جڤاتی گشتی راسپاردەکان لەسەر پرسی بایکۆتکردنی بەغدا ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی دەکات
کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات و ژمارەیەک راسپاردەی سەبارەت بە بایکۆت کردن، یان بەشداریی کردنی بزوتنەوەکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی کرد.

کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی گشتیدا، ژمارەیەک پرس تاوتوێ کران لەسەروی هەمویانەوە ئەو تەزویر و ساختەکارییانەی کە یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کردویانە، لەگەڵ دزینی دەنگی خەڵکی کوردستان بەوشێوە بەرفراوان و ئاشکرایە.

رایگەیاند: تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە گفتوگۆ کردن بوە لەسەر پەیوەندی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و هەروەها پرسی چون یان بایکۆت کردنی بەغدا.

کوێستان محەمەد ئاشکرای کرد؛ لەناو ئەندامانی جڤاتی گشتیدا دو را هەبوە، ژمارەیەک لەئەندامان لەگەڵ ئەوەبون بایکۆتی بەغدا و چونی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان بکرێت بۆ پەرلەمانی عێراق بەوپێیەی چونی نوێنەرانی گۆڕان بە شەرعیەتدان بە تەزویرو ساختەکارییەکانی یەکێتی و پارتی دەزانن.

ئاماژەی بەوەکرد؛ ژمارەیەکی دیکە پێیانوایە نوێنەرانی گۆڕان بچنە بەغدا بۆ ئەوەی ببنە چاودێرێکی بەهێز، بەتایبەتی بەسەر ئەو لایەنانەی کە کەرکوک و شەنگالیان بێتەقە چۆڵ کرد و فرۆشتیان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کارەساتی لەوشێوەیە بەسەر کورددا دوبارە نەبێتەوە.

کوێستان محەمەد، وتیشی :"سەرجەم راسپاردەکانی جڤاتی گشتی ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی دەکرێت بۆ ئەوەی لە کۆبونەوەی رۆژی شەممەی داهاتودا بڕیاری لەسەر بدرێت".

26/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .