بزوتنەوەى گۆڕان: سەرکەوتنى حکومەت بەندە بە کەمکردنەوەى بێکارى

23/01/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەى گۆڕان هەفتانە وتارێک لەسەر بابەتە گەرمەکانى رۆژ و پەیوەست بە ژیان و چاکەى گشتى لە هەرێمى کوردستان بڵاودەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا وتارى ئەم هەفتەیە تایبەت کراوە بە قسەکردن لەسەر دەستەبەرکردنى دەرفەتى کار بۆ گەنجان.

بزوتنەوەى گۆڕان لە سەرەتاى وتارى ئەم هەفتەیدا ئاماژەى بەوەکردوە، پشتیوانییان لە یاساى چاکسازى کردوە بە ئامانجى بەدیهێنانى لانى کەمى عەدالەت. سەربارى هەر تێبینییەکیش لەسەر یاساکە، بەڵام دەبێت لە خاڵێکەوە هەر دەستپێبکرێت بە تایبەت لە دواى ساڵانێک لە بەڵێنى بێکردارى ئەنجامدانى چاکسازى.

بزوتنەوەى گۆڕان دەشڵێت، ئەگەر بێت و چاکسازى لەو هەنگاوەدا کورتبکرێتەوە، ئەوا نەک هەر پەیامەکە ناگات، بەڵکو یاساکە بە نەزۆکى لەدایک دەبێت. بۆیە دەبێت هەنگاوى دیکەى چاکسازى بنرێت لە بوارى نەوت و دەروازە سنورییەکان و گومرگى نایاسایی.

بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژەى بەوەشکردوە، یەکێک لە پێوەرەکانى سەرکەوتنى هەر حکومەتێک بەندە بە پرسى دەستەبەرکردنى هەلى کار بۆ گەنجانى بێکار، بۆیە دەبێت کابینەى نۆى حکومەتى هەرێمیش یەکێک لەو هەنگاوانەى کارى لەسەر بکات، هەبوونى پلان و کارکردن بێت بۆ کەمکردنەوەى ئاستى بێکارى و دۆزینەوەى هەلى کارى نوێ بۆ گەنجان.

دەقى وتارى هەفتانەى بزوتنەوەى گۆڕان:

گۆڕان و دەرفەتی کار بۆ گەنجان

لە پرسی یاسای چاکسازیدا لە بوارەکانی موچەو دەرماڵەو خانەنشینی، ئێمە پاڵپشتی هەنگاوەکان بوین بۆ بەدیهێنانی لانی کەمی عەدالەت. سەرباری هەر تێبینیەکیش لەسەر یاساکە، بەڵام گرنگیشە بزانین کە دەبێت لە خاڵێکەوە دەست پێ بکەین، بەتایبەت دوای ساڵانێک لە بەڵێنی بێ کرداری ئەنجامدانی چاکسازی.

کەواتە لەم ساتەوەختەوە، ئەتوانین بڵێین هەنگاوێک بەرەو ئاراستەی دروست نراوە. بەڵام گەر تەنها پرسەکە لەم هەنگاوەدا کورت بکرێتەوە، ئەوا نەک هەر پەیامەکەی ناگات و مەبەست ناپێکێت، بەڵکو خودی یاساکەش بە نەزۆکی لەدایک ئەبێت. بۆیە دەبێ بە هیواو ویستێکی بە‌هێزەوە، کار لەسەر هەنگاوەکانی تر بکەین کە پێشتریش ئاماژەمان بە هەندێکی دابو بەتایبەت لە بواری نەوت و دەروازە سنوریەکان و گومرکی نایاسایی دا کە بونەتە هۆی دزین و بەفیڕۆدانی بەشێک لە سامان و داهاتی هاوڵاتیان و نیشتمان.

لەم وتارەی ئەم هەفتەیەدا وەک بزوتنەوەی گۆڕان دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر خاڵێکی گرنگ و بناغەیی لە کاری دەوڵەتداریدا، لەپاڵ ئەو تێڕوانین و تێبینیانەمان لەسەر پرسی چاکسازی.

یەکێک لە پێوەرە دروست و راستەقینەکان بۆ پێناسەکردنی دەوڵەتی هاوڵاتی و حکومەتی خزمەتگوزار و ئاستی پەیوەست بون بە کێشەکانی نێو کۆمەڵگاوە، پرسی فەراهەم کردن و دۆزینەوەی هەلی کارە بۆ گەنجانی بێکار. هەر کابینەیەک بۆ ئەوەی ئاستی سەرکەوتنی خۆی پێشانی هاوڵاتیان بدات و کارنامەی خۆی بخاتە بەردەستیان، دەبێت رایبگەیەنێت کە چ نەخشەیەکی هەیە بۆ پەیداکردنی دەرفەتی کار بۆ بێکاران، چ پلانێکی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بێکاری.

بێکاری یەکێکە لە نەخۆشیە ئابوریە کوشندەو مەترسیدارەکان لە جیهاندا، وڵاتان ئاستی سەرکەوتنی خۆیان لە بەڕێوەبردندا لە وەدا ئەبیننەوە کە تاچەند ئەتوانن دەرفەتی کار بۆ گەنج و بێکارەکان دەستەبەر بکەن و تاچەند رێژەی بێکاری دەهێننە خوارەوە.

بێکاری لە هەرێمیش یەکێکە لە مەترسیە گەورەکانی کۆمەڵگاکەمان کە دەیان نەخۆشی وکێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. لە هەرێمی کوردستاندا سالانە هەزاران گەنجی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان، گەنجانی تر، دەچنە ریزی لەشکری چاوەڕێکردن و بێکاریەوە. گەنجانی کوردستان و کەس و کاریان، دوای ساڵانێک لەشەونخونی و ماندوبون و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر، دواجار روبەڕوی ئایندەیەکی نادیار و فەرامۆشکردن و گوێنەدانی دەسەڵاتداران دەبنەوە.

حکومەتی هاوڵاتی، پێش هەمو شت دەبێ پلانێکی زانستی و رۆشنی هەبێت هەم بۆ جێکردنەوەی ئەو تواناو خوێنە نوێیانە لە پەیکەرەی دەوڵەتدا، هەم کارئاسانی بکات بۆ دۆزینەوەی هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا. ناکرێ لە کوردستانی خاوەن داهاتی ژێرزەمینی زۆرەوە، کە موڵکی هەمو هاوڵاتیەکە، ساڵ لە دوای ساڵ گەنجەکانمان و دەرچوانی خوێندنگاکان، لەچاوەڕوانیەکی بێهودەی دامەزراندن و کارکردندا بن. ئەم خەمە بەتەنها خەمی ئەوان و خێزانەکانیان نیە، بەڵکو بەپلەی سەرەکی ئەرک و خەمی حکومەتە کە دەبێ بە پلان، مانگانەو سالانە رێژەیەکی بەرچاو لە هەلی کارو دامەزراندن بۆ گەنجەکانمان پەیدا بکات و لەرێگەی بەهێز کردن و پاڵپشتی کردنی کەرتە ئابوری وکشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتگوزارایەکانەوە، دەرفەتێکی زیاتر بۆ کار پەیداکردن فەراهەم بکات.

یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان کە دەبێ کابینەی نۆیەم کاری لەسەر بکات و پلانی بۆی هەبێت، کەمکردنەوەی ئاستی بێکاری و دۆزینەوەی هەلی کارە. ئەمەش دەبێ لە سەرەکیترین ئەرکەکانی حکومەتی هەرێمدا بێت.


هەواڵی زیاتر