راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە
29/04/2020
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جەخت لەسەر دابینکردنی موچە و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان دەکەنەوە و هاوکاری و هەمانگی سێ هێزە سەرەکیەکەی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم و بەستنی کۆبونەوەی لایەنەکان بە گرنگ دەزانن.
ئەمڕۆ چوارشەمە (29/4/2020) وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد لە سلێمانی و بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە جگە لەوەی سەردانەکە بۆ پیرۆزبایی بوە لە ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی و هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئاڵنگاریەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی و ئیداری گفتوگۆ کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە کە گفتوگۆ لەبارەی دابینکردنی موچە و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و دۆخی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان، مەترسیەکانی داعش و جموجۆڵەکانیان لەسەر سنوری ناوچە جێناکۆکەکان گفتوگۆکرا.
دەقی راگەیەندراوەکە:
راگەیەندراوی رۆژنامەوانی
ئەمڕۆ چوارشەمە، ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٠، وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد لە سلێمانی دەباشان. ئامانجی سەردانەکە بۆ پیرۆزبایی بو لە ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی و هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ.
لەو چوارچێوەیەدا، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئاڵنگاریەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی و ئیداری گفتوگۆ کرا.
پەیوەندیدار بەکاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی جەخت لەسەر دابینکردنی موچە و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان کرایەوە. بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش پەیڕەویکردنی رێنماییە تەندروستیەکان بە پێویست زانرا.
هاوکاتیش پەیوەست بە ناوخۆی هەرێم، بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان هەردو لا و هێزە سیاسیەکان بە گشتی و، هاوکاری و هەمانگی سێ هێزە سەرەکیەکەی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم و بەستنی کۆبونەوەی لایەنەکان بە گرنگ زانرا.
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەشدا، مەترسیەکانی داعش و جموجۆڵەکانیان لەسەر سنوری ناوچە جێناکۆکەکان گفتوگۆکرا و تەئکید لە پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانە کرایەوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان