کەرنەڤاڵی سەرکەوتن؛ هەولێر و هەولێرییەکان بڕیاری گۆڕانکارییان داوە
لە هۆڵی ئەوتاری شاری هەولێر، کەرنەڤاڵ و ئاهەنگی جەماوەری بەرەو سەرکەوتنی لیستی گۆڕان ژمارە (142) سازکرا و سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکانیش رایگەیاند: هەولێر شوێنی گۆڕانکارییە و لەیەکەم رۆژی بانگەشەوە دەرکەوت کە هەولێر بڕیاری گۆڕانکاریی داوە.

مەراسیمەکە، بەبەشداریی سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و کاندیدانی لیستی (142)و هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان و جەماوەرێکی زۆر، سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەچو، سەرەتا بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەستی پێکرد.

هێمن شێخانی، باژێڕوانی مەکۆی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان لە وتەیەکدا، رایگەیاند: بەپێویستی دەزانین سوپاسی تاک بە تاکی گۆڕانخوازان و لایەنگرانمان بکەین کە نۆ ساڵە خۆبەخشانە کار بۆ سەرخستنی پەیامێک دەکەن کە دواین پرۆژەی سیاسی نەوشیروان مستەفایە لە پێناو عەدالەتی کۆمەڵایەتی و مافی هاوڵاتی بون.

شانازییەکەی گەورەیە و هەرگیز مێژوی سیاسی ئەم ناوچەیە ناتوانێت لەبەرچاوی نەگرێت، بەتایبەتی ئەوانەی بە گیرفانی بەتاڵ و خەونی گەورەوە دژی ناعەدالەتی وەستانەوە، چونکە هەولێر شوێنێکە کۆتایی بە حوکمی بنەماڵە و گەندەڵ و خیانەتکاران دەهێنێت.

وتیشی :"لەرۆژانی رابردودا، زۆر بە ئارامی بانگەشە دەکرا، بەڵام گۆڕان روبەڕوی فشار و پەلامار بوەتەوە، ئەوەش نەک ساردی نەکردوینەتەوە، بەڵکو رۆژ بەرۆژ پەیامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر بڵاودەبێتەوە و ئاڵای گۆڕان بەرزتر دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شانازیی بەوەوە دەکەن کە گۆڕان چی ئیرادەیەک پێبەخشیون کە روبەڕوی دەسەڵاتداری گەندەڵ و شاگردەکانیان ببینەوە، بۆ ئەوەی ژیانی شەرەفمەندانە بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتو دابین بکات و خوێنی شەهید و پێشمەرگە قارەمانەکان بەفیڕۆ نەڕوات، دەنگ بدەن بە لیستی گۆڕان ژمارە (142).

دواتر، قادر حاجی عەلی، سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتەیەکدا سڵاوی گەیاندە هەولێر و هەولێرییەکان و وتی: کورد دەڵێت، روناکی مانگەشەو سەر لەئێوارە دیارە، لە ئێستاوە دڵنیابوین سەرکەوتوین، سەرکەوتنی ئێمە لە ئێستاوە و لە یەکەم رۆژی هاتنمان بۆ هەولێر و دەستکردن بە بانگەشە لەم شارە بۆمان دەرکەوت  هەولێر بڕیاری داوە بیگۆڕێت و ئەیگۆڕێت.
ئاماژەی بەوەکرد، وەکچۆن وتاری سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە هەولێرەوە پێشکەش کرد، هەر لەهەولێریش وتاری کۆتایی لیژنەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەخوێننەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە کە هەولێر جێگەی گۆڕانکاریی و یەکلایی کردنەوەی بابەتەکانە.

قادر حاجی عەلی، ئاماژەی بەوەکرد؛ دەسەڵات لە هەڵبژاردن و خەڵک و قسەی حەق و رەخنە دەترسێت، ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکە، ترسی لەهەڵبژاردن هەیە چونکە ئێوە ترستان خستوەتە دڵیانەوە بۆیە هەمو هەوڵ و تەقەلاییەک دەدەن و بەدوای درز و کەلێن دەگەڕێن بۆ ئەوەی تەزویر بکەن، بەڵام ئەو دەرفەتەیان زۆر کەم بۆ ماوە یان نەماوەتەوە، بۆیە دەسەڵات لە دەنگەکانی ئێوە دەترسێت.

ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵاتداران ترسیان لە خەڵکی کوردستاندا هەیە، لە وڵاتانی دنیادا چونکە دەسەڵاتداران بەشێوەی دیموکراتی هەڵدەبژێردرێن، ترسیان نییە چونکە هەڵبژێردراوی خەڵکن، بەڵام دەسەڵاتدارەکانی ئێرە پەیوەندیان لەگەڵ خەڵکدا نەماوە سەدان سەیارە و پاسەوانیان هەیە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە متمانەیان بەخەڵک نییە، وەکچۆن خەڵک متمانەیان پێیان نەماوە.

وتیشی :"ئێوە بینیتان  کە کاک نەوشیروان یەک تەنها کەسی لەگەڵدا بو بەتەنها دەگەڕا لەشارا چونکە لە خەڵک ناترسا و دەیزانی لەهەر شوێنێک روبەڕوی مەترسی ببێتەوە خەڵک بەرگریی لێدەکات".

قادر حاجی عەلی، رایگەیاند: دەسەڵاتدارانی هەرێم ترسیان لە وتەی حەقە، ئێمە رەخنە دەگرین ئەوان دەڵێن تیرۆری فیکری دەکەن، ئەوان هەڵەیان زۆرە، لە هەولێر و بادینان لە کاندید دەدەن و خەڵتانی خوێنی دەکەن، لە شەقڵاوە بەبەردی گەورە دوای کاندیدەکانی ئێمە دەکەون، ئەوە تیرۆری جەستەیی و فکرییە، نەک رەخنەکان.

دواتر وتاری کۆتایی لیژنەی باڵای بانگەشەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانی خوێندەوە.

دوای وتاری سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکان، کاندیدانی لیستی گۆڕان ژمارە (142) لە پارێزگای هەولێر کارنامەی خۆیان خستەڕو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

09/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .