دانا ئەحمەد مەجید: گۆڕانکاری بەڕێوەیە و خۆمان بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئامادە دەکەین
13/09/2025
D هەواڵ و چالاکی
ڕێکخەری
گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت: گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە بەڕێوەیە و عێراق
و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەشێوەیەک ئایندەی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان
وابەستەی یەکن و ڕوداوەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەرییان لەسەر عێراق و
قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە
میانەی سەردانێکدا بۆ ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای ڕانیە و كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەکی
بەرچاو لە هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی سنورەكە، دانا ئەحەمەد مەجید ڕێکخەری گشتی
بزوتنەوەی گۆڕان تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاماژەی بەوەدا،
ئایندەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەستراوەتەوە بەیەکەوە و
گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
پەیوەست بە دۆخی سوریا، ڕایگەیاند کورد لە ڕؤژئاوا بە دوای جۆرێک
حوکمی زاتی و فیدڕاڵییەوەیە و هەسەدە هێزێکی بەهێز و کاریگەرە و ڕۆڵی دەبێت لە
یەکلایی کردنەوەی ئایندەی سیاسی سوریا، بەتایبەت کە سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە
خۆیان لەم هێزە دەبییننەوە بە کورد و عەرەب و مەسیحی و دروزی و عەلەوییەوە، کە
تەنها سەرکرادیەتیەکەی کوردە و وڵاتانی زلهێز تەنها وەک کورد سەیری ناکەن بەڵکو
بووەتە هێزێکی فرە ڕەنگ و پێکهاتە و جێی ئومێدی هەمو لایەک.
لە درێژەی قسەکانیدا، ڕێکخەری گشتی باسی لە هەنگاوەکانی کشانەوەی
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراو کرد و وتی: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی
لەگەڵ حکومەتی عێراقە و دوای جێگیربوونیان لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک
بەشێکی دیکەشیان دەبرێنەوە بنکەی تەنەف لە سوریا. هاوکات، ئەمریکا دەیەوێت هێڵێکی
پەیوەندی لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان و دروزییەکان و عەلەوییەکان دروست بکات
و هەسەدە و دروزییەکان بکاتە هاوسنوری یەک و دەیانپارێزێت لە هێرشی گروپە چەکدارە
توندڕەوەکان.
لەبارەی دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، دانا ئەحمەد مەجید ئاماژەی بۆ
بەردەوامی پرۆسەی خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان کرد و قۆناغەکانی پرۆسەکەی بۆ
هەڵسوڕاوانی ڕانیە خستەڕوو، لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەکرد "هاوتەریب
لەگەڵ گۆڕانکاریەکان خۆمان ئامادە دەکەین و پڕۆژی بەدیلی سیاسیی لەلایەن ژوری
توێژینەوەکان و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە، بۆیە چاومان لەوە هەڵسوڕاو و
گۆڕانخوازان لە کۆبونەوە و دیداری گشتی گۆڕان بە سەرنج و پێشنیازەکانیان بەشداربن
لە داڕشتنەوەی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان و بەیەکەوە لە ئاست چاوەڕوانی خەڵک و
جەماوەری پڕ ئومێدی هەرێمی کوردستان بین".