ناوەڕۆکى کۆبونەوەى لایەنەکان لەگەڵ عەبادی
نوێنەری گۆڕان لە بارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەى لایەنەکان لەگەڵ عەبادى رایدەگەیەنێت؛ کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەرێم و ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنیان تاوتوێ کردوە و دەشڵێت:"ئامادەکاری کرا بۆ کۆبونەوەی داهاتوى نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کە چاوەڕوان دەکرێت بڕیارى گرنگى تێدا بدرێت".

ئەمین بەکر، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (سبەی) راگەیاند؛ شەوی رابردو لایەنەکان بە جیا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە، کە کۆبونەوەیەکی سەرەتایی و ئامادەکاری بو بۆ کۆبونەوەی داهاتوی لایەنەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران.

وتی: لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران راوبۆچونی لایەنە سیاسییەکانی وەرگرت بۆ کۆبونەوەی داهاتو لەسەر کۆی پرسە جیاوازەکان، بەڵام وادەکەی دیاریی نەکرا.

ئەمین بەکر، کە وەک نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەشداریی کۆبونەوەکەی کردبو، ئاماژەی بەوە کرد، وێڕای جەخت کردنەوە لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، هاوکات تاوتوێى ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن کرا و جەختمان کردەوە کە دەبێت ئەو بابەتە لە رێی یاساوە یەکلایی بکرێتەوە.
21/06/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .