رێکخەری گشتی: پێویستە دەسەڵات لەدەستی دو حیزبەکە دەربهێنرێت
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: بۆ ئەوەی قۆناغی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵك كۆتایی پێبێت، پێویستە دەسەڵات لە دەستی هەردو هێزە حكومڕانەكە دەربهێنرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی لەدو كۆبونەوەی جیادا لەگەڵ نوێنەری زیاتر لە سەد رێكخراوی مەدەنی و كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و باڵی چاکسازیی حیزبی سۆسیالست كۆبوەوە.

رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لەگەڵ لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات كاری پێكەوەیی بەردەوامیان هەیە بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنی ئایندەدا روبەڕوی ساختەكاریی ببنەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد یەكێك لە رێگرییە بەهێزەكان لە ساختەكاریی بەشداری خەڵكە لە هەڵبژاردنەكەدا.

عومەر سەید عەلی، وتیشی :"بۆ ئەوەی قۆناغی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵك كۆتایی پێبێت پێویستە دەسەڵات لە دەستی هەردو حكومڕانەكە دەربهێنرێت". هەروەک جەختی كردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام دەبێت لە بەرگریی كردن لە مافەكانی خەڵك.

لای خۆیانەوە نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و كەسایەتییەكان، بە گرنگییەوە باسیان لە رۆڵی بزوتنەوەی گۆڕان كرد و سەرنجەكانی خۆیان پێشكەش كرد بۆ ئەوەی گۆڕان لە ئایندەدا كاری لەسەر بكات بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستا.

 

فۆتۆ: بڕیار نامیق

06/08/2018
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .