جڤاتی نیشتیمانی؛ لەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە
جڤاتی گشتی ژمارەیەک پێشنیاز ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی دەکات بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا لە کۆبونەوەی سبەینێیدا بڕیاریان لەبارەوە بدات.

رۆژی چوارشەممە، بە سەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی لە سلێمانی، جڤاتی گشتی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی كوردستان كە بڕیارە (30)ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

جڤاتی گشتی، گفتوگۆی لەبارەی چەند پێشنیازێكەوە كرد كە گرنگترینیان رێگریكردنە لە ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا.

ئاشكرابونی ساختەكارییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی كە لەدوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان ئاشكرابو تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بو.

پرسی رێكخستنەوەی پەیكەری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی گشتیدا گفتوگۆی لەسەر كرا.

د.رەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: سەرجەم ئەو تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە كراونەتە پێشنیازو ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی كراون تا لەکۆبونەوەی سبەینێیدا گفتوگۆیان لەبارەوە بکات و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەکرد؛ خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و چۆنیەتی کارکردنی بە سیستماتیک بۆ هەڵبژاردنەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و سورین لەسەر ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە و ئەو تەزویر و ساختەکارییانەی کە کراوە لە هیمەت و ئیرادەمان کەمناکاتەوە و پێویستە هاندەربێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی خاوەن ئیرادەیە.
12/07/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .