وەفدێکی پەرلەمانی بەریتانیا و بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە
وەفدێکی پەرلەمانی بەریتانیا و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوە و تێیدا بەوردی و بە بەڵگەوە باس لە ساختەکاری و پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدێکی پەرلەمانی بەریتانیا کە پێکهاتبون لە جاک لۆپرستی و رۆبێرت هالفۆن، و گاری کێنت و لیام ئالمارک، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی و لەگەڵ محەمەد تۆفیق رەحیم، ئەندامى خانەى راپەڕاندن و هۆشیار عومەر عەلى رێکخەرى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ئەندامانى ژورەکە کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دۆخى سیاسى ناوچەکە و هەرێم هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی و بەبەڵگەوە باسیان لەساختەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و وەفدی میوانیش بۆچونەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیان بەهەند وەرگرت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە، وەفدی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە نزیکەوە سەیری شوێنەواری روداوی هێرشکردنە سەر مەکۆی سەرەکی گۆڕانیان کرد.

وەفدەکەی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەوەشکردەوە، کە بەهیچ شێوەیەک دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکەن، چونکە ئەنجامدانی ئەو ساختەکارییە و گۆڕین ئەنجامی پرۆسەکە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێکچونی ئاسایش لەهەرێمی کوردستان و ئەو لایەنانەی ئەم هەنگاوانەیان ناوە بەرپرسیارن.

27/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .