دو چاودێری نێودەوڵەتی: لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراقدا بەبەرنامە ساختەكاری كراوە
دوچاودێری نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکەن، ساختەكاریی گەورەو بەرنامە بۆ داڕێژارو لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك كراوە.
جەبار ئەمین و ئاسۆ زەند، کە دو چاودێری نێودەوڵەتی بون بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوەدەکەن، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق یاسای هەلبژاردنەكانی پشێلكردوە.

ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردوە، حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم لە پێناوی مانەوەیاندا دەستیان بەساختەكاریی ئەنجامی هەڵبژارەكان كردوە.

جەبار ئەمین ئەندامی پەرلەمانی سوید و ئاسۆ زەند ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی ڤەرملاندی سوید كە وەك چاودێری نێودەوڵەتی، چاودێریی پرۆسەی هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان كردوە، لەبەشێكی راپۆتەكەیاندا دەڵێن: بەپێی ئەو زانیارییانە لەرێی شایەتحاڵەكان و هێزە سیاسیەكان‌و راگەیاندنەكان و ئەندامێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە دەستیان كەوتوەو دواتر بەدواداچونیان كردوە، بۆیان دەركەوتوە بەشێوەیەكی رێكخراو و چڕوپر لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك‌و كەركوك ساختەكاریی كراوە.

ئەو چاودێرە نێودەوڵەتیانە لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیاندا رەخنەی توندیان لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان گرتوە و ئاماژە بەوەدەكەن، سەرەرای بونی بەڵگەی ساختەكاریی و تۆماركردنی ژمارەیەكی زۆری تانەو سكاڵا و داواكاریی بۆ هەژماركردنی دەستیی دەنگەكان، بەڵام كۆمسیۆن ئەو داواكارییانەی رەتكردوەتەوە و ئامادە نەبوە كۆپی فۆرمەكانی دەنگدان لە هەمان رۆژدا بداتە نوێنەری لایەنە سیاسیەكان.

ئەو رەفتارانەی كۆمسیۆنی هەلبژاردنەكانی عێراق لەلایەن چاودێرەكانەوە بە پێشێلكردنی یاسای هەلبژاردنەكان وەسف دەكرێت‌و دەڵێن: ئەو هەلسوكەوتانە گومانی تێوەگلانی كۆمسیۆن دێنێتە ئاراوە لە ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی رۆژی (12)ی ئایار.

بەشێكی دیكەی راپۆرتی ئەو دوچاودێرە نێودەوڵەتییە تایبەتە بە ئاشكراكردنی مەبەستی هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم لە ساختەكارییەكان و لەو بارەیەوە نوسیویانە حیزبە حوكمڕانەكانی هەرێم كەمەبەستیان پارتی‌و یەكێتییە لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ساختەكارییان لە هەڵبژاردنەكەدا كردوە، ئەوەش یەكەمجار نیە كە كاری لەوشێوەیە بكەن، بەڵكو ئەوە سێیەم هەڵبژاردنی لەسەریەكە لەماوەی ساڵانی (2009 بۆ 2018) لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ساختەكاری دەكەن.

جەبار ئەمین و ئاسۆ زەند لە دواین بەشی راپۆرتەكەیاندا ئەوەیان ئاشكرا كردوە، لە دەوڵەتە دیموكراتیەكاندا هەلبژاردن بە ناشەرعی دادەنرێت‌و دوبارە ئەنجامدەدرێتەوە لەكاتێكدا ئەگەر ئاستی كەموكورییەكانی زۆر كەمتر بێت لەو كەموكوڕیانەی كە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراقدا تۆماركراوە.

هەروەها هەڵبژاردنی دو وڵاتی ئەوروپیان وەك نمونە ئاماژە پێكردوە و لەوبارەیەوە دەڵێن: ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی نەمسا لە ساڵی (2016) هەڵوەشێنرایەوە تەنها لەبەر ئەوەی كە هەژماركردنی دەنگەكانی دو كاتژمێربەر لەو وادەیی بۆی دانرابو دەستیپێكرد، هەروەها لە هەرێمی فیستەر یوتالاندی سویدیش هەڵبژاردن دوبارە كرایەوە تەنها لەبەر ئەوەی (16) دەنگ بۆ پارتێكی سیاسی هەژمار نەكرابو .

بڕیارە راپۆرتی ئەو دوچاودێرە نێودەوڵەتیە كەتێیدا بە رونی ئاماژە بە ساختەكاری و پێشێلكارییەكانی هەلبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كراوە، ئاراستەی نەتەوە یەكگرتوەكان، نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا، پەرلەمانی ئەوروپا، باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەی وڵاتان لە عێراق و هەرێم بكرێت، ئەوە لە كاتێكدا پێشتر راپۆرتەكە دراوەتە خودی كۆمسیۆنی باڵای سەربە خۆی هەلبژاردنەكان.
28/05/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .