دلێر عەبدولخالق: نەوشیروان مستەفا رابەر و رێ نیشاندەرانى گەنجان بو

20/05/2019

هەواڵ و چالاکی

دلێر عەبدولخالق
ئاماژە بە رۆڵى کاریگەرى نەوشیروان مستەفا دەکات لە پاڵپشتى و رابەرایەتى گەنجان و
داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکان و باشکردنى ژیان و رەنگڕێژکردنى ئایندەیەکى گەش
بۆیان و دەڵێت:"ئەو سەرکردەیەکى نیشتیمانیی بو بەرپرسیارێتى خۆى دەزانى و بە
کردارى بڕواى بەوە هەبو کە دەبێت گەنجان بەشداریى کارایان هەبێت لە کایەى سیاسى و
حکومڕانى".

دلێر
عەبدولخالق، هەڵسوڕاوى بزوتنەوەى گۆڕان لە دوەم ساڵیادى کۆچى دوایى نەوشیروان
مستەفا سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد، رایدەگەیەنێت؛ کۆچى جەستەیى کاک
نەوشیروان خەسارەتێکى گەورەیە بۆ کۆى خەڵکى کوردستان و کایەى سیاسى و حکومڕانى لە
هەرێمى کوردستان، بەڵام ئەو کۆچە بۆ توێژى گەنجان و لاوان و خوێندکاران خەسارەتێکى
گەورە ترە، چونکە رەوانشاد بۆخۆى هێزێکى سیاسى و حیزبێکى سیاسى و کەناڵێکى گرنگ بو
لە پشت گەنجانەوە کە بڕواى بەوە بو خوێنى نوێ و گەنجان تێکەڵى کارى سیاسى و
حکومڕانى بکرێن.

ئەو باس لەوە
دەکات لەسەرەتاى دامەزراندنى بزوتنەوەى گۆڕانەوە نیاز و ویستى خۆیى بۆ کۆتا پڕۆژەی
سیاسى خۆى بۆ گەنجان روندەکردەوە و بە ئاشکرا دەیوت کە ئەو پڕۆژەیە بەبێ بەشداریى
گەنجان و رۆڵى کاریگەرى ئەوان سەرناکەوێت، هەر لەو سۆنگەیەوەهەمیشە گوێى بۆ گەنجان
دەگرت و پرسیارى لێدەکردن و بەرچاوى رون دەکردنەوە.

وتیشى: "نەوشیروان
مستەفا تەنیا سەرکردەى حیزبێکى سیاسى نەبو، بەڵکو سەرکردەیەکى نیشتیمانیی بو وە بەرپرسیارێتى
خۆى دەزانى، لەژیانى سیاسى و خەباتى چەکداریدا یەکێک بو لەو کەسانەى بەردەوام
بڕواى بە بەشداریى کارای گەنجان هەبو، خۆشى ئەوەى کرد".

هەروەک رونى
دەکاتەوە لەماوەى سەرکردایەتى بزوتنەوەى گۆڕاندا هەمیشە کاک نەوشیروان جەختى لە
گرنگى دان کردوەتەوە لەو پڕۆژانەى دەرفەتى زیاتر دەدەنە خوێندکاران و گەنجان
بۆئەوەى چ لە خویندن سەرکەوتوبن، چ لە بنیاتنانى ئایندەى کوردستاندا جێ دەستیان دیاربێت".

دەشڵێت:"هەمو
ئەوانە وایانکرد کاک نەوشیروان جیاواز بێت لە سەرکردەکانى دیکە و ئەم نەوە تازەیە
و گەنجانیش بەبێ جیاوازى سەرکردایەتى و پێشەوایەتى ئەویان قبوڵ بێت، چونکە
سەرکردەیەکى راستگۆ بو لەگەڵ پەیام و بەرنامەکانى و نیشتیمانیانە بیرى دەکردەوە".

دلێر
عەبدولخالق جەخت دەکاتەوە لەوەى "کاک نەوشیروان پڕۆژەیەکە بۆ چاکەى گشتى، ئەو
داواى دامەزراندنى حکومڕانى رەشید و ئازادى رادەربرین و شەفافیەت و ئەوە دەکات داهاتى
کوردستان بۆ خەڵکى کوردستان بەکاربێت، بۆیە هەمیشە ئومێدێکى گەورە بوە، لە هەموى
گرنگتر ئەوبو کە بە دروستکردنى بزوتنەوەى گۆڕان بە هەموانى وت ناکرێت تاکە ئامرازى
ململانێ چەک بێت، بەڵکو بڕواى بە هەڵبژاردن و دەستاودەستى دەسەڵات و ململانێى
مەدەنى هەبو، ئەوەش وایکرد دواى گۆڕان چەندین لایەنى دیکە گەنج بهێننە پێشەوە".

رونیشى
دەکاتەوە؛ سیاسەت و بەرنامە و دنیابینى کاک نەوشیروان وایکرد نەخشى پەیامەکانى لە کابینەى
نوێ رەنگ بداتەوە و وتى:"نابێت ناکۆکى بچوک و هەندێک شتى لاوەکى وا بکات کە
رێگە راستەکە ون بکرێت و ئەو مۆمەى کاک نەوشیروان بۆ چاکسازى و باشکردنى ژیانى
خەڵکى کوردستان دایگرساند خامۆش ببێت یان بەرەو کزبون ببرێت".


هەواڵی زیاتر