رێکخەرى ژورى یاسایى گۆڕان: به‌مه‌ستی كوشتن و به‌ دۆشكه‌ ته‌قه‌ له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ کراوە
رێكخه‌ری ژوری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت؛ به‌مه‌ستی كوشتن به‌دۆشكه‌ ته‌قه‌ له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ كراوه‌ و ده‌ڵێت "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رێكاری یاسایی ده‌گرێته‌ بەر‌".

‌د.ئیسماعیل نامیق، رێكخه‌ری ژوری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند؛ به‌مه‌به‌ستی كوشتنی ئه‌ندامانی كۆبونه‌وه‌ی هه‌رچوار لایه‌نی (گۆڕان، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانی و یه‌كگرتو)‌ به‌ دۆشكه و چه‌كی جۆراوجۆر‌ له‌لایه‌ن هێزێكی زۆره‌وه‌ ته‌قه‌ له مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌‌ گردی زه‌رگه‌ته كراوه،‌ ئاراسته‌ی فیشه‌كه‌كانیان زیاتر ئه‌و ژورانه‌ی گرتوەته‌وه‌ به ‌‌روكاری ده‌ره‌وه‌ی گردی زه‌رگه‌تە-ن لەگەڵ هۆڵى كۆبونه‌وه‌كه‌.

ئاماژە بەوەش دەکات؛ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رێكاری یاسایی ده‌گرێته‌ به‌ر و هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ تاوانه‌كه‌وه‌ هه‌بێت كۆده‌كرێته‌وه‌، سه‌ره‌تا پشکنینى شوێنه‌كه‌ و هەڵگرتنەوەى بەڵگەکان دەکرێت و ئه‌و فیشه‌كانه‌ی ته‌قێنراون و به‌ر دیواری باڵه‌خانه‌كان‌‌ و ئوتومبیله‌كان كه‌وتون له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ كۆده‌كرێنه‌وه، دوای ئه‌وه‌ش دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ راپۆرتی خۆی ده‌نوسێت و ره‌وانه‌ی دادوه‌ری جینایه‌تی ده‌كات.

‌د. ئیسماعیل نامیق رونیكرده‌وه‌، یه‌كێتی به ته‌زویر ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگده‌رانیان له‌‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان شكانده‌وه‌، كه‌وتنه‌ ته‌قه‌كردن به‌سه‌ر گرده‌كه‌دا، هێزێكی ئه‌منی ئه‌وان و به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كانیان هاتنه‌ سه‌ر گردی زه‌رگه‌ته‌ و به‌دۆشكه‌ و چه‌كی جۆربه‌جۆر و له‌شوێنی دور و نزیكیشه‌وه‌ ته‌قه‌یان له‌ گرده‌كه‌ ده‌كرد، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سكاڵا یاسایی له سه‌ر‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی تۆمارده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد؛ هیوادارین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ده‌زگا دادوه‌رییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی گشتی له‌م شاره‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی خۆیان جێبەجێ بکەن و تاوانباران ببرێنه‌ به‌رده‌م یاسا و سزای یاسایی خۆیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
13/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .