گۆڕان، هاوپه‌یمانی و كۆمه‌ڵ: فشار دروستكردن له‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌تدا جێگه‌ی قبوڵ نییه‌
هه‌رسێ دامه‌زراوه‌ی هه‌ڵبژاردنی گۆڕان، هاوپەیمانی و کۆمەڵی ئیسلامی، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ كارتی بایۆمه‌تری باركۆدی شاراوه‌ی تێدایه‌ و كه‌س ناتوانێت ئاشكرای بكات.  

ئه‌مڕۆ (8/5) هه‌رسێ دامه‌زراوه‌ی هه‌ڵبژاردنی (گۆڕان، هاوپەیمانی و کۆمەڵی ئیسلامی) له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چو، رایانگه‌یاند؛ گۆڕینی شێوازی ده‌نگدان و گۆڕینی بۆ سیستمی ئه‌لیكترۆنی، ده‌رفه‌تی بۆ ته‌زویركردنی یه‌كێتی و پارتی كه‌مكردۆته‌وه،‌ ئه‌وانیش‌ له‌ترسی دۆڕاندنیان، فشاریان له‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان دروست كردوه.

راشیانگه‌یاند؛ دروستكردنی فشار له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌نگدانی تایبه‌ت، جێگه‌ی قبوڵ نییه‌ و سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و فه‌رمانده‌ حیزبی و سه‌ربازیانه‌ی پێشیلكارییان ئه‌نجام داوه‌ تۆمار ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یان له‌‌ پازده‌ كه‌س زیاتره‌.

ئه‌وه‌ش رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ به‌دواداچونی‌ یاساییانه‌ ده‌كه‌ن بۆ هه‌مو ئه‌و فه‌رمانده‌ و كاندید و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ ناوه‌نده‌كانی سه‌ربازی ‌به‌كارده‌هێنن بۆ بانگه‌شه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی یاسا و رێنماییه‌كانی هه‌ڵبژاردن رێگه‌پێدراو نیه‌.

هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد، كۆپی كارتی بایۆمه‌تری له‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كان وه‌رگیراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی له‌ڕێی كۆپی كارته‌كه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت ده‌نگ به‌كێ دراوه‌، ئه‌وان هه‌مو هێزه‌ سه‌ربازیه‌كان دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ كارتی بایۆمه‌تری باركۆدی شاراوه‌ی تێدایه‌ و كه‌س ناتوانێت ئاشكرای بكات.   
09/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .