داوا دەکرێت فەڕەنسا سنوربەزاندنى سوپاى تورکیا بباتە ئەنجومەنی ئاسایش
دو پەرلەمانتارى کوردستان دۆزى کورد لەگەڵ بەرپرسانى هەردو پارتی سەوز و پارتی کۆمۆمنیستی فەرەنسا تاوتوێ دەکەن و داوا دەکەن ئەو وڵاتە پرۆژەی دژە فڕینی فڕۆکەی سەربازیی تورکیا بۆ سەرخاکی هەرێم پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش بکات و بەرپرسانى ئەو دو پارتەش پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد خستوەتەڕو بەڵێنیش دەدەن ئەو داواکاریانەى پێشکەشکراون لەگەڵ پەرلەمانتارەکانیان تاوتوێى بکەن.

هەردو پەرلەمانتارى کوردستان سالار مەحمود و د. شێرکۆ حەمە ئەمین لە پاریسى پایتەختى فەڕەنسا لەگەڵ بەرپرسانى هەردو پارتی سەوز و پارتی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە کۆبونەوە و چەند تەوەرێکى تایبەت بە پرسیان تاوتوێ کردوە کە لە راگەیەنراوێکدا رونیان کردوەتەوە ئەوانیش؛ سنوربەزاندنی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و ئەو تاوانانەی لەئەنجامی ئەو سنوربەزاندنانە زەمینی رویانداوە، لەگەڵ داواى هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی چالاکوانانی کورد لە ئێران بەگشتی و رامینی حسێن پەناهی بەتایبەتی و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و پەلەمانتارانی هەدەپە لەتورکیا.

هەروەک داوایانکردوە پارتەکانى ئەو وڵاتە و پەرلەمانتارانیان پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکەن لە بەدیهێنانی مافە نیشتمانی و دەستوریەکانی لە عیراق و پشتیوانی دیموکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستان و داواشیان کردوە؛ فەرەنسا پرۆژەی دژە فڕینی فڕۆکەی سەربازی تورکیا بۆ سەرخاکی هەرێمى کوردستان پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش بکات هاوشێوەی ئەو پڕۆژەیەی ساڵی (1991) کە بڕیاری (688)ی لێ هاتە کایەوە دژی رژێمی بەعس لە عێراق.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕو؛ عەبدل سەلام کلێش، سکرتێری پارتی سەوزی فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ گەلی کورد پیشانداوە و رایگەیاندوە؛ ئەو داواکارى و پرسانە لەگەڵ پەرلەمانتارەکانیان تاوتوێ دەکەن و دەیبەنە کۆبونەوەکانی پەرلەمان و هەوڵدەدەن لەمانگی ئابى ئەمساڵیش لە کۆبونەوەی گشتی پارتە سەوزەکانی هەمو ئەوروپا ئە بابەتانە باس بکرێت.

لاى خۆیەوە پاسکال تۆر، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیست و بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستى پارتەکە پشتیوانی خۆی بۆ داخوازیەکان دەربڕیوە بەڵێنی داوە هەمو دۆکیومێنتە پێشکەشکراوەکان ئاراستەی هەمو پەرلەمانتارەکانیان بکات بۆئەوەى کارى لەسەر بکەن.
21/06/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .