وه‌ك شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ مه‌رجی ئێستامان ته‌نها دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم رایدەگەیەنێت؛ زۆربه‌ی بۆچونه‌كان لەناو شەش لایەنەکەى هەرێمدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ناو په‌رله‌مان بایكۆت بكرێت و دان به‌و ساخته‌كاریه‌دا نه‌نرێت كه ‌له ‌هه‌ڵبژاردندا كراوه‌.

محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەبارەى هەڵوێست و داواکارى شەش لایەنەکەى هەرێم و ئەنجامى هەڵبژاردنەکەى (12)ى ئایار بە ده‌نگی ئه‌مەریكاى راگەیاندوە؛ مه‌رجه‌كه‌ به‌ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه ‌هه‌ڵبژاردن دوباره‌ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن ساخته‌كاری تێدا كراوه‌، ئێستاش خوا ده‌یزانێت ئه‌و سندوقانه‌ چییان لێ به‌سه‌رهاتوه‌ هه‌فته‌یه‌ك بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و كه‌س نازانێت سندوقەکان چییان لێهاتوه‌ و له‌كوێن تا؟.

لەبارەى ئەوەى ئەگەر بڕیاری بایكۆتكردن بدرێت ‌حكومه‌تی نوێی عێراقیش دەگرێتەوە، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئاماژەى بەوەکردوە؛ سەرەتا بڕیاره‌كه‌ به‌ته‌نها بۆ په‌رله‌مانه‌، دواى یه‌كلایی بونەوەى پرسى په‌رله‌مان ئه‌وكات بڕیارده‌ده‌ین چی بكرێت یاخود نه‌كرێت.

هەروەک له‌باره‌ی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى مەکگۆرگ و کارگەرى لەسەر بڕیارى شەش لایەنەکە، وتویەتى؛ ئه‌مڕۆ واده‌ی چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ مه‌كگۆرگ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ بۆچونی هه‌ر شه‌ش لایه‌نه‌كه‌یه‌ تا ئه‌م ساته.

محەمەد تۆفیق رەحیم باى لە هەڵوێستى نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە و دەڵێت:"ئه‌گه‌ر ئێستا هه‌ڵوێستێكی رون و ئاشكرای نه‌بێت ئه‌وا ئه‌و ساخته‌كاریه‌ی كراوه‌ هه‌مان شت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو دوباره‌ ده‌بێته‌وه، چونکە ساخته‌كاری به‌ته‌نها له‌شوێنێك نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا كراوه‌ و وایان له‌خه‌ڵك كردوە‌ بڕوایان به‌ده‌نگدان نه‌مێنێت".
22/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .