زمناکۆ جەلال: داوا لە دەنگدەران دەکەین بە گڕوتینەوە بەشداریى بکەن و نەکەونە ژێر هیچ فشارێک
رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت لە ساتەکانى کۆتایى ئامادەکاریدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ئەوەش دەخاتەڕو کە زیاتر لە حەوت هەزار بریکاریان لە بنکەکانى دەنگدان دەبێت و داوا لە تەواوى دەنگدەرانیش دەکات بە گڕوتینەوە بەشدارى پرۆسەکە بکەن و نەکەونە ژێر هیچ فشار و کاریگەرییەکەوە.

ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى زمناکۆ جەلال، رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان دوائامادەکارییەکانى ژورى هەڵبژاردنى راگەیاند و وتى:"لە ساتەکانى کۆتایى ئامادەکارییەکانداین و زیاتر لە حەوت هەزار بریکارى بزوتنەوەى گۆڕان کە راهێنانمان پێکردون،
چاودێرى پرۆسەکە دەکەن کە بڕیارە سبەینێ سەعات (7:00)ى بەیانى دەستپێبکات و داوا لە دەنگدەرانیش دەکەین لە ساتەکانى یەکەمەوە بەشداریى بکەن و بە ئازادانە دەنگ بدەن و نەچنە ژێر هیچ فشارێکەوە".

هەروەک جەختیکردەوە کە چاودێرى سات بە ساتى پرۆسەکە دەکەن و وتی: "داوا لە کارمەندانى کۆمسیۆن دەکەین بێلایەنى بپارێزن و پابەندى رێنماییەکانى کۆمسیۆن بن، دەنگدەرانیش ئاگادار دەکەینەوە مۆبایل نەبنە بنکە و وێستگەکانەوە، چونکە بە بڕیارى کۆمسیۆن بردنە ژورەوەى مۆبایل قەدەغەکراوە و سزاى لەسەرە، بۆیە ئەگەر دەنگدەر خۆى بیبات یان کارمەندان رێگەیان بدەن ئەوا لە رێگەى چاودێرەکانمانەوە سکاڵا تۆمار دەکەین".


لەبارەى بڕیارەکەى کۆمسیۆن بۆ رێگە نەدان بەو کەسانەى دوێنێ لە دەنگدانى تایبەت دەنگیان نەداوە، زمناکۆ جەلال وتى:"لەوبارەیەوە قسەمان لەگەڵ کۆمسیۆن کردوە و تا ئەم ساتە بڕیارەکە بەوشێوەیەیە کە؛ ئەوانەى رۆژى تایبەتیان هەبوە بە دەنگدان دەبوایە دەنگیانبدایە، بۆیە ئەو بەڕێزانەى فریا نەکەوتون تائێستا هیچ شتێک لە ئارادا نییە بۆئەوەى چانسى دوەمیان پێبدرێت، بەوپێیە ناتوانن سبەینی لە دەنگدانى گشتیدا دەنگ بدەن".

رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى گۆڕان ئاماژەى بەوەشکرد بەهۆى ئەو پێشێلکاریانەى لیستە سیاسیەکانى دیکە لە دەنگدانى تایبەت کردویانە و بەڵگە هەیە لەسەریان، چەندین سکاڵایان تۆمار کردوە و وتى:"هەر لادانێک لە یاسا هەبوبێت بریکارەکانمان سکاڵایان تۆمار کردوە".
12/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .