تا یەکلابونەوەى ئەنجامی هەڵبژاردن پێشوازی لە شاندی پارتی و یەكێتی ناكەین
سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ پێشوازی له ‌هیچ وه‌فدێكی پارتی و یه‌كێتی ناكەن تا ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی نه‌بێته‌وه‌ و ئاشکراى دەکات کە یه‌كێتی داوای كۆبونه‌وه‌ و سه‌ردانیان كردوه‌ به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رەتیکردوەتەوە و دەشڵێت: "له‌به‌رئه‌وه‌ی ساخته‌كارییان لێكردین ئاماده‌نه‌بوین له‌گه‌ڵ یەکێتى و پارتى بچینه‌ به‌غدا، ناكرێت هه‌مو جارێك به‌ناوی یه‌كڕیزیه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ بینه‌قاقای خۆت و حیزبه‌كه‌ت".

جه‌مال حاجی محه‌مه‌د، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، جەختى لە پێکەوەیى و یەکهەڵوێستى چوار لایه‌نه‌کە کردوەتەوە سەبارەت بە ئەنجامى  هەڵبژاردنەکەى (12)ى ئایار و وتویەتى؛ سورین له‌سه‌ر رازی نه‌بون به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنین كه‌ ساخته‌كاری كراوه‌، ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌ نین، بۆیه‌ ‌تا ئه‌نجامی راستی هه‌ڵبژاردنه‌كانمان بۆ ده‌رنه‌چێت به‌شداری په‌رله‌مانی عیراق ناكه‌ین و هه‌ڵمانپه‌ساردوه.

لەبارەى بڕیارى بزوتنەوەى گۆڕانەوە، رونیکردوەتەوە کە تا دادگای فیدراڵی بڕیار ده‌دات چاوه‌ڕێ دەکەن، "به‌ڵام هه‌میشه‌ بۆ هه‌ڵوێستمان له‌سه‌ر هه‌ر پێشهات و ئه‌گه‌رێك پرسه‌كان ده‌به‌ینه‌وه‌ جڤات و له‌وێ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ین، زۆربه‌ی بۆچونه‌كانی ناو گۆڕانیش به‌وشێوه‌یه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌م ساخته‌كارییه‌یان به‌سه‌ر سه‌پاندین به‌شداری له‌په‌رله‌مانی داهاتوی عیراق نه‌كه‌ین."

ئەوەشى خستوەتەڕو؛ تا ئه‌م ساته‌ بڕیارمان به‌و جۆره‌یه‌ تا یه‌كلایی نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌فدمان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی ناچێته‌ به‌غدا و‌ به‌شداری له ‌په‌رله‌مانی عێراق ناكه‌ین، به‌ڵام دوای یه‌كلایی بونه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان دوباره‌ تاوتوێی ئه‌و پرسانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبه‌ش له‌نێوان چوار لایەنەکە دەڵێت: "باوه‌ڕناكه‌م فراكسیۆنی هاوبه‌ش پێكبهێنرێت، به‌ڵام به‌نیازین چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دو لایه‌نی دیکەش هاوپه‌یمانێتییه‌ك پێكبهێنین تا له‌مه‌ودوا له‌ هه‌ڵوێسته‌كانماندا له‌ به‌غدا و كوردستان پێكه‌وه‌ بین.

هەروەک باسى لەوە کردوە، بزوتنەوەى گۆڕان پێى باشه‌ ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌كگرتو بێت به‌شداریی له‌حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراقدا بكەن واتە؛ نه‌ك لایه‌نه‌كان له ‌كوردستان به‌رنامه‌یه‌ك جێ به‌جێ بكه‌ن و له‌به‌غداش به‌رنامه‌یه‌ك، دەڵێت: "ناكرێت به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ ئیش بكه‌ین رۆژێك بڵێین ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كه‌ین رۆژی دواتر رابكه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كێشه‌كانی ئێمه‌ تا ئه‌م ساته‌ش چاره‌سه‌ریان له‌به‌غدایه‌."

سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى له‌باره‌ی هۆكاری نه‌چونی لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی و یه‌كێتی بۆ به‌غدا وتویەتى:"له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساخته‌یان لێكردوین له‌گه‌ڵیان ناچینه‌ به‌غدا، ئێمه‌ كاتێك داوای یه‌كڕیزی كورد ده‌كه‌ین له‌به‌غدا كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌كوردستانیش یه‌كڕیز و یه‌ك ده‌نگ بن، له رابردودا نوێنه‌ره‌كانی ئێمه‌ له‌پێناوی یه‌ك ده‌نگی كورد زۆر كاریان كرد هه‌ر له‌پێناو یه‌ك ده‌نگی كورد بو ده‌نگیاندا به ‌سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام خۆ ناكرێت هه‌مو جارێك به‌ناوی یه‌كڕیزی و یه‌ك ده‌نگیه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ بینه‌قاقای خۆت و حیزبه‌كه‌."

وتوشیەتى: "پێشوازی له ‌هیچ وه‌فدێكی پارتی و یه‌كێتی ناكه‌ین ‌تا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق یه‌كلایی نه‌بێته‌وه، یه‌كێتی پێشنیاری سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌ی كرد، به‌ڵام ئێمه‌ ره‌تمان كرده‌وه‌ پێمان وتن تا له‌سه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر مەکۆى سەرەکى گۆڕان ره‌خنه‌ له‌خۆیان نه‌گرن و به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رنه‌كه‌ن له‌گه‌ڵیان كۆنابینه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یانكرد وتیان ئه‌وه‌ كاری تاكه ‌كه‌سێك بوه‌، بەڵام ئه‌و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیه‌ ئه‌گه‌ر سەربەخۆ ئەو کارەى کردوە ده‌یانتوانی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن".
21/06/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .