​راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕان-ەوە

29/07/2018

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: پشتگیری تەواوی خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتییانەی هاوڵاتیان دەکەین و داواکارین حکومەت بەزوترین کات بەدەنگ داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت، هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان داوادەکات هەمو لایەنە سیاسیەکان و حکومەتی عێراق پابەند بن بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوینەران و دادگای فیدڕالی سەبارەت بە بژاردنەوەی تەواوی دەنگەکان و هەڵوەشاندنەوەی ساختەکارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، لە پێناو رێزگرتن لە دەنگی راستەقینەی خەڵک و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دەستور و یاسا کارپێکراوەکان.

دەقی راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان
‎سەرەڕای هەموو قەیرانە سیاسی و ئەمنی و یاساییەکان، ئەمڕۆ گەلانی عێراق بەدەست نەبونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن هەر لە نەبونی ئاو و کارەبا و خراپی دۆخی تەندروستی تا دەگاتە  هەژاری و بێکاری وداڕمانی ژێرخانی ئابوری، ئەمەش لە لایەک دەرئەنجامی تەشەنە کردنی گەندەڵیە، لە کۆی جومگەکانی حکومڕانییدا، لە لایەکی ترەوە نەبونی ئیرادەو خەمێکی نیشتیمانیە بۆ چارەسەرکردنیان، کە تەنها هاوڵاتیان باجەکەی دەدەن. ئەمڕۆ خەڵکی عێراق لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشور لە بەغداد و نەجەف و کەربەلا و بەسرە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و داوای مافەسەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن.

‎ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەک چۆن بەردەوام لە بەرەی خەڵکدا بوین، پشتگیری تەواوی خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتییانەی هاوڵاتیان دەکەین و داواکارین حکومەت بەزوترین کات بەدەنگ داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت و کار بۆ دابینکردنیان بکات و گەندەڵکاران و بەرپرسە کەم تەرخەمەکان بەسزا بگەیەنێت.

 لە هەمان کاتدا بەتوندی ئیدانەی هەر هەڵسوکەوتێکی ناشارستانی دەکەین کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و موڵکی دەوڵەت بگەێنێ، شکاندن و تاڵانکردن وسوتاندنی موڵکی گشتی و موڵکی تایبەتی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان، جگە لەوەی کەلتورێکی ناشرینە، ئەویش شێوازێکی تری گەندەڵییە.

‎هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان داوادەکات هەموو لایەنە سیاسیەکان و حکومەتی عێراق پابەند بن بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە بژاردنەوەی تەواوی دەنگەکان و هەڵوەشاندنەوەی ساختەکارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، لە پێناو رێزگرتن لە دەنگی راستەقینەی خەڵک و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دەستور و یاسا کارپێکراوەکان، پێمانوایە جێبەجێ نەکردنی ئەو بڕیارانە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات و قەیرانەكانیش قوڵتردەكاتەوە.

‎بزوتنەوەی گۆڕان
١٤/٧/٢٠١٨


هەواڵی زیاتر