ناوەڕۆکى رێککەوتنى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان
18/02/2019
ڕاگەیەندراوی فەرمی
ناوەڕۆکی رێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە تێیدا جەخت لە پڕۆژەکانی چاکسازی و خزمەتی زیاتر بە خەڵکی کوردستان و کۆتایی هێنان بە پاشەکەوتی موچە کراوەتەوە.
دوای ئەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنی سیاسی نێوان هەردولایان پەسەند کرد و ئەمڕۆ بە رەسمی رێککەوتنەکە لەلایەن مەکتەبی سیاسی و خانەی راپەڕاندنەوە واژۆکرا.
بەشێک لە خاڵەکان و ناوەڕۆکی رێککەوتنە سیاسییەکە:
* پێویستە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ یەکبخرێنەوە و رێکبخرێنەوە.
* هەمو ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە بە سازانی هەردولا هەموار دەکرێن و دەردەچوێنرێن لە پەرلەمان.
* کاراکردنی رۆڵی چاودێریی پەرلەمان و هەمو ئەو دەزگایانەی تایبەتن بە چاودێری و پشکنین.
* کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.
* بەرنامەی وەزاری کە کۆکراوەی بەرنامەی لایەنە بەشدارەکان دەبێت، لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت.
* بەرنامەی وەزاری دەبێت پرۆژەی هەمەلایەنەی سیاسی و یاسایی و ئابوری و دارایی و کارگێڕی لەخۆ بگرێت.
* لە چوارچێوەی ئەنجومەنی وەزاریدا ئەنجومەنێکی باڵای چاکسازی دروست بکرێت.
* دیاریکردنی سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی هەر سێکتەرێک لەو سێکتەرانەی لە بەرنامە هاوبەشەکەماندا دێت، لە دۆخی ئاسایی و ئارامی سەقامگیریدا لە هەرێمی کوردستان.
* حکومەتی هەرێم پابەندە بە دانانی سەقفی زەمەنی بۆ مادەی (140) و نەوت و غاز و بودجە و بودجەی پێشمەرگە.
* ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ دۆخی پێش (10/6/2014).
* حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دەستەی دانوستان دروست دەکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا.
* حکومەتی هەرێم پێداگری دەکات لەپێناو چەسپاندنی پرەنسیپی هاوسەنگی و هاوبەشی راستەقینە و سازان لەسەر ئاستی عێراق و دامەزراوەکانی عێراق.
* حکومەتی هەرێم پێداگری بکات لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق.
* حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە دامەزراوەیی و بە نیشتیمانیکردنی سەرجەم دام و دەزگاکانی هەرێم بە جۆرێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان مسۆگەر بکات.
* حکومەتی هەرێم پابەندە بە نەهێشتنی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و جێگیرکردنی بڕی پاشەکەوت لە ژمێرەی موچەخۆران و گەڕاندنەوەی ئەو پاشەکەوتە بە خشتەیەکی گونجاو.
* حکومەتی هەرێم پێداچونەوە دەکات بەسەر لیستی موچەخۆران بەمەبەستی ساغکردنەوەی فەرمانبەری راستەقینە لە موچەخۆر و خانەنشینان بۆئەوەی لیستی فەرمانبەران رێکبخرێتەوە لەسەر بنەمای میلاکی راستەقینە.
* حکومەتی هەرێم بڕیار دەدات بە دامەزراندنەوەی گشت ئەو کەسانەی لەبەر هۆکاری سیاسی لەسەر کارەکانیان دورخراونەتەوە و سزای جۆراوجۆر دراون.
* حکومەتی هەرێم پابەندە بە تەرشیقکردنی حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
* حکومەتی هەرێم پابەندە بە بەنیشتیمانی و دامەزراوەیی کردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
* پەیڕەوکردنی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی زیاتر بۆ پارێزگاکان.
* جەختکردنەوە لەسەر رێزگرتن لە ئازادییەکان و جیاوازیەکان و دەستخستنی زانیاری بەپێی یاسا.
* حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان پابەندن بە یەکپارچەیی و یەکگرتویی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.