا ناشیرین کرد، بەجۆرێک کە سیاسەت ھاوتاکراوە بە دزین و درۆ و خیانەت. لەبری ئەوەی سیاسەت ببێت بە چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی بۆ پاراستنی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری و زامنکردنی ماف و ئازادییەکان، کردیان بە کەرەسەیەک بۆ برسێتی و ھەژاریی و بێدادی و چەوسانەوە. لەکاتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکاندا، بینیمان کە ئەمانە جگە لە پاسەوانە شەخسیی و شەقوەشێنە حیزبییەکانی خۆیان، کەسی تریان نەماوە بەرگرییان لێ بکات.

ھاونیشتمانیانی ئازیز

خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەگشتیی و، بەتایبەتیش خەڵکی شاری کەرکوک و دوزخورماتوو و شەنگال و ناوچە دابڕێنراوەکانی تر، تەنھا لەم دەسەڵاتە ناڕازیی نین، بەڵکو نائومێدیشن لە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵ. بزوتنەوەی گۆڕان وایدەبینێت ھەولێر و بەغدا پێکەوە بەشدارن لە ھێنانەکایەی ئەو دۆخە کارەساتبار و نالەبارەی ئەمڕۆ، کە ھەرێم و شاری کەرکوک و ناوچە دابڕینراوەکان لەگەڵیا دەرگیرن. ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان چ لە ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان و چ لە ئێستاشدا وەک لایەنێکی (لیستی نیشتیمان) لەو ناوچانە، ھەمیشە بەرگریمان لەو مافانە کردووە کە بەپێی دەستوور دەستەبەرمانکردون. ئێمە میللەتێکین لەپێناو ئازادی و مافەکانمان جینۆسایدمان بینی، بۆیە رێگا نادەین ھێزە تائیفی‌و توندڕەوە نەتەوەییەکان دیموگرافیای سیاسیی و کۆمەڵایەتی شاری کەرکوک و ناوچەکانی تر بگۆڕن و دەستکاری ناسنامەی کەرکوک بکەن. کەرکوک چەندە جێگای شانازییە بۆ ئێمەی کوردستانییان، ھێندەش جێگای شانازییە بۆ پێکھاتە فرەڕەنگ و فرەدەنگەکەی ناوی. ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان خەبات بۆ بەرجەستەکردنی پرنسیپەکانی سیستەمێکی فیدرالیی دیموکراسیی پەرلەمانی دەکەین کە بتوانێت ماف و فرەیی پێکھاتە جیاوازەکانی ناو عێراق بپارێزێت. کۆتایی بە کولتووری براگەورەیی بھێنێت و دەستور ببێت بە چوارچێوەیەکی ھاوبەش بۆ پێکەوەژیانێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئارام، خەڵکی کوردستان سودمەندبێت لە هەموو ئەو چانسە ئابوورییانەی کە دەوڵەتی عێراق دەیڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و هەموو کەرتە ئابورییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان.

وەک بزوتنەوەی گۆڕان بڕوامان وایە تاکە چارەسەرێک بۆ داھاتووی دەوڵەتی عێراق، دروستکردنەوەی مۆدێلی شوناسێکی ئەتنیی یان تائیفیی نییە بەناوی عێراقیبوونێکی تازەوە، بەڵکو ئامادەگیی دەستوورێکی مافپەروەر و دیموکراسییە کە بتوانێت ماڵێکی سیاسیی بۆ ھەموو تاکەکان و پێکھاتە جیاوازەکانی ناو دەوڵەتی عێراق دروستبکات. دەستورێک کە ھەمووان بەبێ جیاوازیی خۆیان بە خاوەنی بزانن و ئینتیمایان بۆی ھەبێت.


ھاوڵاتیانی خۆشەویست

ئەندازیارەکانی شکستی سیاسیی و ئیداریی و سەربازیی لە ھەرێم ناتوانن ببن بە ئەندازیاری ھەستانەوە و بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان. ئەم ھێزانە لەوەدەرچون شەرمی سیاسییان ھەبێت. ئەوان شەرمەزارییە نیشتیمانییەکانیان دەخەنە پاڵ یەکتر، بۆئەوەی خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە و خەریکی سیناریۆی دابەشکردنی رۆڵی شەرم و سەرشۆڕیین لە ناو خۆیان. بەڵام ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان و خەڵکی وشیاری ھەرێم، ئەو راستییە باش دەزانین کە تاوانبار یەک تاوانی ھەبێت یان دووان، ھەر تاوانبارە.  ھەموو تاوانکارێکی سیاسییش دەبێت بە سزای یاسایی و مێژوویی خۆی بگات. (12)ی(5) لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئەو ھەلە گرنگەتان لەبەردەستدایە و کۆتایی بەو مێژووە پڕ شکست و شەرمە نیشتیمانییە بھێنین کە ئەم دوو ھێزە و سەرکردەکانیان بۆ خەڵکی ئێمەیان بەرھەمھێنا.

ھاونیشتمانیانی ئازیز لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، ١٢ی ئەم مانگە ڕۆژی ھەق و حیسابە لەگەڵ نەوتفرۆش و خاکفرۆشەکانی ئەم ھەرێمە. دەتوانن سزای ئەوانە بدەن ئەم گەل و خاکەی ئێمەیان بەم دەردە برد و پاداشتی ئەو ھێزەش بکەن کە ھەمیشە لەخەمی سەربەرزیی و شکۆی ئێوەدا بووە.

مامۆستایان‌، فەرمانبەران، نوسەران، ڕۆشنبیران‌و هونەرمەندان، مامۆستایانی ئاینی، ئافرەتان، گەنجان، خوێندکاران، پزیشكان‌و ئەندازیاران، وەرزشکاران، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، جوتیاران، میدیاکاران، کرێکاران، بازرگانان، شۆفێران، چالاکوانە مەدەنیەکان، کاسبکاران‌و سەرجەم چین‌و توێژەکان... ڕۆژی ١٢/٥، ڕۆژی تۆڵەیە لە وڵات فرۆشان‌و ستەمکاران. ئەگەر سەبری زۆرتان کردوە، دەبا تۆڵەتان بەزەبربێت‌و بە دەنگەکانتان سزایانبدەن و هەنگاو بەرەو خەونی خۆتان بنێن‌، تاوەکو بەکەرامەت‌و سەربەرزیەوە داهاتوتان مسۆگەربکەن.

کوردانی بەڕێزی تاراوگەنشین

ئێوەزۆربەتان لە وڵاتانی دیموکراتی‌و پێشکەوتودا دەژین، دەبینن میللەتانی تر چۆن ژیانی خۆیان‌و نەوەکانی داهاتویان زامن‌و خۆشکردوە، دەبا هەنگاوەکانتان بۆ کۆتایی هێنانی ژیانی دورو غەریبی خۆتان‌و خۆشگوزەرانی کەسوکارتان بێت لە کوردستان و تۆڵە لە سەبەبکارەکان بکەنەوەو دەنگبدەن بە کاندیدەکانی گۆڕان، باچیتر گەندەڵ‌و عەقڵیەتی خێڵ‌و بنەماڵە‌و گروپە مافیاکان نەتوانن نوێنەرایەتی هاوڵاتیان بکەن بۆ دەستکەوتی‌ کەسی و بنەماڵەیی‌و حیزبی.

هێزەکانی پێشمەرگەو پۆلیس‌و ئاسایش

پێشمەرگە بە خوێنی خۆی‌و لەسەرحیسابی ژیانی ماڵ‌و منداڵی، بەرگری لە کوردستان دەکات، کەواتە پێشمەرگە ئەو کەسە ئازاو لە خۆبوردەیە کەئامادەی قوربانیە بۆ گەل‌و نیشتمانەکەی. ئێوە قارەمانێتیتان نواندو کەمئەندام بون‌و شەهیدتاندا، منداڵەکانتان بێ ناز مانەوە. ئەمەش ئەرکێکی مرۆڤایەتی‌و نیشتمانی و ئاینی بو بەجێتان هێنا، ئەی نەتاندی ئێوەیان بەبێ بەرنامەو بەبێ پێداویستی بەتەنها جێهێشت‌و لە شکۆیان کەمکردنەوە. پێمانوایە ئێستا لاتان ئاشکرابو کە خوێنی ئێوەیان بەرامبەر بیرە نەوت‌و چنگێ پارەو دەسەڵات بەکارهێنا، ئێوە چۆن لە جەنگدا قارەمان بون، بێگومانین لە دەنگدانیشدا، قارەمانترن‌و هەڕەشەو گوڕەشەی فەرماندە بەزیوەکان ناتان ترسێنێت، بۆیە با دەنگتان بۆ نیشتمان‌و گەل بێت، بادەنگتان دژی گەندەڵ‌و بازرگانەکانی جەنگ بێت.

پۆلیس پارێزەری سەروماڵی هاوڵاتیانە، شەونخونی ئەوان بۆ ژیانی ئارامی ئێمەیە، کەواتە دەنگەکانیشتان دەبێت بۆ ئارامی وڵات بێت، تاوەکو ئێوەو ئێمەش بەسەرفرازی بژین.

ئاسایش هێزی دروستکەری ئارامی وڵاتە، ئەم دەسەڵاتە هەوڵیداوەو هەوڵیش دەدات بتانکات بەگژ خەڵکی کوردستاندا، دەیەوێت ببنە داردەست‌و کوتەکی ئەوان. ئێمە بڕوامان وایە کە هێزەکانی ئاسایش ڕۆڵەی بەئەمەک‌و دڵسۆزی ئەم میللەتەن، بۆیە هەرگیز نەچاوەڕێمان لێکردون‌و نە چاوەڕێشدەکەین ئێوە بچنە بەرەیەك‌و دایک‌و باوك‌و خوشک‌و براکانتان بخەنە بەرەیەکی ترەوە، ئێوەش وەک هاوڵاتیان تر، بەشخوراون‌و چاوەڕێی هیمەت‌و قارەمانیتانین، لەسەر سندوقەکانی دەنگدان کە تەنها خۆتان‌و خوای خۆتان ئاگادارە، خەونی چاوچنۆکی گەندەڵ‌و دزەکان لەباربەرن، دڵنیاشبن بە هەموو شێوەیەک بەدواداچوونی یاسایی بۆ هەر بەرپرس و حزبێک دەکەین کە فشارتان لەسەر دروست بکەن.

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان

شەهیدەکانی ئێوە شەهیدی هەمومانن، شەهیدی کوردستانن، مەهێڵن حیزبێک یان بنەماڵەیەک بازرگانی بەخوێنیانەوە بکات، گەورەترین زوڵم‌و ناعەدالەتی بەرامبەر شەهید ئەوەیە، کە لە گەورەییەکەی کەمبکەیتەوە، لەشەهیدی نیشتمانێکەوە، بیکەیتە شەهیدی حیزبێک. بەراوردی ژیانی خۆتان‌و ئەوان‌بکەن‌، بزانن چ نایەکسانیەک هەیە. ئەو موچەیەش کەچەند مانگ جارێک وەریدەگرن، خێرنیە بە ئێوە بکرێت، کەسیش ناتوانێت مننەتان بەسەردابکات، ئەوە پاداشتی خوێن‌و خەباتی شەهیدەکان‌و کەسوکارەکانیانن. بۆ ئاسودەکردنی گیانی شەهیدەکانمان، ئەوانە وەدەرنێن کە مننەتتان بەسەردادەکەن‌و بازرگانی بەخوێنی شەهیدەکانتانەوە دەکەن. لەم دەنگدانەدا، تۆڵەیان لێبکەنەوەو دەنگبدەن بە کاندیدەکانی گۆڕان کە پارێزەری مافەکانی ئێوەدەبن.

ھاوڵاتیانی بەڕێز

چونتان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان مانای ئەوەیە بڕوا و ئومێدتان بە بزوتنەوە پڕئیرادەکەی خۆتان بەردەوامە. پەنجەمۆرتان لەسەر لیستەکانی خۆتان لیستی ١٤٢ی گۆڕان و لیستی ١٨٣ی نیشتمان ‌و کاندیدەکانی بزوتنەوەکەتان، مانای ھەڵبژاردنی تاکە ھێزی متمانەپێکراوی ئێوەیە. ئەو ھێزەی ھەمیشە و بەبەردەوامیی و دڵسۆزانە و خۆبەخشانە خەباتیکردوە بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی ھاونیشتیمانانی ئەم ھەرێمە لە عێراقێکی فیدراڵدا.

دڵنیاتان دەکەینەوە ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکان کاردەکەین بۆ ئامادەکردنی پرۆژەی بەدیلی خۆمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵ و هەوڵی دروستکردنی زۆرترین کۆدەنگی نیشتمانی دەدەین.

لەکۆتایدا زۆر سوپاسی هاوڵاتیانی خۆشەویست لەناوەوەو دەرەوەی وڵات دەکەین کە بە جۆش‌و خرۆشیکی زۆرەوەو خۆبەخشانە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشداربون. سوپاسی بێ پایانمان بۆ پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ کە ئارامی بانگەشەی هەڵبژاردنیان پاراست. بەم بۆنەیەشەوە، ڕۆڵی گرنگی هەمو دەزگاکانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هەڵسوڕاوان‌و دەنگدەران‌و دڵسۆزانی گۆڕان بەرزدەنرخێنین کە بەهیلاکی‌و ماندوبونتان بونە مایەی شانازی ئێمەو وەفای خۆشتان بۆ بیروباوەڕەکانی گۆڕان‌و ئاسودەکردنی ڕۆحی کاک نەوشیروان دوپاتکردەوە.

گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامە. پەیمانتان پێ دەدەین، وەک ھەمیشە، لە خزمەتی ئێوە و لە خەمی پاراستنی ماف و شکۆ و کەرامەتە ئینسانیی و نیشتیمانییەکانی ئێوەدا بین.

ھەر شاد و سەرفرازبن

09/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .